دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

زنجیرەی مێژووی ڕێكخراوە كوردییەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیست ئەڵقەی (8) جەمعییەتی خۆیی بوون

8/28/2023 9:48:10 PM   |   362 بینراو
ن: د. عومەر عەبدولعەزیز
   كۆمەڵەی (خۆییبوون) ساڵی (1927ز)، لە ئاكامی كۆنگرەی ڕێكخراوە كوردییە سەرەكییەكانی ئەوكاتە، واتە: (كۆمەڵەی تەعالی)، (پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان)، (كۆمەڵەی سەربەخۆیی)، (ڕێكخراوی ئوممەی كوردی)- لە شارۆچكەی (بوحەمدون)ی لوبنان دامەزراو ئەو ڕێكخراوانە هەڵوەشێنرانەوە، بڕیار درا بارەگای سەرەكیی لە دیمەشق بێت، دواتر گوێزرایەوە بۆ شاری حەڵەب‌و (جەلادەت بەدرخان) بووە سەرۆكی.
   لە ڕاستیدا ئەم ڕێكخراوە حزبێكی سیاسی بوو، پێڕەوو پرۆگرامی خۆی هەبوو، سوێندخواردنی ئەندامانی بە پێی شەریعەتی ئیسلام بوو، سوێندی (برایەتی)یان دەخوارد، هەر ئەندامێك پەیمانی دەدا لە پێناوی یەكیەتی گەلی كوردو دامەزراندنی كوردستانێكی سەربەخۆدا، لە خەبات بەردەوام بێت. بڵاوكراوەی (ئاگری)یان دەركرد، بە پێی ڕاپۆرتێكی فەرەنسیی، كە لە (17/9/1931ز)، بە ژمارە: (777-س.ج.ك) لە لایەن فەرماندەی كەتیبەی ئیسناد لە (قامیشلی)یەوە نێردراوەیە بۆ فەرماندەی كەتیبەی ئیسناد لەحەڵەب، لە ماوەیەكی كەمدا (16) لقی كراوەتەوە، لە ناو توركیا، لە شارەكانی: ئەستەمبوڵ، دیاربەكر، سیرت، ماردین، ستور. لە شامیش، لە شارەكانی: دیمەشق، حەڵەب، حەسەكەو بەیروت. لە عیراقیش لە شارەكانی: بەغدا، سلێمانی، كەركوك، ڕەواندوزو زاخۆ. لە ئەوروپاش: لە شاری باریس - كە شەریف پاشا نوێنەرایەتی دەكرد- لە مێشیگان- دیترۆیت: سورەییا بەگی بەدرخان بەرپرسی بوو، بە پێی ئەو ڕاپۆرتە نوێنەرانی شارەكانی بەغداو باشوری كوردستان بەمجۆرە بوون:
  شاری بەغدا: شێخ ئەحمەدی كوڕی شێخ عومەری شێخ سەعید. شاری زاخۆ: حازم بەگ ناوێك كە ئەندامی پەرلەمانی عیراق بووە بە نوێنەرایەتی خەڵكی زاخۆ. شاری سلێمانی: تەوفیق وەهبی. شاری  كەركوك: مەحمود جەودەت. لە ڕەواندوز: شێخ بەروان. ئەم بەڵگەنامە دیكۆمێنتییە لە بەڵگەنامەیەكی تری بەریتانیدا ئاماژە بەوە كراوە كە (خۆییبوون) پەیوەندیشیان بە شێخ مەحمودی حەفیدو شێخ ئەحمەدی بەرزانییەوە كردووە.
   ئەم ڕێكخراوە لە نیسانی (1928ز) دا بەیاننامەیەكی دەركرد، تێیدا ڕەدی ئەوانە دەداتەوە گومانیان خستبووە سەرهۆگریی‌و نیشتیمانپەروەریی ڕێكخراوەكە، بۆیە تێیدا هاتووە: "خۆییبوون ئامڕازێك نیە بە دەستی دەوڵەتێكی بیانییەوە، تاكە ئامانجیشی ڕزگاركردنی گەلی كوردە لە هێرشی تورك. هەروەها كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ. پشتیشی تەنها بەهێزی تایبەتی خۆیەتی." 
   (خۆیی بوون) تەمەنێكی زۆری هەبوو، تا ساڵی (1943ز) لە چالاكیی بەردەوام بوو. دەیان بڵاوكراوەشی بە زمانەكانی كوردیی‌و توركیی‌و عەرەبیی‌و ئینگلیزیی‌و فەرەنسیی، دەربارەی دۆزی كوردو داواكارییەكانیان، بڵاو كردەوە. لوتكەی ئامانجیشی پێكهێنانی دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆ بوو، كە بڕیاریان دا مەڵبەندەكەی گوندی (كورد ئاوا) بێ‌ لە ناوچەی (ئاگری). بۆیە توانی ڕاپەڕینی (ئارارات) لە ساڵانی (1927ز) تا (1930ز) بە فەرماندەیی سەركردەی هەڵكەوتوو ئیحسان نوری پاشا، بەڕێوە بەرێت، كە تیایدا ئاڵای كوردستان بەرز كرایەوە، هەروەها ژمارەیەك لە مەلاو ڕوناكبیر بە والی‌و قایمقام دامەزرێنران.
   شایانی باسە كە لە ساڵانی (1932- 1943ز) گۆڤاری (هاوار) لە لایەن چالاكوانانی ڕێكخراوی (خۆیی بوون)ە وە- بە تایبەتی جەلادەت بەدرخان‌و ڕۆشنا خانمی هاوسەری- بە هەردوو زمانی كوردیی‌و فەرەنسیی لە سوریە دەردەچوو. بەڵام هەڵەیەكی ستراتیژی كە لای هەندێك توێژەر جەلادەت لە ژیانیدا تێی كەوت ئەوەبوو كە بۆ نووسینی كوردی بڕوای بە بەكارهێنانی پیتی لاتینی هەبوو ، بۆیە لە (23) ژمارەی (هاوار)دا بە هەردوو شێوە ئەلفبای عەرەبی‌و لاتینی نووسیویەتی، بەڵام لە ژمارە (24) بە دواوە تا دوا ژمارەی كە ژمارە (57)ـە تەنها لاتینی بەكار هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڤارەكە ڕەسەنایەتیی موسڵمانێتی گەلی كوردی لەبیر نەكردووە، بۆیە لە (30) ژمارەیدا- لە ژمارە (27) تا (57) گۆشەیەكی تایبەت كردبوو بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆزو فەرمودەی پێغەمبەرەوە (درودی خوای لەسەر بێت)، تەنانەت یەكێك لە بڵاوكراوەكانی گۆڤاری (هاوار)، كتێبێكی كامەران بەدرخانە بە ناوی (چەند وانەیەك لە شەریعەت)، كە بە زمانی كوردییە، بەڵام بە پیتی لاتینی چاپ كراوە. 
   ئەمە جگە لەوەی لە ساڵانی (1943 بۆ 1945ز)، لە گەرمەی جەنگی جیهانیی دووەمدا، دووبارە جەلادەت بەدرخان لە دیمەشق، گۆڤاری (ڕوناهی) بە ئەلفبێی لاتینی دەركرد، كە (28) ژمارەی لێدەرچوو، بابەتەكانیشی سیاسی، زمانەوانیی، كۆمەڵایەتیی، گشتیی، بوون.  
سەرچاوەكان:
1- تاریخ كوردستان، م.س.لازاریف، ترجمة: عبدی حاجی.
2- سایتی (نیت كورد)و (كوردی پیدیا).
3- كۆمەڵەو ڕێكخراوە كوردییەكان لە بەڵگەنامەكانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاو فەڕەنسادا، وەرگێڕانی: د. نەجاتی عبد الله.
4- جمعیة خۆیی بوون، كورێ‌ ڕەش.
5- الـأسرة البدرخانیة، د. صلاح هروری. 
6- چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی كورد.. د.كەمال مەزهەر، هەولێر، (2001ز).
7- ژمارە كۆكراوەكانی گۆڤاری (هاوار)، ئا: موحەممەد بەكر ئاغا. سوید، (1987ز).
8- ژمارەكانی گۆڤاری (ڕوناهی)، (1 تا 28).
 



بابەتی زیاتر...

12
 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
         :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر