فەرموودەی (15): گەورەترینی تاوان و گوناهە گەورەكان
5/6/2024 12:46:04 PM
|
336 بینراو
پەندو وانەی ئەم فەرموودەیە:
ئەم فەرموودەیە چەند پەندو وانەیەكی لێ وەردەگیرێت:
یەكەم: دەری دەخات كە لە ناو گوناه و تاوانە گەورەكاندا، هەندێكیان زۆر گەورەترن، وەك ئەو سییانەی لێرەدا باسكراون: هاوەڵدانان بۆ خوا، ئازاردانی دایكو باوك، گەواهیدانی درۆو ناڕاست.
دووەم: دەری دەخات كە لە نێو جۆری بێ بڕواییەكانیشدا (هاوەڵا بڕیاردان بۆ خوا) لە هەموویان تاوانترە. دیارە مەبەست لە هاوەڵدانان تەنها بتپەرستی نیە، بەشێكی(شیرك)و هاوەڵدانان بۆ خوا ئەوەیە كە كەسێ مل بە شەریعەتی ئیسلام نەداو بەرنامەیەكی تر غەیری بەرنامەی خوا كە دژ بە ئیسلام بێ ــ قبوڵ بكات ــ ئەمە بەشێكە لە هاوەڵدانان بۆ خوا، لە لایەنی حاكمیەتو شەریعەتو بەرنامەی ژیانەوە، كە لەم سەردەمەدا زۆر كەس تووشی هاتووە..
كەواتە دەبێ موسڵمان هەم (فەریادڕەسیی) خوای قبووڵا بێت، هەم (فەرمانڕەوایی) خوای گەورە.
سێیەم: هەروەها لەم فەرموودەیەوە تێدەگەین كە گەورەترین تاوانی بواری ڕەوشتییو كۆمەڵایەتیی، ڕەنجاندنی دڵی دایكو باوكو نابەدڵیكردنیانە. چۆن لە لایەنی بیروبڕواوە هاوەڵدانان بۆ خوا، تاوانی ژمارە یەكە، لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە، یەكەم تاوانی گەورە ئەوەیە، بۆیە لە تەنیشت یەكدان.
دیارە ڕەنجاندنی دایكو باوكیش چەندین نیشانەی هەن، وەك: ئازاردانی دەرونییان، قسە شكاندنیان، خەرجو نەفەقە نەدانیان، ڕێز لێنەگرتنیان، قسە پێگوتنیان، ئازاردانی جەستەییان، قسەی زبرو توندو ناشایستەكردن لەگەڵیان.. هتد.
بەداخەوە ئەم تاوانە زۆر گەورەیەش هەندێ جار پێی نازانرێو زۆر كەس تووشی دێو گوێی لێ نیە.
چوارەم: پاش ئەوانە گەورەترین تاوانی زمان، باس دەكات، كە شایەتیدانی درۆیە، واتە درۆكردنە لە كاتی گەواهییو شایەتیدان لەسەر پرسو كێشەیەك، كە ببێتە هۆی هەق بەناهەق لەقەڵەمدان، یان بە پێچەوانەوە، بەجۆرێك كە مافی كەسانێكی بێ تاوان تیا بچێ، یان گرفتی بۆ دروست ببێ.
پێنجەم: وانەیەكی تر كە لەم فەرموودەیە وەردەگیرێ ئەوەیە كە موسڵمانانی یاوەری پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم)زۆر بە پەرۆش بوون بۆ ئەوەی كە پێغەمبەری خوا ناڕەحەت نەبێ، لە كۆتایی ئەم فەرموودەیەدا كاتێ پێغەمبەری خوا زۆر دوبارەی كردەوە: ئاگاتان لە شایەتیدانی درۆ بێ، موسڵمانانی كۆڕەكە وتیان: خۆزگە بێ دەنگ دەبوو! بە واتای ئەوەی خۆزگە هێندە ناڕەحەت نەدەبوو، واتە لە بێزاریی خۆیان لە دووبارەكردنەوەكانی پێغەمبەر نەبووە ــ وەك هەندێ كەس بە هەڵە وای تێدەگەن ــ بەڵكو خەمخواردنو خۆشەویستییان بووە بۆ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم)، كە زۆر ناڕەحەت بووە لە تاوانی شایەتی درۆو دووبارەی كردۆتەوە.