(گوتارى ئاینیی سەردەم) تایبەتمەندییەکانى، لەمپەرەکانى بەردەمى، ئاسۆکانى چارەسەر
10/30/2024 3:18:13 PM
|
99 بینراو
(گوتارى ئاینیی سەردەم)
تایبەتمەندییەکانى، لەمپەرەکانى بەردەمى، ئاسۆکانى چارەسەر
ن/ د.عمر عبدالعزیز
دیارە کە لە کوردستانى زۆرینە موسڵماندا هەر كات باس لە گوتارى ئایینى بکرێت، مەبەست (گوتارى ئیسلامى)یە.
*مەبەست لە گوتارى ئیسلاميى:
لەم بابەتەدا کە قسە لە (گوتارى ئیسلاميى) دەکەین مەبەستمان هەموو ئەو ڕێگایانەن کە چەمک و بابەتە ئیسلامییەکان لێيانەوە دەگوازرێنەوە، وەک: نووسین، وەرگێڕان، خوتبە، مەوعیزە، وانەى ئاینى، گرتە دەنگیى و ڤیدێۆیییە کورتەکان و.. هتد، بە گشتى بڵێین: تەواوى مەنزومەى دەقە نوسراوو دەنگییە مرۆییەکان، کە تێگەیشتنى جۆراوجۆر بۆ ئیسلام دەخەنە ڕوو.
*گوتارى ئیسلامیى جیاوازە لە دەقەکانى ئیسلام:
بە پێى پێناسەکەمان (ئیسلام) جیاوازە لە (گوتارى ئیسلامیى). ئیسلام دەقە پیرۆزەکانە، بەڵام گوتار تێگەیشتنى مرۆڤەکانە لەو دەقە. کەواتە هیچ کات نابێت بەرگى پیرۆزیى بکرێت بە بەرى گوتارى ئیسلامییدا. لەمەشەوە دەگەین بەوەی كە گوتارى ئیسلامى دەبێت ملکەچ بێت بۆ: ڕەخنە، ڕاستکردنەوە، پێداچوونەوە، گەشەپێدان و.. هتد.
جا ئەگەر وردتر لەمە بکۆڵینەوە دەتوانین بڵێین: دەستەواژەى (گوتارى ئیسلامیى) لە بنەڕەتەوە دەبێت جێى مشت و مڕ بێت، چونکە ئەگەر ئەو گوتارە بریتی بێت لە تێگەیشتنى هەڵگرانى پەیامى ئیسلام بۆ ئیسلام، تێگەیشتنەکەش بەرگى پیرۆزیى لەبەریدا نەبێت، ئیتر چۆن ئەو گوتارە نازناوى (ئیسلامیى) بەسەردا دەسەپێت؟! یان وردتر بڵێین: چۆن هەموو تێگەیشتنێک و هەموو گوزارشتێک لەو تێگەیشتنە دەبێتە ئیسلامیى، تەنها لەبەر ئەوەى گوزارشتکار موسوڵمانە؟! بۆیە ئەگەر بمانەوێ زانستییانە بدوێین، دەبێ بڵێین: (گوتارى گەیاندنى ئیسلامى)، ئەو کاتە دەگونجێ گوتارەکە مەرجەکانى تێدا بێت، هەروەک دەشگونجێ خاڵى بێت لە مەرج و تایبەتمەندییەکان.
*کێشەو قەیرانەکانى گوتارى ئیسلامیى:
بۆ سەلماندنى کڕۆکى بڕگەى پێشوو ــ واتە جیاوازى ئیسلام لە گوتارى ئیسلامیى ــ ئەوەندە بەسە کە بزانین دەیان گرفت لە شێوەى نووسین، وتە، ئامۆژگاریى، وانە، مەوعیزەو تەواوى ئەدەبیاتى ئیسلامیدا هەن، لە ڕووى شێوەیش و لە ڕووى ناوەڕۆکیشەوە، وەک: نازانستیى بوون، سەرپێیى بوون، هەڵەشەیى، توندڕەویى، شلگیریی، ناواقعیى بوون، پەلەکردن، خۆڵ لەچاوکردن و چاوبەست، زاڵبونى زمانى سۆزداریى و دووریى لە عەقڵانیەت و.. هتد.
بۆیە خاوەن گوتارە ئیسلامییەکان دەبێ لەوەوە دەست پێ بکەن کە دان بەبوونى دەیان کێشەدا بنێن، هەر لە دیاریکردنى چەمکى (گوتار)ەوە، تا شوناسى و پێناسى، تا تایبەتمەندییەکانى، لەمپەڕەکانى، ئامانجەکانى، مەرجەعیەتى، مەنهەجیەتى.. هتد. کەواتە یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەر" خۆناسین و گوتارناسینە، وەگەرنا بێ ئەو هەنگاوە" مانەوەو گێنگڵ خواردن لەسەر ئەم حاڵە، کوشتارگەو خۆلەناوبردنەو درێژەدانە بە کاردانەوەى قەیرانەکان.
لە ڕاستیدا قودسیەت و پیرۆزیدان بە گوتارى ئیسلامیی دابڕانێکى دروست کردووە لە نێوان خودى گوتارەکەو واقیع و کۆمەڵگەدا، بۆیە دەبینین کاریگەریى هەموو جۆرەکانى گوتارى ئیسلامیی کاتییە، بگرە زۆرجار جێى ڕەخنەى گوێگرانى ئاسایی، یان خوێنەرانییەتی.
*کەلێنەکانى گوتارى ئیسلامیى هاوچەرخ:
ئەو پێناس و ناساندنە ــ هەرچەند قبوڵکردنى لاى خاوەن گوتارەکان، زەحمەتەو ناڕەحەتە ــ چەندین کەلێنى دروست کردووە، چ لە خودى گوتاردا، چ لە لاى خاوەنەکانى، چ لە واقیعیى کۆمەڵایەتیدا. ئەمانەى خوارەوە بەشێکن لەو کەلێنانە:
- دوورکەوتنەوە لە ناوەڕۆکى ئەولەویاتى قورئانیى و تایبەتمەندییەکانى گوتارى پێغەمبەران (علیهم السلام).
- دوورکەوتنەوە لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خودا (درودی خودای لەسەر بێت)و سوننەتە چەسپاوەکانى و پەنابردنە بەر ڕیوایاتى لاواز.
- سوڕانەوە لەناو مێژوو و بابەتە کەلتورییەکانى ماوە بەسەرچوو، یان لاواز، یان نادروست و بێ بنەما.
- دابڕان لە واقیع و تەکنەلۆجیاو مۆدێرنە، کە لە چەندین ڕووەوە دەکرێت یەکانگیر ببنەوە لەگەڵ گوتارى ئیسلامیى هاوچەرخ.
- گوتارى ئیسلامیى سەرپێیى بوونى تێدا زاڵە، تا وردبوونەوەو قووڵبوونەوە.
- تا ئێستەش دیدو تێڕوانین بۆ ئافرەت ــ کە نیوەى دووەمى کۆمەڵگەیە ــ تەم ومژى سەدە پێشووەکان و نەریت و تێگەیشتنەكانی هەندێك ژینگەو ناوچەى لەسەرەو گوتارى (مرۆڤدۆستانە)ى قورئان، بووە بە ژێر گوتارى پیاو سالارانەوە.
- گوتارى ئیسلامیى زۆرجار متى و خامۆشى پێوە دیارە، تا لە کاردانەوەدا دێتە دەنگ، واتە زیاتر (دەنگدانەوە)یە تا (دەنگ)، واتە:پەیامداریى و ڕوئیاو ئامانج ناڕوونن.
- ناڕوونییەک و دژ بەیەکییەکى زۆر هەیە لە گوتارە ئیسلامییەکاندا، بۆ تێڕوانین بەرامبەر (بەرامبەرەکان)و هەڵسەنگاندنى پۆڵێنێکى دروست و جیاكردنەوە نیە، بۆ دۆستان و نەیاران و دوژمنان.
- زاڵبوونى زمانى زەجرکردن و گلەیی و لۆمەو هەڕەشەو ترساندن و سزا، بەسەر زمانى میهرەبانیى و سۆزو ڕەحمەت و ئومێد بەخشینەوەو پاداشتدا، لە کاتێکدا مەرجەکانى (ئیتمام حوججەت بوون) لە خاوەن گوتارەکاندا کامڵ نەبوون.
- تێکەڵکردنى بابەتەکانى (قطعیّات) بە (ظنیّات)، (کلیّات) بە (جزئیّات)، (خلافیّات) بە (مجمع علیه).. لە بابەتە فيکريى و مەزهەبییەکاندا.
- زیادەڕەویى لە حوکمى ڕەهایى (إطلاق) وگشتاندندا.
-تێکەڵکردنى حوکمدان و فتوادان و قەزاوەتکردن بە بابەتى تەبلیغ و هیدایەت و ڕێنوێنى و بانگەواز.
*هەنگاوە ڕیفۆرمییەکان بۆ چارەسەرى گوتارى ئیسلامیى:
بە کەلێن و کەم و کورتییەکاندا بۆمان دەردەکەوێت کە گوتارى ئیسلامیى گرفت و تەحەددى و لەمپەڕى زۆر سەرەڕێى پێ گرتووە، بۆیە هەنگاوەکانى چارەسەریش فرە جەمسەرن. بەندە لێرەدا چەند سەرەقەڵەمێک عەرز دەکەم، کە وەک کلیل وان بۆ دۆزینەوەى بەشێک لە چارەسەر:
یەکەم/ یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەر، دروستبوونى قەناعەتى خاوەن گوتارەکانە بۆ ئەو شوناس و پێناسەى کردمان بۆ گوتار. گوتار تێگەیشتنە، تێگەیشتنیش پیرۆز نیە، قابیلى دروستیى و نادروستییە، بۆیە دەستی تێدەچێت و پێوەرو مەرجیشى هەیە.
دووەم/ پێویستە ئێمە لە (گوتارى ڕەخنەیى)یەوە دەست پێبکەین و بیکەینە بەشێک لە مەنزومەى کەلچەریى و ڕڕناكبیریمان. ئەمە هەنگاوێکى حەتمیى ڕیفۆرمى گوتارە.
سێیەم/ دەبێ گوتارى ئیسلامیى پێوەرو کلیل و (مەوازین) بدات بە گوێگرى سەردەم، تاکو کات و تەمەنى وتاربێژو گوێگر، بە نموونەو (مەصادیق)ەکانەوە نەڕوات و لە خۆیدا مەلەکەى گەڕان بۆ گۆڕانکاریى و چارەدۆزیى دروست ببێت.
ئەمە مەنهەجى پێغەمبەرانە (درودی خوایان لەسەر بێت) لە جووڵاندنى پەیڕەوانیان، وەک قورئان بۆى گێڕاوینەتەوە.
چوارەم/ بایەخدان بەو چەمکە قورئانییە زۆرانەى كە لەگەڵ تەکنەلۆژیاو مۆدێرنەو سەردەم یەک دەگرنەوە، وەک: گەڕان، وردبونەوە، ڕۆچوون، تێڕامان، دڵپێدان، هەوڵ و کۆشش، کار، دانایى: ( سَیْر، نَظَر، تدبّر، تعقّل، تفکّر، سَعِى، عَمَل، حِکْمَە..). ئەمە هەنگاوێکە بۆ دەربازبوون لە دیليیەتى دەستى نموونە مێژووییە بەسەرچووەکان، هەنگاوەكەش خودی قورئان بایەخى پێداوە.
پێنجەم/ تێکەڵنەکردنى بوارى هیدایەت و تەبلیغ و دەعوەت و تەبیین (کە گۆڕەپانى وتارە)، بە بوارى قەزاو فتواو حوکمدان (کە گۆڕەپانى قازى و حاکم و دادوەرانە).
شەشەم/ دەست هەڵگرتن لە گوتارى نێرینەیى (خطاب ذكورى)و زاڵبوونى زمانى مرۆڤانە. تا ئێستەش زۆربەى وتارەکان دەستەواژەى (کارى پیاوانە)، (کارى مەردانە)، (کارى کوڕانە) بەکاردەبەن، لە کاتێکدا نیوەى کۆمەڵگە ئافرەتەو یەکجاریش لە باسى نموونە سەرکەوتووەکانى کارێکى ئافرەتاندا نەوترا: ( کارێکى ژنانە)، کە دیارە لە ناخى زۆربەى پیاواندا پەسەند ناکرێ، بگرە ئەو دەستەواژەیە بۆ نموونەی ناباش بەكاردەبرێت ! له كاتێكدا دەكرێت باس لە (كاری مرۆڤانە)و (كاری ژیرانە)و (كاری پەسەند)و.. هتد بكرێت.
حەوتەم/ گوتارى ئیسلامیى سەردەم، دەبێ تەئالوفى و دۆستساز بێت، دوژمن کەم بکاتەوە، خاڵى هاوبەش زەق بکاتەوە، میانە کەم بکاتەوە، دوور، نزیک خاتەوە، هانى گوێنەگر بدات بۆ گوێگرتن، ماندوو بحەسێنێتەوە، ... ئەمه دەخوازێ کە واز لە ئەدەبیاتى: تەکفیرو تەفسیق و تەشهیرو تەعسیرو تەنفیرو تەعنیت و زیادەڕەویى لە (تەرهیب) بهێنرێ، دەبێت زمانى: تەئلیف و تەيسيرو تەقریب و تەبشیرو تەرغیب زاڵ بێت، له فەرموودەدا هاتووه: (یَسّروا ولا تُعَسّروا، بَشّروا ولا تُنَفِّروا)، هەروەها: (إن الله لَمْ یَبْعَثْنی مُعَنّتا ولا مُتَعَنّتاـ ولکن بَعَثَنی معلّما مُیَسّرا).
