دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

چاوپێکەوتن

دیدار لەگەڵ گۆڤاری (بانگی حەق)

10/30/2024 3:15:51 PM   |   96 بینراو
دیدار لەگەڵ گۆڤاری (بانگی حەق)
بۆ بەڕێز/ مامۆستا عمر عبد العزیز
1- ئایا تا چەند كاری ئیسلامیی پێویستی بە نوێبونەوە هەیە؟
2- ئایا تا چەند كارتان كردووە بۆ ئاوێتەبوونی فيكری ئیسلامیی لەگەڵ فيكری نوێی ڕۆژئاوادا؟
3- ئایا تا چەند دیموكراسیەت‌و كاری مەدەنیى بووەتە بە شێك لە ستراتیجیەتی بیركردنەوەتان لە كاری حزبیى‌و ڕێكخراوەییدا؟
4- تا چەند بڕواتان بە بواری پسپۆڕیی هەیە، هەروەها تا چەند سەركردە بەتەمەنەكان ئامادەی بەجێهێشتنی كورسیيەكانیانن بۆ گەنجەكان؟
5- ئایا بۆچی ئیسلامییەكان لە ناو كۆمەڵگەی مسوڵمانی كوردییا كەمینەن، ئایا ئەمە هەڵەی كاری ئیسلامییەكان نیە؟
6- ئایا وا نابینن كە ئیسلامیيەكانیش پێویستیان بە گۆڕان هەیە، ئەو گۆڕانە دەبێت چۆن بێت؟
7- ئایا بۆچی نەتانتوانیوە لە بازنەی ئیسلامیيبوونەوە بچنە بازنەی كار بۆ نێو موسوڵمانبوون؟
8- ئایا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو شتێكی تازەتان پێیە كە هەتا ئێستا نەتانوتبێت؟
            لەگەڵ ڕێزدا              
        گۆڤاری بانگی حەق








و/1 نەك تەنها كاری ئیسلامیی، بەڵكو (فيكری ئیسلامی)و (فيقهی ئیسلامی) پێویستیان بە نوێوبونەوە هەیە. كاری ئیسلامی بە واتای جموجووڵ بێت لە بازنە جیاجیاكانی تاك‌و كۆمەڵگە‌و گروپ‌و بگرە كاری دەوڵەتداریدا، ئەوە هەمووی ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ تێگەشتنی نوێ، هەڵوێستی پڕ لە گۆڕانكاریی‌و خواستی سەردەمیانەوە.
   ئەم نوێبونەوەیە هێندە بە بایەخ‌و گرنگ‌و پێویستە كە پێغەمبەرى خوا (درودى خواى لەسەر) بە (نوێكردنەوەی ئاین/ تجديد الدين) ناوزەدی كردووە. لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێ: (إن الله یبحث علی رأس كل مائة سنة من یجدّد لها دینها)، هەندێ كەس وا دەزانن ریوایەتی (من یجدّد لها أمر دینها) راستترە، بەڵام ئەم ریوایەتەیان لاوازە‌و یەكەمیان فەرموودەیەكی دروستە.. كەواتە (ئاین) خۆی بۆ خۆی (منظومة)یەكی پێكەوە گرێدراوە لە (دەقەكان)و (بۆچوون)ی (موجتەهيد)ەكان، ڕاستە یەكەمیان لە ڕووی تێكستەوە نەگۆڕو سنوردارن، بەڵام تێگەیشتن لێیان دەچێتە بازنەی ئیجتیهادو بۆچوون، مەگەر ئەوانەیان كە ماناو دیلالەتیان ڕوون‌و ئاشكرایەو زیاد لە واتایەك هەڵناگرن.. هەرچی دووەمیشیانە (اجتهادات) ئەوە هەمووی قابیلی گۆڕانەو بوونی چەندین مەزهەب‌و ئاینزاو دەیان قوتابخانەی پر لە (اجتهاد)و هەزاران بەرگ كتێبی فیقهیى‌و سەدان تەفسیری قورئانى پیرۆز‌و ڕاڤەی فەرموودە، گەواهی ئەم ڕاستییەن..
   هەروەها بوونی فتوای كۆن‌و نوێ لای زانایان بەتایبەتی لای كەسایەتیەكی وەك پێشەوا شافعی لە (مصر)و لە (عێراق) بەڵگەی تری حاشا هەڵنەگرن.
   كەواتە كاری ئیسلامیی -كەجوڵانەوەی تاكە لە جغزانەدا كە باس كران- بە ڕادەیەكی زیاترو فراوانتر پێویستی بە نوێبونەوە هەیە.
و/2   فكری نوێی خۆرئاوا نەهەمووی خێری ڕەهایە، نە هەمووی شەڕو بەڵای خراپیشە.. بەشێ لەو فكرە ئەزمونی كەڵەكە بووی مێژووی بیرمەندانی گەلانی دونیایە، كە ئاوێتەیە بە حیكمەت‌و هیدایەتە ئاسمانیەكان، حیكمەتیش لە هەركوێ هەبێ گومبوی موسوڵمانەو بەدوایدا دەگەڕێ (الحكمە چالە المۆمن)، ئەو لەهەمووكەس شایستە ترە پێی (أینما وجدها فهو أحق بها).. 
   لەبەرئەوە فكری ئیسلامیی -بەتایبەتی لەو بەشەیدا كە پەیوەستە بە بواری (متغیرات)و كێشە پڕ لە گۆڕانكارییەكانەوە- زۆر ئاساییە كە دەوڵەمەند بكرێ بە فكری خۆرئاوایی، یا هەر فكرێكی دی. فكری ئیسلامیی داخراو نیە، ئێمە هەموومان دەزانین كە لە سەدەی یەكەمی ئیسلامدا تەنها قورئان‌و هەندێ فەرمودە لەبەردەستی ئوممەتی ئیسلامیدا بوو، بەڵام پاش كرانەوەی بەسەر نەتەوەو شارستانیەتەكانی تردا كتێبخانەی فكری بووە دەوڵەمەندترین كتێبخانە لە جیهان. بەسەدان تەفسیری قورئان‌و ڕاڤەی فەرمودە هاتنە ئارا، بەهەزاران كتێبی فقهی نوسران، بە سەدان كێشەو پرس‌و بابەتی تازەی فیقهی خرانە سەر سەرچاوە فقهییەكان، كە هەمووی دەرهاویشتەی تێكەڵی‌و ڕووبەڕووبونەوە بوو لەگەڵ بەرانبەرەكاندا. كرانەوە بەسەر گەلاندا شتێكی خستەسەر، پێكدادان‌و شەڕەكان شتێكی تری پێ زیادكرد، گوێزرانەوەی ئەزموونەكان هێندەی تری خستەسەر، داخوازییە ژیاری‌و شارستانیەكان هێندەی تری خستەسەر.. بەوجۆرە فكری ئیسلامیی هەمیشە لەگەشەو كرانەوەدا بووە.. ئەمە حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگرە، دیارە لەم زەمینەیەدا دەكرێ كەسان‌و قوتابخانەگەلێ ببن كە نەیاربن بەم بۆچوونەو، بیركرنەوەی تریان هەبێ.
و/3   ئەگەر پرسیارەكەت دەربارەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بێ، من پێم وایە یەكگرتوو یەكەمین حزبی ئیسلامییە كە مومارەسەی میكانیزمە دیموكراسیەكانی كردووە لە كاری حزبی‌و ڕێكخراوەیی خۆیدا. بۆیە لە ماوەی (30) ساڵدا هەشت كۆنگرەی بەستووە -كە ئەمە شكاندنی ریكۆردێكە- هیچ حزبێكی گەورەی تر نەیتوانیەوە خۆی لەقەرەی بدات. لەو كۆنگرانەدا هەڵبژاردنی سەرۆك‌و سەركردایەتی كراوە، دواتر مەكتەبی سیاسی، تەنانەت بۆ نوێنەرانی ڕێكخستن لە كۆنگرەكانیشدا رای كادرو ئەندامان وەرگیراوە. هەروەها لەڕووی مەدەنیبوونەوە تاكە حزبی گەورە بووە كە بڕوای بەكاری میلیشیایی لە ناوخۆی هەرێمدا نەبووە، بۆیە هەرگیز مەكتەبی عەسكەری دانەناوە. لەسەرێكی ترەوە هەموو پرۆسەكانی ئازادی بیروڕاو، دەنگدان‌و، خۆپاڵاوتن‌و، ڕەخنەگرتن‌و، بەخۆداچوونەوەو، نوێكردنەوەو، تاكتیك گۆڕین، لە هەموو خولەكاندا ڕەچاو دەكرێ.. لێرەدا دەبێ بڵێم كە مەرج نیە ئەم حزبە بێ عەیب بێ‌و، لە هەموو هەنگاوەكانیدا تەواو عەیار بێ، بەڵام ئەگەر ڕێژەیی وەری گرین بە ئبینصاف بین حەقە دان بەوەدا بنێین كە یەكگرتوو نەك بۆ خۆی مەدەنیانە هەڵسوكەوتی كردووە، بەڵكو پێشەنگی خەباتی مەدەنی بووەو، توانیویەتی كاریگەری لەسەر قەناعەت‌و بیركرنەوەكانی تریش دابنێ.
و/4   ڕەنگە وەك قەناعەت لە سەدا سەد بڕوامان بە كاری پسپۆڕی هەبێ، بەڵام وەك مومارەسەو پراكتیزەكردن نەی توانیبێت ئەم پرەنسیپە بچەسپێنین، ئەویش هەندێ هۆكاری بابەتی بونەتەكۆسپ، كە گرنگترینیان نەبوونی زەمینەی درێژەدانە بە خوێندنی باڵا لەكوردستاندا، بەدوایشیدا نا عەدالەتیەكە كە دەرهەق بە هەندێ لە پسپۆڕو ئەكادیمیەكانەوە دەكرێ كە پاش هەوڵێكی زۆر زۆربەیان دانامەزرێن‌و، زانكۆو پەیمانگاكان لێیان مەحرومن..
   بەنیسبەت بەجێ هێشتنی كورسییەوە -چ لە پۆستە حزبیەكاندا چ لە پۆستە حكومیەكاندا- هەمووی بە بڕیاری كۆنگرە، یا سەركردایەتی حزبە.. كۆنگرە سەركردایەتی دەپاڵێوێ، سەركردایەتیش كەسانێ كاندید دەكا بۆ پۆستی حكومی‌و ئیداری.. تا كۆنگرەی پێنجەم دیاردەی سوربوون لەسەر جێهێشتنی كورسی سەری هەڵ نەدابوو، چونكە ئەندامانی كۆنگرە ڕازی نەدەبوون بەخۆ كەناردانیان، بۆیە لە دوا كۆنگرەدا هەندێ داهێنان كراو، ژمارەیەك لە مامۆستا دێرینەكان خۆیان نەپاڵاوتەوە.. لەهەموو حاڵەتەكاندا ئەم باسە لەناو یەكگرتوودا نەبوەتە گرێ، چونكە باڵ‌و تەكەتولاتی تێدا نیە، جگەلەوە سوربوون لەسەر مانەوەی كورسیش بەدی ناكرێ.
و/5   ئیسلامیەكان لەناو كۆمەڵگەی موسوڵمانی كوردیدا كەمینە نین، ئێمە بەچ پێوەرێ ئەم بڕیارە بدەین. هەلومەرجی زۆر هەیە كە وای كردوە ئەو وێنایە بگیرێ.. بۆیە بەدڵنیایی ئەگەر هەل‌ومەرجی مومارەساتی دەسەڵات‌و، جۆری هەڵبژاردن‌و، جۆری تێكەڵكردنی حكومەت‌و حزب چاك كرێ، هاوكێشەكان بەڕێژەیەكی زۆر دەگۆڕێن..
و/6   بەدڵنیایی هەرجوڵانەوەكی فكری -سیاسی- كۆمەڵایەتی پێویستی بەگۆڕان هەیە.. دەبێ ئەو گۆڕانەش هەردوو بواری (بۆچون)و (هەڵسوكەوت)و مومارەسە بگرێتەوە.. سەرەتا دەبێ جۆری تێگەیشتن لە دەقەكان، لە مێژوو، لە كەلتور، قسەی لەسەر بكرێ، پاشان جۆری مامەڵەو هەڵسوكەوت بەپێی ئەوانە.. دەبێ قسە لە چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ (سەردەم)، (بەرانبەرەكان -بەتایبەتی خۆرئاوا)، (گۆڕانكارییەكان)، (تەكنەلۆژیای نوێ)، (جیهانگیریی‌و مۆدێرنەو..هتد)، بكرێتە تەوەری گرنگی پێدان‌و باس‌و خواس.. ئەمەش سروشتی فكری ئیسلامیە كە پێشتر ئاماژەم پێكرد.
و7/   سەبارەت بە هەڵبژاردن هەرهێندە دەڵێم كە جەماوەر چاوەڕێی گۆڕانكاری‌و چاكسازییە.. توانای چاوەڕێكردنی لەمە زیاتر بەسەر چووە.. ساڵانێكی زۆر هەلومەرجێكی زۆر لەدەست درا دەبێ باری سیاسی‌و ئابوریی‌و كۆمەڵایەتی چاك بكرێ.. ئەم ئامانجە چی بخوازێ ئیمە بۆی دەكۆشین، تا ئەم ساتەوەختەش سیناریۆكان كراوەن، كاتی ئەوە نەهاتووە دوابڕیار بدەین، یا دوا بڕیار ڕاگەیەنین .
 



بابەتی زیاتر...

1
 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
         :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر