دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

زنجیرەی مێژووی ڕێكخراوە كوردییەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیست ئەڵقەی (9) حزبی ئیسلامیی كورد، هەڵەبجە، (1933ز)

8/28/2023 9:49:19 PM   |   488 بینراو
ن: د. عومەر عەبدولعەزیز
   لەژێر كاریگەریی شەپۆلی ڕێكخراوە كوردییە زۆرەكانی ئەستەمبوڵ، وەك (ئیتتحادی محەممەدی)‌و (كۆمەڵەی تەعاون‌و تەرەققی كورد) كە سەعید نورسی‌و پیرەمێرد، لە كادیرە باڵاو چالاكەكانی بوون، یان حزبی (هێڤی)‌و (خۆییبوون) كە دواتر دامەزران. ساڵی (1933ز)، حزبێك لە هەڵەبجە بە ناوی (حزبی ئیسلامیی كورد) دامەزێنراوە، كە ئەویش كاریگەریی لەسەر ژمارەیەكی زۆر لە ڕووناكبیرانی پاش خۆیان هەبووە، چ لە باشوری كوردستان، وەك كادیرە سەرەتاكانی حزبی (برایەتی)و حزبی (داركەر)و بە دوایدا حزبی (هیوا). چ لە ناوچەی موكریان‌و خۆرهەڵاتی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی، كە چەندین ڕێكخراویان بەگەڕ خستووە، وەك حزبی (ئیتتیحادی محەممەدی)و (حزبی ئازادیخوازی كوردستان)و دواتر كۆمەڵەی (ژ.ك)، كە لە ساڵانی سەرەتای چلەكاندا لە مەهاباد لەسەر داروپەردووی حزبی ئازادیی دامەزراوەو وەك حزبێكی ئیسلامیی نەتەوەیی كاری كردووەو لە بەرنامەو پڕۆگرامی حزبدا بڕیاری داوە كە (ئیسلامەتی) یەكێك بێت لە چوار پایەكەی حزب، لە كەنار سێ‌ پایەی تردا، واتە بەم جۆرە: (ئیسلامەتی، كوردەواری، شارستانێتی، ئاشتی)!
   محەممەد سەعید بەگی كوڕی سەلیم بەگی جاف، (1902ز- ؟) لەژێر ناونیشانی: (كورتە باسێك دەربارەی چۆنیەتی دامەزراندنی (حزبی یەكێتی) كە بریتی بوو لە (حزبی ئیسلامیی كورد)، لە بیرەوەرییەكانیدا دەڵێت: "لە كۆتایی ساڵی (1933ز) لە شارۆچكەی هەڵەبجە، لە ماڵی ئێمە، من‌و مەلا حەسەنی قازیی- شاهۆی شاعیر، كوڕی مەلا قادری (بیارە)-و عبد الله بەگی ئەحمەد بەگی میرەدێ‌‌و نەجمەدینی كوڕی مەلا ڕەسولی دێلێژەیی، كۆبووینەوەو كەوتینە لێكۆڵینەوە دەربارەی وەزعی ناهەمواری كوردو چەوساندنەوەی، مەنهەجێكمان دانا كە بریتی بوو لە (37) ماددە، دوای ئەوەی كە نەقڵی سلێمانی بووین‌و كەوتینە ئیشكردن، خەڵكێكی زۆرمان ڕاكێشایە ناو حزبەوە، موتەصەرریفی سلێمانی، ئەحمەد بەگی تەوفیق بەگ بوو، هێنامانە ڕیزی حزبەوە، لەگەڵ حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، لەناو جەیشا خوالێخۆش بوو ئەمین ڕەواندزی (كوڕی مەلا حەسەنی ڕەواندوزی)و مستەفا خۆشناوو عیززەت عەبدولعەزیزی شەهیدو نوری ئەحمەد تاهاو نوری ئەمین بەگ‌و محەممەد قودسی شەهید، پەلمان هاویشتە ناو هەموو قەزاو ناحیەكانەوە، ژمارەیەكی زۆر لەناو شورگه هاتنە ڕیزی حزبەوە".