هەشتەم/ پێویستە گوتاربێژان و گوتارنووسان سنوورەکانى بوارى (فقه) و (شەریعە) جیا بکەنەوە، هاوسەنگیى لە نێوان فەوزاى فیقهى و تەقلیدى کوێرانەو کرانەوەى بێ فلتەردا بپارێزن.. بە زانستییانە بە بابەتەکانى (مەزهەب) و (ئیجتیهاد)دا بچنەوە.
نۆیەم/ بایەخدان بە (حیکمەت) لەگەل (ئەحکام)دا. زۆربەى کات تەنها باس لە شکڵ و شێوەو ڕواڵەت دەکرێت، دوور لە باسى حیکمەت و ناوەڕۆک و ئامانج لە حوکمەکاندا.. واتە گرنگیدان بە (فیقهى مەقاصدى).
دەیەم/ زۆر گرنگە گوتارى ئیسلامیى لە نموونە هێنانەوەو پەندو حیکمەت و شیعرو پەخشاندا، خۆماڵیى بکرێت.. دەیان نموونەى گەورە لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەن، هەزاران پەند، هەزاران کۆپلەو پارچە شیعری كلاسیكیی نایاب و پڕ مەغزا، هەزاران فتوای زانایانی كوردو قسەى جوان و تەفسیرى کوردى و ڕاڤەى فەرموودە هەن.. زۆر پێویستە ئەوانە زیندوو بکرێنەوە، تا نامۆیى لە گوتاردا بسڕڕێتەوە.
دەرەنجام:
کەسمان نکۆڵیمان لەو ڕاستییە نیە کە گەیاندنى گوتارى ئیسلامیى ئەرکێکى گەورەو گرانە. ساڵانێکە هەوڵێکى دۆزەخیى دراوە بۆ پەرتەوازەکردنى ئەو گوتارە، لە نێوان گوتارى سەر بەدەسەڵات و گوتاری جەماوەرخوازدا. یان گوتارو چاوبەستن و گوتاری چاوكردنەوەدا، هەروەها هەوڵ دراوە بکرێتە پیشە، خەڵاتى لەسەر وەرگیرێت و گوتار بێ مایەو بێ بەها بکرێت و کاریگەریى لێ بسەنرێتەوە. هەر چەند هەوڵەکە لەسەدا سەد سەرى نەگرتووە، بەڵام بێ کاریگەریش نەبووە.
ئەزانین لە کوردستاندا سەدان خاوەن قەڵەمى ئیسلامیى هەن، دەیان بانگخواز هەن، هەزاران وتاربێژ هەن. بەپێى ئامارى ئەوقاف (5474) مزگەوت هەن و لە (3250) مزگەوتدا وتارى هەینی هەیە، ئەگەر لە موعەددەلدا یەکى (250) کەسیشیان تێ بچێت، واتە زیاتر لە (800) هەزار کەس گوێ لە وتارى مزگەوت دەگرن. یان ئەگەر هەر کتێبێکى ئیسلامیى (200) کەس بیخوێنێتەوە، واتە سەدان کتێبى نووسراو، بە دەیان هەزار کەس گەیشتووە. یان ئەگەر بیسەرى ڕادیۆیەکى ئیسلامیى ــ کە بە دەیانن ــ ، یان کەناڵێک ــ کە بە فەزایى و ناوخۆییەوە دەیانن ــ چەند هەزارێک بن، واتە گوێگرو بینەرو خوێنەرانی گوتارى ئیسلامیى بە هەموو جۆرەکانییەوە دەگاتە ملیۆنان کەس..
لێرەوە تێدەگەین کە هەوڵى بە زانستیکردنى گوتارەکان و پەیامداربوونیان و لێکنزیکبونەوەو ئامانجدارکردنیان، هەروەها هەماهەنگیی نێوان خاوەن گوتاران و دامەزراندنی ڕێكخراوو دامەزراوەی زانستیی تایبەت بەو بوارە، چ کاریگەریى و شۆڕشێکى تێگەیشتن و پێگەیشتن دەسازێنن. ئەمەیە واى کردووە کە قورئانى پیرۆز گوتارى یەکلاکەرەوە (الخطاب الفاصل) لە پاڵ (حیکمەت)دا بە پایەیەکى بنەڕەتیى توندوتۆڵكردنی موڵک و دەسەڵات دابنێت، کاتێک دەربارەى داوود پێغەمبەر (علیه السلام) دەفەرموێت: (وشدَدْنا مُلْكَهُ وآتَيناهُ الحِكْمَةَ وفَصْلَ الخِطاب).
کۆتایى