كۆچكردن بۆ مەدینە وێستگەیەكی گرنگی مێژووی ئیسلام (بەشی نۆیەم )
7/10/2025 9:34:59 PM
|
188 بینراو
(ڕۆڵى ئافره‌تان و به‌شداریكردنیان له ڕووداوى هیجره‌تدا، قورئان و كۆچ و ئافرەتان، ئافرەتە كارەكتەرەكانی پانۆرامای كۆچ)
له یادى به‌سه‌رهاتى كۆچكردندا له مه‌ككه‌وه بۆ مه‌دینه، ئافره‌تان شێرهبهشیان هه‌بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ى ئافره‌تان نازناو و ناونیشانیان بۆ دروست بووه، پیاوان بۆیان دروست نه‌بووه، چونكه له‌ژێر مانا و ناوه‌رۆكى هه‌ر یه‌ك له‌م نازناوانه‌دا داستانێك هه‌یه: (محذّرة النبي)، (ذات النطاقین)، (أول ضعینة في الإسلام)، (ذات الهجرتین) و (صاحبة الشاة) .. ئه‌مانه هه‌موو نازناوى ئافره‌تانێكن كه له بۆنەی هيجرەتدا لە لایه‌نى زانیاریی پارێزیی و هاوكاریی لۆجستیی كۆچكردن و سه‌رشێواندن له دوژمنان و پاراستنى ئاسایش و خزمەت و كارئاسانی بۆ پرۆسه‌ى كۆچى پێغه‌مبه‌رى خوادا (درودی خوای لەسەر بێت)، ڕۆڵی تایبه‌تیان هه‌بووه ... هتد
قورئان و كۆچ و ئافرەتان:
پێش ئاماژه به‌و داستانه پڕ له جوامێرییانه، گرنگه ئه‌وه بزانین كه قورئانى پیرۆز به بایه‌خه‌وه ڕۆڵى ژنانى له كۆچكردندا تۆمار كردووه. ئایه‌ته‌كانى (10) بۆ (12)ى سوره‌تى (الممتحنة) تایبه‌تن به كۆچى ئافره‌تانه‌وه، كه ژماره‌یه‌ك ئه‌حكامى زۆر گرنگیان له‌خۆ گرتووه، وه‌ك: باسى كۆچكردنیان، تاقیكردنه‌وه‌یان، نهگێڕاندنهوهیان بۆ وڵاتیان، پاراستنیان لە دەست نەیار و دوژمنانیان، خه‌رج و نهفهقهكێشانیان، ماره‌بڕینى كچان و بێوهژنانیان، به‌ڵێن و به‌یعه‌تدانیان، بهیعهتوهرگرتنى پێغه‌مبه‌رى خوا لێیان، داواى لێخۆش‌بوونیان لاى خواى میهره‌بان، جگه له‌وه له هه‌موو جێگاكانی تر‌ى قورئاندا كه باس له كۆچكردن كراوه، ئافره‌تانیش ده‌گرێته‌وه.
ئافرەتە كارەكتەرەكانی پانۆرامای كۆچ:
1/ سه‌ره‌تا (محذرة النبي) ــ كه ئاماژه‌مان پێكرد ــــ نازناوى ئافره‌تێكى پیر بوو، كه ته‌مه‌نى له سه‌د ساڵ تێپه‌ڕى بوو، ناوى ڕهقیقه كچى صه‌یفی بوو، ئاگاى له پیلانى سه‌ركرده‌كانى قوره‌یش بوو بۆ كوشتنى پێغه‌مبه‌رى خوا، بۆیه به نهێنیى سه‌ردانى پێغه‌مبه‌رى كرد‌و پێی گوت: من ئاگام له ئاوا پیلانێكه، وا باشه شارى مه‌ككه به‌جێ بێڵیت و كۆچ بكه‌یت، لێره‌وه ناوناوى (محذرة النبي)ـــى به باڵادا بڕا، واته: ئاگاداركه‌ره‌وه‌ى پێغه‌مبه‌ر!.
2/ دووه‌م پاڵه‌وانى ئه‌و ڕووداوە، ئه‌سماى كچى ئه‌بوبه‌كره، ناسراو به (ذات النطاقین)، كه ئه‌م نازناوه‌ش داستانێكى جوامێریی له پشتیه‌وه‌یه. ئه‌سما كچێكى لاوى به بڕوا و وریا و ئازا و نه‌ترس بوو، له سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا هاتووه كه ئه‌بو جه‌هل به ئاماده‌بوونى ده‌یان كه‌س له سه‌رانى قوره‌یش، زۆرى هێنا بۆ ئه‌سما كه ڕاستییه‌كه‌یان پێ بڵێت و ئه‌و شوێنه‌یان بۆ بدركێنێت كه پێغه‌مبه‌رى خوا و باوكى بۆی چوون، به‌ڵام ئەسما هیچى نه‌دركاند، چه‌ندین جار دووباره‌ی كرده‌وه، به‌ڵام گوێى نه‌دایێ، ئه‌بوجه‌هل هه‌ستى كرد كه به‌وه شكۆى شكاوه، بۆیه به‌ده‌م جوێندانه‌وه، به هه‌موو هێزیه‌وه زللـهیهكى دا له ئهسماو كه‌وته سهرزوهى و گواره‌ى گوێی قرتاند، لەگەڵ ئەوەشدا ئه‌سمای دلێر هه‌ر ته‌سلیم نه‌بوو، هیچ نهێنییه‌كى نه‌خسته ڕوو، به پێچه‌وانه‌وه دواتر له ماوه‌ى ئه‌و ڕۆژانه‌دا كه پێغه‌مبه‌رى خوا و ئه‌بوبه‌كر له ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا خۆیان حه‌شار دابوو، ڕۆژانه دەنگوباسی كۆ دەكردەوە و خۆراكى ئاماده ده‌كرد و له تاریكایی شه‌ودا و به ناو ئه‌و به‌رده‌ڵان و زيخ و لمه و كه‌ژ و كێوه سه‌خته‌دا به دزيى چاودێرە سيخوڕەكانى قوره‌یشه‌وه، ئاو و خواردهمهنى بۆ ده‌بردن و هەواڵەكانی ناو شاری مەككە و دەوروبەری بۆ دەگێڕانەوە، گوێیشى له‌وه نه‌بوو كه پێی بزانرێت و ئازار بدرێت.
له سه‌رێكى تره‌وه ژیریی و سه‌لیقه‌ى ئه‌سما له ڕووداوێكى تردا ده‌رده‌كه‌وێت، كاتێك (ئه‌بو قوحافه)ـــى باپیرى ــــ باوكی ئەبوبەكر، كه موسڵمان نه‌بووبوو ــــ ویستى له ڕێی گوشارى ده‌روونیی و خێزانییه‌وه، ناچارى بكات كه هاوكاریی باوكى و پێغه‌مبه‌ر نه‌كات، وتى: "ئه‌سما! من دڵنیام كه ئه‌بوبه‌كرى باوكت هه‌رچى سامانى هه‌یه بردوویه‌تى و درههمێكى بۆ به‌جێ نه‌هێشتوون"! ئه‌سما وتى: "نه‌خێر باپیره، باوكم خێرێكى زۆرى بۆ به‌جێ هێشتووین." چوو هه‌ندێك وردە چه‌وى پانكۆڵهى خسته ناو توره‌كه‌یه‌ك و ڕایوەشاند و ده‌ستى باپیره‌ى خسته سه‌ر تورەكەكە و وتى: "باوكم ئەمەی بۆ به‌جێ هێشتووین". لە باپیرەی وابوو هەموو درهەمن.
دیرۆكى پێبه‌خشینى نازناوى (ذات النطاقین)یش له‌وێوه هاتووە، كاتێك بوخچه‌ى سه‌فه‌ره‌كه‌ى بۆ باوكى و پێغه‌مبه‌رى خوا پێچایه‌وه، پێویستى به په‌تێك هه‌بوو كه ده‌مى بوخچهكهى پێ ببه‌ستێ، له‌و كاته‌دا هیچى ده‌ست نه‌كه‌وت، بۆیه گورج پشتوێنه‌كه‌ى كە بە قه‌دى خۆیەوە بوو، كرده‌وه و لە ناوەڕاستدا هەڵیقڵیشاند و كردى به دوو كه‌رته‌وه، به كه‌رتێكیان ده‌مى بوخچهكهى به‌ست و ئه‌وى تریانى به‌سته‌وه به قه‌دى خۆیدا. پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رمووى: خوا له به‌هه‌شتدا له جێى ئه‌و پشتوێنهت دوو دانه پشتوێنت بۆ دانێ: (أَبَدَلَكِ الڵّهُ بِنِطاقِكِ هَذا نِطاقَیْنِ فِي الْجَنَّةِ) (صه‌حیحى موسلیم، به ژماره: 2545)، له‌و كاته‌وه نازناوى (ذات النطاقین)ـــى پێ به‌خشرا، بۆ خۆیشى دواتر به ناڕهحهتییهكى زۆر كۆچى كرد بۆ مه‌دینه، له كاتێكدا باردار بوو به (عبدالله)ى كوڕى زوبه‌یره‌وه، بۆیه بە عبداللە ده‌گوترێ: یه‌كه‌م له‌دایكبووى كۆچبه‌ران له مه‌دینه.
3/ )أول ضعینة في الإسلام)يش نازناوى ژنه قاره‌مانێكى سێیه‌مه، كه تۆمارێك له جوامێریی له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌وه نازناوى له‌یلاى كچى (أبو حثمة)ـــى قوره‌یشییه، هاوسه‌رى یاوه‌رى پێغه‌مبه‌رى خوا عامرى كوڕى ڕه‌بیعه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له مێژووى ئیسلامدا یه‌كه‌م ژن بووە كه به ته‌نها سوارى وشتر بووە و كۆچى كردووه، ناونراوه (أول ضعینة في الإسلام)، واته: یه‌كه‌م ئافره‌تێك كه له ناو كهژاوهدا و به‌سه‌ر وڵاخه‌وه سه‌فه‌ر بكات، ئه‌م ئافرەته له تاك تاكه موسڵمانه‌كانى مانگى یه‌كه‌مى پێغه‌مبه‌رایه‌تیی بوو، له كۆچبه‌رانى حه‌به‌شه‌ش بوو، له مێژوودا هاتووه كاتێك ویستیان كۆچ بكه‌ن بۆ حه‌به‌شه، عومه‌رى كوڕى خه‌تتاب ــــ كه هێشتا موسڵمان نه‌بووبوو ــــ فرسه‌تى هێنا، له كاتێكدا كه عامرى مێردى له ماڵه‌كه‌یان چووبووه ده‌ره‌وه، چووه سه‌ریان و وتى: "له‌یلا! به ته‌ماى چین؟ وا دیاره به ته‌ماى كۆچكردنن؟ " له‌یلا بوێرانه وتى: " به‌ڵێ، كۆچ ده‌كه‌ین بۆ سهرزهوییهك له سهرزهوییهكانى خوا، كه له‌به‌ر خواپه‌رستیمان ئازار نه‌درێین، چونكه ئێوه ئازارتان داین و ئێمه‌تان چه‌وسانده‌وه، به‌شكو خوا ده‌روویه‌كمان لێ بكاته‌وه". ئه‌و ئافره‌ته یه‌كێك بوو له‌و چوار ئافره‌ته‌ى كه له مانگى ڕه‌جه‌بی ساڵى پێنجى پێغه‌مبه‌رایه‌تیدا كۆچیان كرد بۆ حه‌به‌شه.
ئه‌م ئافره‌ته زۆر ئازایانه كۆچى كرد بۆ مه‌دینه، بۆیه ناونرا: (أول ضعینة في الإسلام)، بۆیه كە چووە تەمەنەوە پێغه‌مبه‌رى خوا زۆر ڕێزى لێ دهگرتو زوو زوو سه‌ردانى ده‌كرد.
4/ چوارەم كارەكتەر له ژنانى ههڵكهوتووى وێستگه‌ى كۆچ، (أم سه‌له‌مه)ى خێزانى (أبو سه‌له‌مه)ى مه‌خزومى یه، كه ساڵێك له مێردى دابڕاو سه‌ره‌نجام شێرانه به ته‌نها كۆچى كرد بۆ شارى مه‌دینه، له ماوه‌ى ئه‌و ساڵه‌داو له‌و گه‌شتى كۆچه‌یدا ئه‌وه‌نده ناڕه‌حه‌تیی بینى، وتى: سوێند به‌خوا! ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر خانه‌واده‌ى (أبو سه‌له‌مه)دا هاتووه، گومان نابه‌م له ئیسلامدا به‌سه‌ر هیچ كه‌سدا هاتبێت: (واَللّهِ مَا أَعْلمُ أَهْلَ بَیْتٍ في الْإِسْلامِ أَصَابَهُمْ مَا أَصَابَ آلَ أَبِی سَلَمَةَ)، شایانی باسە ئەم ئافرەتە دواتر بێوەژن كەوت و پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) خواستی و بووە یەكێك لە دایكانی موسڵمانان. (سیرة ابن هشام، 1/684).
5/ أم معبد، عاتكه كچى خالدى خوزاعى، ناسراو به (صاحبة الشاة)، خاتوونه قاره‌مانى پێنجەمە، ئه‌و ئافره‌ته‌ى كه له سه‌ره‌ڕێى كۆچدا له خێمهكهیدا میوانداریی پێغه‌مبه‌ر و ئه‌بوبه‌كرى كرد و پشتیوانیی لێ‌كردن، به بێ ئه‌وه بیانناسێت. كاتێك ئه‌و به‌ڕێزانه برسییه‌تیی و تینوویه‌تیی زۆرى بۆ هێنان، گه‌یشتنه نزیك خێمه‌ى ئه‌و ئافره‌ته، پێیان وت: "ئه‌مانه‌وێ به كڕین شتێكت لێ بكڕین، به‌رى دڵمان بگرێت". وتى: "هیچم نیه جگه له‌و مه‌ڕه لات‌و لاوازه". پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رمووى: مۆڵه‌ت هه‌یه بیدۆشم؟ وتى: فه‌رموو، پێغه‌مبه‌رى خوا ده‌ستى خسته سه‌ر پشتى مه‌ڕه‌كه و دۆعاى به‌ره‌كه‌تى بۆ كرد، گوانى مه‌ڕ پڕ بوو له شیر، هه‌ردووكیان (پێغەمبەر و ئەبوبەكر) تێر بوون، به‌شى ژنه‌كه و هاوسه‌ره‌كه‌شی مایه‌وه، دواتر كه مێرده‌كه‌ى هاته‌وه و به‌سه‌رهاته‌كه‌ى گێڕایه‌وه، زانییان كێ بوون و چى ڕووى داوه، پاشتر باسی ژیانى ئه‌و ئافره‌ته بووه باسى ئه‌و دوو میوانه به ویقارو به‌ڕێز و سه‌نگینه.
ئه‌م خاتوونه - هه‌رچه‌ند وه‌ك وتمان: پێغه‌مبه‌ر و ئه‌بوبه‌كرى نه‌ئه‌ناسی - به‌ڵام وهصفێكى زۆر سه‌یرو دوور‌و درێژى پێغه‌مبه‌رى خواى كرد بۆ مێرده‌كه‌ى، به‌شێكى ئه‌مه بوو كه وتى: "یه‌كێكیان زۆر سیما جوان و نورانیی بوو، ڕووخۆش، ڕه‌وشتبه‌رز، به ویقار و به حیشمه‌ت، زمانشیرین، خۆشگوفتار بوو.." مێرده‌كه‌ى وتى: "ئه‌وه ئه‌و پیاوه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ى ئه‌وه‌یە كه قوره‌یش باسی ده‌كه‌ن، خۆزگه هاوڕێییهتیم ده‌كرد، شەرت بێ خۆم بگه‌یه‌نمه لاى"، ئه‌وه بوو دوایی هه‌ردووكیان كۆچیان كرد بۆ مه‌دینه و موسڵمان بوون.
6/ شەشەم خاتوونی قارەمان: (أم أیمن) به‌ره‌كه كچى (ثعلبة)ى حه‌به‌شی، كه تۆشهى ڕێگه‌ى دا به شانی‌دا و به تاقى ته‌نها مه‌ككه‌ى به‌جێ هێشت و ڕێگه‌ى مه‌دینه‌ى گرته پێش، كه (400)كم نێوانیانه، ته‌نانه‌ت له ناو ڕێگا و له‌و سارا وشك و گه‌رمه‌دا و به ته‌نهایی ئاو و ئازووقه‌ى لێ بڕا و خه‌ریك بوو له تینوواندا تیابچێت، تا خوا فریاى كه‌وت و له شوێنێكدا بینى كه دۆڵچهیهكى ئاو شۆڕ بووه‌ته‌وه، تێری خواردەوە، تا تینوویه‌تى شكا.
ئه‌مانه‌ى ئاماژه‌مان پێكردن نموونه بوون، ئه‌گه‌ر نا چه‌ندینى تر له مهلحهمهى كۆچدا ناویان هاتووه و ڕۆڵى گرنگیان بینیوه، وه‌ك: عائیشه‌ى هاوسه‌رى پێغه‌مبه‌رى خوا (درودی خوای لەسەر بێت)، زه‌ینه‌ب كچى جه‌حش، حه‌منه كچی جه‌حش، (أم حبیب)، (جذامة) كچى جه‌نده‌ل، (أم حبیب)ـــی كچی ثومامه، (أم قیس) و .. چه‌ندینى تر.
ئه‌مه و جگه له ڕۆڵى كاریگه‌ر و چالاكانه‌ى ژنه پشتیوانانى مه‌دینه كه داستانى به‌سه‌رهاتى كۆچیان پڕ كردووه و زۆربه‌یان ئاماده‌بوون سامان و ماڵه‌كانیان بكه‌ن به دوو به‌شه‌وه، تا پرۆسه‌ى (موئاخات) و برایه‌تیی نێوان كۆچبه‌ران و پشتیوانان ــــ كه پێغه‌مبه‌رى خوا پلانى بۆ كێشا بوو ــــ سه‌ركه‌وتوو بێت.
ئه‌م ڕووداو و نموونانه له‌و وێستگه مێژووییه‌دا پێمان ده‌ڵێن كه: ژن و پیاو دوو ڕه‌گه‌زى پێكهێنه‌رى كۆمه‌ڵگەى ئیسلامین، بۆیه هه‌ردووكیان تۆماركارى مێژوون و ته‌نها له ڕووى ئه‌ركه‌وه باس له هه‌ندێك جیاوازیی و تایبه‌تمه‌نییان كراوه، ئه‌ویش بۆ بینینى ڕۆڵى بنه‌ڕه‌تیی و جێبه‌جێكردنى ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ى كه پێویستى به هاریكاریی و ته‌واوكاریی هه‌یه.