      لە شوێنێكی تردا سەعید بەگ ئاماژە دەكات: كە (ئەمین زەكی بەگ)یش لە بەغدا، لەگەڵ حزبەكەیان بووەو چالاكیی بۆ كردوون. هەروەها باس لەوە دەكات ڕاسپێردراون كە لەگەڵ عبد القادری سەید ئەحمەدی حەڵواچی پەیوەندیی بكەن بە بارزانییەوە بۆ ئەوەی بێتە ڕیزی حزبەكەیانەوە، دوای پەیوەندی پێوەكردنی، ڕەزامەندی دەربڕیوە‌و چۆتە ڕیزی حزبەوە.  شایانی باسە ئەم عەبدولقادرە بە ناوی (ع. أحمد) لە ڕۆژنامەی (كوردستان) زمانحاڵی كۆماری كوردستان، نۆ وتاری هەیە. ناوبراو لە (1911ز) لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، ماوەیەكیش ئەندامی حزبی (برایەتی)‌و (هیوا) بووە، ساڵی (1944ز) لە سلێمانی گیراوە، لە (1946ز) بە عیشقی كۆماری كوردستان چۆتە شاری مەهابادو لەوێ‌ بە حوكمی ئاشنایی بە زمانی كوردیی بۆتە مامۆستا. لە گۆڤارو بڵاوكراوەكانی (گێتی تازە)، (ژین)، (گەلاوێژ)و (كوردستان)، وتارو بابەتی بڵاوكراوەی هەیە. ناوبراو هەندێك جار بە ناوی خوازراوی (ناشاد) بابەتی نوسیوە، ساڵی (1986ز) وەفاتی كردووە.  
   هەروەها حەمە سەعید بەگ ئاماژە دەكات كە لە مانگی مایسی (1942ز) بە پلان‌و فرمانی حزب نێرراوە بۆ خۆرهەڵاتی كوردستان، بۆ بڵاوكردنەوەی بیروبۆچونی ئەو حزبە. ناوبراو لەو بارەیەوە دەڵێت: "حزب بە پێویستی زانی من بنێرێ‌ بۆ خۆرهەڵاتی كوردستان، بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی قیادەیەكی كوردیی‌و داوای مافی كوردایەتی‌و ئازادیی، منیش لە (15)ی مانگی مایسدا، ساڵی (1942ز) چووم، گەشتێكی دوورو درێژم كرد لە خۆرهەڵاتی كوردستانداو گەلێ‌ گەورەی عەشایرەكانم دیت." 
   ئەمە شایەتی كەسایەتییەكە كە ڕۆڵی بنەڕەتیی لە دامەزراندنی (حزبی ئیسلامیی كورد)دا هەبووە، دەكرێت لێرەدا ئەوەش بیر بێنینەوە كە پاش سێ‌ مانگ لەو سەفەرەی ناوبراو بۆ خۆرهەڵاتی كوردستان، واتە لە (16)ی ئابی (1942ز) حزبی (ژێ‌، كاف) (ژیانەوەی كوردستان)، لە شاری مەهاباد ڕاگەیەنراوە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو بۆچوونە بخەینە ڕوو كە هەندێك لە نووسەرو توێژەران پێیان وایە كە "دەوری كوردی نەتەوەیی عیراقی، لە دامەزراندنی كۆمەڵەدا، یەكێكە لە نهێنییە بچوكەكانی مێژووی بزوتنەوەی كورد.. لە ڕاستیدا هەموو شتێك ئەوە دەردەخات كە ئەم بزافە (ژێ‌. كاف) سەرەتا بە دامەزراندنی (كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد) لە لایەن مەحمود جەودەت (زەنگەنە) لە سلێمانی دەستی پێ‌ كرد."
   لە سەرێكی ترەوە مەلا حەسەنی قازی، كوڕی مەلای گەورەی بیارە (مەبەست شاهۆی شاعیرە)، ڕۆڵێكی بنەڕەتیی لە دامەزراندنی حزبەكەدا هەبووە، بە بەڵگەی ئەوەی كە مەلایەكی زۆر خوێندەوار بووەو حەمە سەعید بەگی جاف خوێندەواریی یەكی سەرەتایی هەبووە، هەرچەند خودی حەمە سەعید بەگیش بە تەوازوعەوە لە جێیەكی بیرەوەرییەكانیدا دان بەوەدا دەنێت‌و دەڵێت: "حزبەكە مەلا حەسەنی قازی دروستی كرد." 
   ئامانجی سەرەكیی حزبەكە دروستكردنی حكومەتی كوردیی بووە. محممەد سەعید بەگ دەڵێت: "بەرنامەكەمان ئیسلامیی بوو بۆ تەرەققی كورد، هەدەفمان دروستكردنی حكومەتی كوردیی بوو."
   لە ڕووی ژمارەی ئەندامان‌و باری ئابوری‌و هەندێك زانیاریی ترەوە: حزبەكە دوو هەزار ئەندامی لەخۆگرتووە، بڵاوكراوەی ناوخۆی هەبووە، ئابوونەو یارمەتی تێدا كۆكراوەتەوە. شێخ مەحمودی مەلیك لێی ئاگادار بووەو پێی خۆشبووەو بەرنامەی حزبەكەی پەسەند كردووە.. ئەندام بە قورئان سوێندی خواردووە كە نابێت خیانەت بكات، هەمان ئەو مەنهەجەی كە دواتر لای (ژێ. كاف)یش دووبارە بۆتەوە. نوێنەرو كادریان ناردووە بۆ خۆرهەڵاتی كوردستان بۆ چالاكیی، هەر لەوێش ئەندامیان هەبووە. لە ئەندامە ناسراوو دیارەكانیشی: نوری شاوەیس، مەلا جەلالی توتنچی، عبد القادری سید ئەحمەد، خەلیفە عەلی بەسێی مەنمی لە كەركوك، شێخ مەعروفی قەرەداغی، عیززەت كابان، ئەحمد شوكری (د.شۆ)، حەمەی تاپۆ، مەلا ئەسعەدی مەحوی، شێخ حسام الدینی باخەكۆنی (هەورامان)، گیوی موكریانی، ئەسكەندەر بەگی ئێناخی لە كرماشان، ئەحمد بەگی تەوفیق بەگی موتەصەرریفی سلێمانی، بابا شێخی باشچاوش، حسین ئەسعەدی ڕەئیس عورەفای زەنگەنەیی، مەحمودی فەقێ‌ حەمەدی هەمەوەندی لە چەمچەماڵ.
   تەمەنی ئەم حزبە پێنج ساڵێكی خایاندووە، سەرەتا بەناوی (حزبی ئیسلامیی كورد)، پاشان بەپێی قسەی محەممەد سەعید بەگ، لەگەڵ جەبهەیەكی تری كوردیی، یەكی گرتووەو ناویان ناوە (یەكێتی ئیسلامیی كورد)، هەروەها دواتر هەموویان تێكەڵ كردوەو لە (1936ز) ناویان ناوە (حزبی برایەتی)، كە یەكەمجار (شاهۆ)- مەلا حەسەنی قازی كوڕی مەلای گەورەی بیارە-سەرۆكی بووە، پاشان شێخ لەتیفی دانساز بۆتە سەرۆكی، وا دیارە دواتر تێكەڵ بووە بە حزبی (هیوا)، چونكە محەممەد سەعید بەگ دەڵێت: "حزبەكەمان تەسلیمی حزبی هیوا كرد."
     گرنگە لێرەدا ئەو ڕاستییە بزانین كاتێك كە (كۆمەڵەی برایەتی) دامەزرا، بە هەمان شێوەی ڕێكخراوە هاوشێوەكانی ئەو سەردەمە، ئیسلامیبوونی خۆی نەشاردەوەو زۆرێك لە شایەتحاڵەكان ئەو ڕاستییە دووپات دەكەنەوە، د. عبد الستار تایر شریف دەڵێت: "(كۆمەڵەی برایەتی) جگە لەوەی كە كۆمەڵێكی نەتەوەیی بوو، تایبەتمەندییەكی ئاینیشی هەبوو، پشتی بە قورئان دەبەست‌و پابەندبوو بە پرەنسیبەكانی ئیسلامەوە، لەپێناو مافە نەتەوەیییەكانی گەلی كوردو مافی هەژاران تێ‌ دەكۆشا، بڕوای بە برایەتی نێوان كوردان هەبوو بە بێ‌ هۆكاری جیاوازیی ئاین. كۆمەڵەی برایەتی سیاسی بوو ئامانجی ئازادكردنی كوردو كوردستان بوو، چالاك بوو، نەتەوەیی بوو، هەروەها پڕۆگرامی ناوخۆی (كۆمەڵەی برایەتی) جەختی كردبووەوە لەسەر بەربەرەكانێی نەخوێندەواریی لە ڕیزەكانی جەماوەری كوردداو پێی وابوو نەخوێندەواریی بەڵایەكی بڵاوی مەترسیدارەو هۆی دواكەوتنی كوردە لە كاروانی شارستانێتی، هەوڵی دەدا بۆ كردنەوەی قوتابخانەی ڕەسمی لە پاڵ قوتابخانە ئاینییەكانی كوردستاندا، كە بە شێوەی بەربڵاو هەبوون. یەكێك لە هەڵوێستەكانی تری كۆمەڵە، بریتی بوو لە هاوكاریی لەگەڵ ئەو هێزە (سیاسی)یە عەرەبییانەی كە بڕوایان بە كێشەی كورد هەبوو.."
     كەسانێكی تریش باسیان لەم حزبە كردووە، كە زیادە زانیاریمان لەسەری دەدەنێ‌، لەوانە: محەممەد محەممەد ئەمین دەربەندفەقەرەیی لە بیرەوەریی یەكانیدا سەبارەت بەم حزبە دەڵێت: "لە گیانێكی نیشتمانیی‌و هەستێكی نەتەوەییمانەوە، حزبێكی بچوكمان بە ناوی (حزبی برایەتی) دامەزراند، عەزیز پشتیوان‌و ڕەشید باجەلان لە ئەندامانی دامەزرێنەری بوون، بەڵام تەمەنی كەم بوو لەگەڵ (هیوا) تێكەڵمان كرد." 
  (جەمال بابان)یش دەڵێت: "پرۆگرامی كۆمەڵەی برایەتی ئازادكردنی كوردستان بوو، بە تایبەتی لەژێر چنگی ئینگلیز. شێخ لەتیفی حەفید لە ساڵی 1937 بەشدار بوو لە دامەزراندنی ئەو كۆمەڵە سیاسییە." ئاماژە بەوەش دەكات كە محی الدین كوڕی حاجی خدر، ناسراو بە (محی الدین)ی چنارە، ئەندام بووەو بەرپرسی لقی شارباژێڕی حزبەكە بووە، تا كاتێك لەگەڵ شێخ لەتیفی حەفیدو مەلا ئەسعەدی هاوەڵانی ئاوارە بوون‌و بەرەو خۆرهەڵاتی كوردستان هەڵاتوون."
   شایانی باسە ئەم محی الدین چنارەیی یە، زۆر نێزیك بووە لە شێخ مەحمودەوەو دواتر چۆتە مەهابادو بە مەبەستی پیرۆزبایی لە كۆمارو سەركۆماری كوردستان، دیداری لەگەڵ پێشەوا قازی محەممەد كردووە. غەنی بلوریانیش لە بیرەوەرییەكانیدا باسی دەكات كە لە گوندی سیتەكی شارباژێڕ- پاش ڕوخانی كۆماری كوردستان - ناوبراوی بینیوە. موكەررەم تاڵەبانیش لە یاداشتەكانیدا لەسەر حزبی (هیوا)، جەخت دەكاتەوە كە شێخ لەتیف حزبی (برایەتی) دامەزراندو ئەندامانیشی تەنها ڕوناكبیرو مەلاكان بوون. موحەررەم محەممەد ئەمینیش دووپاتی دەكاتەوە كە هەركەسێك بیویستایە ببێت بە ئەندام، دەبوایە لە ماڵی شێخ لەتیفی دانساز، یان خانەقای مەحوی، دەستنوێژێك بشواو سوێند بخوات. (كریس كۆچیرا)یش لە بارەی حزبی برایەتییەوە دەڵێت:"دوو ڕێكخراوی نەتەوەپەروەری كوردی لەخۆ گرتبوو، شێخ لەتیفی كوڕی شێخ مەحمود دایمەزراندبوو، لەسەر هەمان شێوەو شێوازی كۆمەڵەو یانە كوردییەكانی قوستەنتینیە دامەزرابوو.    
)   حزبی برایەتی) ڕێكخراوی تایبەتی سەران‌و پیاوماقوڵانی كورد بوو، جێی لاوانی هەواداری حزبی كۆمۆنیستی عیراق‌و ڕیفۆرمخوازانی گروپی بەغدای تێدا نەدەبووەوە، حزبی كۆمۆنیستی عیراق لە (1934ز) دامەزرا بوو."    
   ڕەنگە لێرەدا پێویست بێت ئاماژە بەوە بكەین، كە ئەم (حزبی برایەتی) یە هیچ پەیوەندییەكی بە حزبی (إخا‌ء) برایەتییەكەی بەغداوە نەبووە، كە (یاسین هاشمی) سەرەك وەزیرانی عێراق‌و ڕەشید عالی وەزیری ناوخۆ، دروستیان كردو هەوڵی زۆریان دا كە لە كوردستاندا پشتیوانی بۆ دروست بكەن، چونكە ئەو حزبە لە ساڵی (1931ز) دامەزرابوو، ئەوەندەش تەمەنی نەبوو، لە كاتێكدا حزبی برایەتی كوردستان لە كۆتایی سییەكاندا دامەزراوەو جیاوازیی نێوانیشیان زۆرە.
سەرچاوەكان:
1- چێشتی مجێور، هەژار.
2 - بیرەوەریی‌و شیعرەكانی محەممەد سەعید بەگی جاف. 
3- ڕۆژنامەی ژین. 
4 - پێشەكی ڕۆژنامەی كوردستان، صدیق صالح.
5- كورد لە سەدەی نۆزدەو بیست، كریس كۆچێرا. 
6- بیرەوەرییەكانی محەممەد سەعید بەگ.
7- گۆڤاری ڕۆژی نوێ‌، ژمارە (3) ساڵی (1)، حوزەیرانی (1960ز).
8- الجمعیات والمنظمات والأحزاب الكردیة، د. عبد الستار طاهر شریف.
9- ڕۆژنامەی  ئاسۆ، عبد الله عەزیز (ئاگرین)، ژمارە:‌ (45)، لە‌( 2/ 6/1990ز).
10- یاداشتەكانی دە‌ربە‌ند فە‌قە‌رەیی.
11- أعلام الكرد، جمال بابان، أربیل، ئاراس (2012ز). 
12- گۆڤاری شارەوانی سلێمانی، ژمارە (27)، محەممەد عبد الرحمن.
13- باسێك دەربارەی حزبی هیوا، موكەررەم تاڵەبانی، خاك، سلێمانی، (2002ز).
14- گۆڤاری ڕۆژی نوێ‌، ژمارە (3)، حوزەیرانی (1960ز).
15-كورد لەسەدەی (19‌و20)، كریس كۆچێرا.
16- سەرجەمی بەرهەمی حوزنی موكریانی.
 



بابەتی زیاتر...

12
 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
         :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر