دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

دەقی وتارى پێشكەشكراو لە كۆنگرەی شەشەمی یەكیەتی زانایانی جیهان، لە شارى (دەوحە)ی پایتەختی قەتەر, لە (6-11/1/2024ز)

2/17/2024 11:39:17 PM   |   342 بینراو
دەقی وتارى پێشكەشكراو لە كۆنگرەی شەشەمی یەكیەتی زانایانی جیهان، لە شارى (دەوحە)ی پایتەختی قەتەر, لە (6-11/1/2024ز)
   د.. عومەر عەبدولعەزیز، هەرێمی کوردستان - عێراق

کاریگەريی سۆشیال میدیا لەسەر شێواندنى خێزان و گەنجان

بە ناوی خوای میهرەبانی بەخشندە
    برایانی خۆشەویستم! خوشکانی بەڕێزم!
    ڕێگەم بدەن لە سەرەتاوە سڵاوو ڕێزی نەوەكانی سەرکردەی گەورە صەلاحەدین ئەیوبی ڕزگارکەری قودس و ئەقصاو ڕووخێنەری داگیركارانی خاچپەرستانتان پێبەگەیەنم. بە ناوی برا کوردەکانتانەوە لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق قسەتان لەگەڵ دەکەم، کە - وەک باقی خەڵکانی ئوممەتی ئیسلام - لە نزیکەوەو بە بایەخەوە بەدواداچوون دەكەن بۆ پێشهاتە مەترسیدارەکانی سەر گۆڕەپانی فەلەستین، بە تایبەت بارودۆخی مەیدانیی لە کەرتی غەززە.
    بۆیە بە ناوی خۆم و براو خوشكانم لە شاندی یاوەرمان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی برا موجاهیدەکانمان لە غەززەو فەلەستین دەکەم، بۆ ئۆپەراسیۆنە قارەمانییەکانیان و بەرخۆدانی ئازایانەیان، کە هیوادارین بە تاجی پاڵپشتی و سەرخستنی ئیلاهیی ــ پشت بەخوا ــ بنەخشێنرێت. داواکارین لە خوای گەورە كە ڕەحم بە شەهیدەکانیان بکات و پلەو پێگەیان بەرز بکاتەوە و بریندارەکانیان شيفا بدات.
   بەڕێزان! ئێمە بە توندیی تاوانەکانی قەوارەی داگیرکەری زایۆنیستی و هێرشی بەردەوام بۆ سەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان ــ بە تایبەت لە کەرتی غەززەی سەربەرز ــ ئیدانە دەکەین و بە تەنیا ئەو قەوارە داگیركارە لە پەرەسەندنی مەترسیدارو پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی مافەکانی گەلی فەلەستین، بە بەرپرسیار دەزانین . هەروەها بە توندی ئیدانەی بێدەنگیی ئابڕووبەرانەی نێودەوڵەتی و پیلانگێڕییەکانی ئەوانەی دەمامکی ساختەیان هەیەو شکستی زۆربەی ڕژێمەکان دەکەین، کە ئەگەر نەیانتوانی سوپاکانیان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی غەززە کۆبکەنەوە، دەیانتوانی بە لای كەمەوە هەڵوێستێکی یەکگرتوو بگرنە بەر، بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتیانی مەدەنیی، لەو کارەساتە مرۆییەی کە بەسەریاندا هاتووە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی شایستەی وڵاتی قەتەر دەکەین، کە هەمیشە بۆ پشتیوانی بەردەوامی بۆ دۆزی فەلەستین و گەلەکەی هەڵوێستی جیاواز بووەو هیوای پشتیوانیی زیاتری لێئەكەین.
  پاشان، 
   لای بەڕێزتان شاراوە نییە كە ئیسلام بایەخی زۆری بە پرەنسیپی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکانی مرۆڤ داوە، بە تایبەت لە نێوان ئەندامانی یەک کۆمەڵگا، بۆیە خوای گەورە ئاشنابوونی نێوان گەلان و هۆزەکانی کردووە بە یەکێک لە ئامانجە بەرزەکان، لە چوارچێوەی ئامانجەکانی سیستەمی بەها ئیسلامییەكان.
    لەم وتارەمدا پشت بە خوا هەوڵ دەدەم كە ڕۆشنایی بخەمە سەر دیاردەی کاریگەریی ئامرازە مۆدێرنەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانمان، هاوکات هەوڵ دەدەم تیشکێك بخەمە سەر هەندێک هەنگاوو ڕێکاری چاکسازیی بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییە سلبییەکانی ئەو ئامڕازانە.
   تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چین؟:
   لەم بابەتەدا مەبەستم لە سۆشیال میدیا پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنیەکان و ئەو بەرنامانەیە كە پەیوەندییان بە هاوڕێیەتی تاکێکەوە هەیە لەگەڵ کەسانی تر، وەک: فەیسبووک، تێلێگرام (x)، واتسئەپ، تیک تۆک، ڤایبەر، یوتیوب، سناپچات، تویتەرو بەرنامە هونەرییە نوێیەکانی تر.. ئەمانە لە ژیانی هاوچەرخماندا - چ بە شێوەیەکی نەرێنی، چ بە شێوەیەکی ئەرێنی - ڕۆڵێکی کاریگەر لە ژیانی تاک و خێزاندا دەگێڕن.
   هەموومان ئاگادارین كە ژیانی کۆمەڵایەتی یەکەی خێزان لە جیهاندا شایەتی گۆڕانکاریی گەورە بووە، لە ڕووی پەیوەندیی ئەندامەکانی لەگەڵ یەکتر، بەو پێیەی بەکارهێنەرانی ئەم ئامرازانە توانیویانە بە هەر شێوەیەك دەیانەوێت بە بێ سانسۆرو لەگەڵ هەرکەس لە بەکارهێنەرانی ئەو ئامڕازانە ــ لە هەر شوێنێک بن ـــ پەیوەندیی ببەستن، چ بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و وێنە، یان بۆ ناردن، یان وەرگرتنی هەرچی بیانەوێت، بە شێوەیەك كە بازنەی پەیوەندییەکان کاریگەریی لەسەر تاک و گرووپەکان ناوەو دایانبڕیون لە فەزای خێزان و کۆمەڵگەی نزیکی خۆیان. 
   کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
   گومانی تێدا نییە كە دیاردەی زیادەڕۆیی لە چوونە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بووەتە گرنگترین مەترسی لەسەر سیستەمی خێزان لە جیهاندا، بە ڕادەیەك کە قەیرانێك سەری هەڵداوە، دەتوانین ناوی بنێین (قەیرانی نەوەی هاوچەرخ)، سەرەڕای لایەنە ئەرێنییەکانی ئەو تۆڕانەو ئەو ئاسانکارییە زۆرەی پێشکەشیان كردووە بە بواری پەیوەندییەكان، بەڵام مامەڵەی نادروست و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیاندا، بووەتە هۆی چەندین کێشەی هاوچەرخ، چ لەسەر ئاستی تاکەکان، یانی خێزانەکان، یان کۆمەڵگەکان لە جیهاندا، لەوانە: 
   یەکەم: کاریگەری نەرێنی فیکریی لەسەر ئەندامانی خێزان، لە ڕێگەی دزەکردنی بیرۆکەو تێڕوانین و شێوازی ژیانی سەیرو سەمەرەو نامۆوە، کە زۆربەیان پێچەوانەی ئاراستەكانی ئاینی ئیسلامن. 
   دووەم: كەمبوونەوەی دیاردەی پەیوەندیی ئاسایی لە نێوان خزمانداو كەمبوونەوەی سەردان و هاموشۆی نێوانیان.
   سێیەم: ڕاهاتن بە گۆشەگیریی و ئالوودەبوون بە تەنهایی و كەنارەگیریی، سەرەنجام تووشبوون بە دڵەڕاوکێی دەروونیی بەردەوام و دەردی خەمۆكیی.
   چوارەم: پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان ئەندامانی خێزان و دۆزینەوە یان گەڕان بە دوای بەدیلدا، لە نموونەی پەیوەندییە قێزەون و نامۆ کۆمەڵایەتییە مەجازیی و خەیاڵییە ناسروشتیەكانی خۆرئاوا.
   پێنجەم: زیادبوونی دیاردەی ساردیی لە پەیوەندیی نێوان هاوسەرەکاندا، هەروەها پەرەسەندنی حاڵەتەکانی بۆشایی ڕۆحی و دەروونیی، کە زۆربەی کات دەبێتە هۆی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
   شەشەم: کاریگەریی لەسەر ڕەفتارو داب و نەریتەكان، هەروەها زیادبوونی شێوازی ڕەفتاری نەشیاو لە کۆمەڵگا موسڵمانەکانماندا، بەتایبەتی لەنێو گروپە گەنجەکاندا.
   جا، هەرچەندە شێوازی زۆربەی سیستەمە ئەوروپییەکان گرنگیی بە ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی نادەن، بەڵام سیستەمی ڕۆژهەڵاتی - بە تایبەتی سیستەمی ئیسلامی - خەمی خێزان و یەکگرتوویی و پاراستنی بنەماو بەهاکانی هەیە، کە لە یاسا ئیلاهییەکانەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. چەندین لێکۆڵینەوەی زانستیی و مەیدانیش سەلماندوویانە کە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پەیوەندیی و (سۆشیال مییدیا) کاریگەری نەرێنی زۆریان لەسەر کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات هەبووە، تەنانەت بوونەتە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سروشتی پەیوەندیی نێوان تاکەکان لە خێزانەکانداو سەرهەڵدانی دیاردەی نەرێنی جۆراوجۆر، وەک ئەوانەی باسمان کردن، جگە لە دابڕانی خێزانی و کۆمەڵایەتی، زیادبوونی حاڵەتەکانی خەمۆکی زۆرێك لە تاكەكان، نەمانی ئاسایشی خێزان، کەمبوونەوەی دەرفەتی هاوسەرگیری، زیادبوونی حاڵەتەکانی قەیرەیی و زیادبوونی حاڵەتەکانی شەڕو ناکۆکی خێزانی، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبێتە هۆی جیابوونەوەو لەدەستدانی دیالۆگ و پەیوەندی نێوان ئەندامانی یەک خێزان و بەفیڕۆدانی دەرفەتە بەنرخەکان لە ژیانی تاکەکاندا بەتایبەت لە نێوان گەنجاندا.
   لە سەرێكی ترەوە لە زۆر حاڵەتدا منداڵان و مێردمنداڵان لاسایی دایک و باوکیان دەکەنەوە لە زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دایک و باوک کۆنترۆڵی خۆیان لەدەست بدەن. ئەوەش دیارە كە لاساییکردنەوەو چاوبڕینە کردارەکان، پێش گوێگرتن لە وشەکان دێت، ئەمە خۆ ئەگەر دایک و باوک لە بنەڕەتدا قسەیەكیان لەسەر بابەتەکە هەبێت.
    گومانی تێدا نییە کە ئەم دۆخ و ستایلە بۆ ئوممەتی ئێمە زۆر نامۆیە، چونكە ئێمە لە بنەڕەتدا جیاوازین لەگەڵ مەنزومەی سیستەمی ماددی ڕۆژئاوایی، سیستەمی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە سیستەمە بنەڕەتییەکانی ناو سیستەمی ئیسلامی، خێزانیش یەکەم ناوکی پێکهاتن و بناغەی بنەڕەتی هەموو کۆمەڵگایەکەو ڕۆڵێکی جەوهەریی لە یەکگرتوویی ئەندامانی کۆمەڵگادا دەگێڕێت، بۆیە تا ئەو كاتەی ئەندامانی خێزان یەکگرتوون، پایەکانی کۆمەڵگاش دامەزراوو تۆكمەو یەکگرتوون.
لە ڕوویەكی ترەوە، گومانی تێدا نییە کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەکانی جیهانگیریی و گۆڕانی شارستانییەتی مۆدێرن، بووەتە هۆی سەرلێشێواوی لە خێزانەکانداو درزێکی گەورەی لە پێکهاتەکەیاندا دروست کردووە، بۆ نموونە: تاوانکاریی مێردمنداڵانی نێر و مێ و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان زیادی کردووەو لە زۆر وڵات دواکەوتن لە خوێندن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان لە نێویان گەنجاندا بە شێوەی مەترسیدار زیادی كردووە، بێجگە لە چەندین کێشەی دیکە.
     هەنگاو و ڕێکارەکانی چارەسەرکردن:
    بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی نەرێنی پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا لە نێوان ئەندامانی خێزانە موسڵمانەکان و كاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە، پێویستە هەنگاو و ڕێوشوێنی کردەیی بگیرێتە بەر، لەوانە:
   یەکەم: داڕشتنی پلانێکی زانستیی بۆ فلتەرکردنی سایتە پۆرنۆگرافییە تێکدەرەكان لە ئینتەرنێتی ماڵەكاندا، هەروەها دانانی نەرمەکاڵای کۆنترۆڵکردن لە لایەن دایک و باوکەوە، بە هاوکاری پرۆگرامی (Safe Search) بۆ بەڕێوەبردنی ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکان، کە لە پرۆگرامی (گوگڵ)دا بەردەستە. بەڵام ئەمە دەبێت بە قەناعەت و لێکتێگەیشتن لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا بکرێت. یەکێک لە بناغە پێویستەکان ئەوەیە کە قورئانی پیرۆز بە پاراستنی خێزان لە دۆزەخ ناوی دەبات، لە وتەی خوای گەورە كە دەفەرموێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا) التحريم/6: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە! خۆتان و خێزانەکانتان لە ئاگر بپارێزن، لە ئاماژەیەكی ناسكدا بۆ گرنگیی فاکتەری پەروەردەی خێزان، گومانی تێدا نییە کە دوورکەوتنەوە لە گوناه و سەرپێچیەکان یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆپارێزیی و خۆپاراستن لە دۆزەخ و سزای خوا.
   دووەم: پێویستە دایک و باوک بەرنامەیەکی ناوبەناو یان مانگانەیان هەبێت بۆ چوونە ناو ماڵپەڕە بەسوودو شەرعیی و زانستیی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی و وەرزشیی و سیاسییەکان، بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی خێزان، بەو مەرجەی حەزو مەیلی دروستی هەمووان ڕەچاو بكرێت، بە دانانی خشتەیەكی سووڕاو کە لەگەڵ خواستی هەموو ئەندامانی خێزانەکەدا بگونجێت. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ یەکگرتوویی خێزان و تۆكمەكردنی پەیوەندیی نێوان ئەندامانی خێزان و دەبێتە هۆی بەشداریکردنیان لە دیاریکردنی ناوەڕۆکی ئەو ماڵپەڕانەی کە سەیر دەکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن سوودی لێ وەربگرن و لە لایەنە نەرێنییەکانی دوور بکەونەوە.
   سێیەم: پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی خێزانیی، کە تیایدا سەرۆکی خێزان ناوبەناو خێزان و منداڵەکانی بیربخاتەوە، بە شێوەیەکی ئارام و زانستی، دوور لە گرژیی و هەڵچوون، هەروەها فێریان بکات كە چۆن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانەو دروست، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن و زیانەکانی چوونە ناو سایتە پۆرنۆگرافی و بێماناکان کە لە لایەن دامەزراوە گوماناوییەکانەوە دروستکراون ڕوون بكاتەوە.
   چوارەم: زیادکردنی ڕادەی مانەوەی دایک و باوک لە ماڵەوەو لە نێو ئەندامانی خێزاندا. سەرۆکی خێزان کە زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوەی ماڵەوە بەسەر برد، کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و ئاگاداری زانیاریی و بارودۆخی دەوروبەری خێزانەکەی نابێت. پێشەوا ئەحمەد و ترمذی لە عوقبە بن عامر (خوا لێی ڕازی بێت) گێڕاویانەتەوە کە لە پێغەمبەری خوای پرسی صلى الله عليه وسلم: ڕزگاریی لە چیدایە؟ فەرمووی: (أمْسِكْ عليكَ لِسانكَ، ولْيَسَعْكَ بيتُكَ، وابْكِ على خطيئتك): زمانت بگرە، ماڵەكەت لە خۆیت بگرێت، (واتە: بۆ پێویستیی نەبێت لە ماڵ دەرمەچۆ)، بگری بۆ گوناهێكیش كە ئەنجامی دەدەی). دیارە ئەو کەسەی ماڵەکەی لە خۆی بگرێت، ئاگاداری بارودۆخی خێزانەکەی و ژینگەی ماڵەکەی دەبێت، دەشزانێت مافەكانی چین و ئەو ئەركانەش كە وان لەسەری چین. 
   پێنجەم: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادەڕۆیی لە چوونە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە ئارامیی و سۆزو میهرەبانی لە نێوان هاوسەران و ئەندامانی خێزاندا دەستەبەر بكرێت. هەروەها ناو ماڵ پێویستی بە مامەڵەی ئەرێنی لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا هەیە. ئاراستەو ڕێكارەكانی ئیسلام زۆر جەختیان لەسەر ئەم خاڵە کردووەتەوەو لە ژیاننامەی پێغەمبەری ڕەحمەتی خوای گەورەدا صلى الله عليه وسلم بەرجەستە بووە.
   لە نیشانەو بەڵگەکانی خوای گەورە ئەوەیە کە ئارامیی و سۆزو میهرەبانیی لە نێوان هاوسەراندا دروست کردووە، فەرموویەتی: [ومن آياته أن خلق لكم من أنفسكم أزواجا لتسكنوا إلیها، وجعل بينكم مودة ورحمة، إن في ذلك لآيات لقوم يتفكرون] الروم/21: لە بەڵگەو نیشانەکانی خوا ئەوەیە كە لە خودی خۆتان هاوسەری بۆ بڕیار داون, تا لەگەڵیاندا ئارام بگرن، هەروەها خۆشەویستی و سۆزو میهرەبانیی خستووەتە نێوانتانەوە، بەڕاستی لەوەدا بەڵگەو نیشانە بۆ ئەو کەسانە هەیە کە بیردەكەنەوە. لە سەرچاوەكانی (السنن)يشدا لە عائشەی دایكی باوەڕدارانەوە (خوا لێی ڕازی بێت) گێڕڕاوەتەوە كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: (خيركم خيركم لأهله، وأنا خيركم لأهلي): باشترینی ئێوە ئەو كەسەیە كە باشترینە بۆ خێزان و كەسوكارەکەی، منیش باشترینی ئێوەم بۆ خێزان و كەسوكارەکەم. 
   گومانی تێدا نییە کە ئەم پایە ڕەفتارییە بەرزە یەکگرتوویی ناو خێزان زیاد دەکات و ئەندامانی خێزان لە لادان و کەوتنە ناو هەنگاوی هەڵەو بەفیڕۆدانی كاتە بەنرخەكان لەگەڵ پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکان دەپارێزێت.
شەشەم: دابینکردنی پرۆسەی خوێندن و گەشەپێدانی مەعریفی و دەرفەتی پێگەیشتن بۆ منداڵان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ حەزو خواستە ڕەواکانیان بگونجێت، هەروەها هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بەهرەو تواناکانیان، بەپێی بارودۆخی خێزان و هەلە بەردەستەکان.
حەوتەم: دابینکردنی پێداویستییە ماددییەکانی ئەندامانی خێزان، بۆ ئەوەی منداڵەکان هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشیی بکەن، چونكە (خزمەت ــ كە بە هەژاران دەكرێت ــ خێرێكە، بەڵام بۆ خزم و كەسی نزیك دوو جار خێرە: جارێك خێرەو پاشتی لەسەرە، جارێكیش صیلەی ڕەحم و خزمایەتییە)، وەک پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی .
    ئەوەی قورئانی پیرۆز جەختی لەسەر کردووەتەوە ئەوەیە کە مامەڵەی شایستە لەگەڵ هاوسەران و نیشتەجێکردنیان و دابینکردنی ڕزق و ڕۆزی و جلوبەرگ بۆیان، لە ئەرکە سەرەتاییەکانی سەرۆکی خێزانە، خوای گەورە دەفەرموێت: [وعاشِروهُنّ بالمَعروف]: لەگەڵ هاوسەرەكانتان بە ڕەفتاری پەسەند مامەڵە بكەن. هەروەها دەفەرموێت: [أَسكِنوهُنّ مِنْ حيثُ سَكنتُم مِنْ وُجْدِكُم]: خۆتان لە كوێ نیشتەجێن، ئەوانیش بەپێی تواناتان لە هەمان شوێن نیشتەجێ بکەن. هەروەها دەفەرموێت: [وعلى المولودِ لَه رِزقُهنّ وكِسوتُهنّ بالمعروف]: دابينكردنى ڕزق و ڕۆزیى و پۆشاك بۆ دایكی منداڵان لەسەر باوكە. هەروەها ئەبوداود بە سەنەدێكی صەحیح دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: (كفى بالمرءِ إثما أن يُضَيِّعَ مَنْ يَقُوت): بەسە بۆ تاوانباریی مرۆڤ، مافی ئەو كەسانە زایە بكات كە بژێوییان لەسەر ئەوە. مافزایەكردنیش بە هۆی پشتگوێخستن لە پێدانی خەرجییەکان ڕوو دەدات، هەروەها بە هۆی خەم نەخواردن بۆ ئەندامانی خێزان، بە هەر هۆكارو بیانوویەك.
    بەم شێوەیە دەركەوت كە زیادەڕەویی لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیاو (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان)دا دەبێتە هۆی زیانی زۆر، گرنگترینیان ئەوانەن کە باسمان کردن، بۆیە باسی گرفتاربوون بەدەست ئەو بابەتانەوە لە ئێمەوە زیادەڕەویی تێدا نییە، بەڵکو بووەتە واقیعێک کە زۆربەی کۆمەڵگا مرۆییەکان بەدەستییەوە دەناڵێنن، سەرەڕای هەوڵدان لە کۆمپانیاکانی پەرەپێدانی ئەو شتانەوە، بۆ شاردنەوەی ئەم ڕاستییە، یان کەمکردنەوەی مەترسییەکانی.
   ئەوەش بڵێین هەرچەند زۆربەمان زیاتر بە نەرێنی باسی سۆشیال میدیا دەکەین، بەڵام گومانی تێدا نییە کە لایەنی ئیجابیی و ئەرێنیشی هەیە، بە تایبەتی لە ڕووی باسکردن و بڵاوكردنەوەی زۆر بابەتی بەسوودەوە، وەك لایەنی تەندروستی، کۆمەڵگا، سیاسەت، هونەر، ئابووری، بەرهەمهێنان، پەیوەندییە گشتیەکان و شتانی تری لەم بابەتە.
     ئەمە بە كورتی چەند سەرەقەڵەمێك بوون دەربارەی كاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر تاكەكان و خێزان و كۆمەڵگاكان، گومانی تێدا نییە كە بابەتەکە پێویستی بە توێژینەوەی زانستیی و زانیاریی مەیدانیی و ئاماری زۆرتر هەیە کە بە كاری شیکاریی و توێژینەوە پشتگیری بکرێت، خوا پشتیوانی هەموو لا بێت.. والسلام علیكم ورحمة الله وبركاتە.
 



بابەتی زیاتر...

12
 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
         :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر