دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

زنجیرەی مێژووی ڕێکخراوە کوردییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست ئەڵقەی (١) تەعاون و تەرەققی کورد (١٩٠٨ز) (جەمعییەت)

8/20/2023 10:33:58 PM   |   377 بینراو
زنجیرەی مێژووی ڕێکخراوە کوردییەکانی 
نیوەی یەکەمی سەدەی بیست 
ئەڵقەی (١)
تەعاون و تەرەققی کورد (١٩٠٨ز) (جەمعییەت)
ن: د. عومەر عەبدولعەزیز
   پاش فەرمانی سوڵتانی عوسمانی بە ڕاگەیاندنی دەستورو ئازادییەکان، ڕێکخراوی کۆمەڵەی (تەعاون و تەرەققی کورد)، لە پایزی ساڵی (١٩٠٨ز) لە شاری ئەستەمبوڵ، لە لایەن شێخ عبد القادر نەھری (کوڕی شێخ عبید اللە)ی سەرکردەی ڕاپەڕینی١٨٨٠و ئەمین عالی بەدرخان و جەنەراڵ محەممەد شەریف پاشای سلێمانەیی و کەسایەتی دڵسۆزو خەمخۆری کورد (خەلیل خەیالی)و (مشیر ذوالکفل پاشا)و چەند کوردێکی ترەوە- لە لایەنگرانی مەشروتیەت و دەستور- دامەزراو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتیدا لە مزگەوتی (ئەیاێۆفیا)، ڕاگەیەنراو کەسانێکی وەک پیرەمێردی شاعیرو زۆرێک لە کوردانی نیشتەجێی ئەو کاتەی شاری ئەستەمبوڵ بوونە ئەندامی. دیارە پیرەمێرد ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی ناوبراو بووە، چونکە ناوی لە ڕیزی ناوەکانی دە کەسی یەکەمی ئەنداماندا ھاتووە.
   ئەم ڕێکخراوە کە لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی ئەندامانی لە ھەزاران کەس تێپەڕیی، بەپێی بۆچونی زۆرێک لە سیاسی و سەرکردەکانی کورد، بە دینەمۆو بزوێنەری ڕێکخراوەکانی پاش خۆی دادەنرێت، چونکە وەک ھەندێک نووسەر دەڵێن: "بیرۆکراتە مەدەنی و عەسکەرییەکان و پیاوماقوڵانی سەرۆکی خێڵ و زانایان و مەلاو شێخ و سەیدو موفتییەکان، لەگەڵ ڕۆشنبیراندا ڕۆڵێکی سەرەکییان لە کارەکانی کۆمەڵەدا گێڕا." محەممەد ڕەسول ھاوار دەڵێت: "(کۆمەڵەی تەعاون و تەرەققی کورد) بە بەھێزترین کۆمەڵەو ڕێکخراوی کورد دەژمێردرێت ... ئەم کۆمەڵەیە بووە بناغەی ڕێکخراوو بزوتنەوەکانی داھاتوو لە باکوری کوردستاندا." 
     لە ڕاستیدا یەکەمین ڕێکخراوی کوردیی کە مەرج و پایەکانی ڕێکخراوەیی تێدابووبێت، کۆمەڵەی (تەعاون و تەرەققی کورد) بووە، چونکە خاوەنی پێڕەوی ناوخۆ، ئامانجی سیاسی ڕۆشن، دەستەی بەڕێوەبردن، دارایی سەربەخۆ، دەستەی ڕاویژکاریی، ئەنجومەنی گشتی، ھەڵبژاردن، ھەروەھا دارای ئۆرگان و زمانحاڵی ڕەسمی و چەندین لق و بەش بووە لە شارە کوردییەکان و ھەندێک جێی تریشدا، وەک: لقی شارەکانی بتلیس، ئامەد (دیاربەکر)، ئەرزڕۆم، مووش، موسڵ، خنس و بەغدا.
     جگە لەو تایبەتمەندیی و مەرجە تەکنیکییانە، (کۆمەڵەی تەعاون و تەرەققی کورد) دڵسۆزانەو بە ھەستێکی پاکەوە، بۆ پێشکەوتنی کوردو دەستەبەرکردنی مافەکانی، ھەوڵیان دەداو بە قەولی (عبد العزیز یامولکی): "بە شێوەیەکی بەھێز بنیات نرابوو. زۆر شەرەفمەندانە بیروبۆچونی سەربەخۆیی کوردەکانی ھێنابووە چۆش. دوای ھیچ بەرژەوەندی یەکی تاکەکەسیی نەدەکەوت، کاری بۆ بەدیھێنانی ئارەزووە نەتەوەییەکانی کورد دەکرد، لە ڕووی مێژوویی و دینی و کۆمەڵایەتییەوە."
   بۆ سەلماندنی ئەمە لە مادەی بیستی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکەدا ھاتووە: "ئەگەر ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتیی، بە پێچەوانەی دەستوری ئیسلام و پێوانەکانی ئەخلاقەوە، ھەڵس و کەوت بکات، یان لەو بارەیەوە سکاڵا دژی تۆمار بکرێت، بە بڕیاری زیاتر لە سێیەکی ئەندامان، مافی ئەندامێتی لێ دەسەنرێتەوە." 
     پاش دامەزراندنی کۆمەڵەی ناوبراو (پیرەمێرد)ی ڕەحمەتیی، شاعیری کوردپەروەرو ڕۆژنامەنوسی ھەڵکەوتوو- کە ئەوکاتە نیشتەجێی ئەستەمبوڵ بوو- بە خاوەنی ئیمتیازو بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیاری زمانحاڵی کۆمەڵەی (تەعاون و تەرەققی کورد) کە ڕۆژنامەی (کورد) بوو، ھەڵبژێررا. ڕۆژنامەی (کورد) -ڕاستتر ئەوەیە گۆڤارە، نەک ڕۆژنامە، چونکە قەوارەو بیچمی گۆڤاری ھەیە، ھەرچەند خۆیان لەسەر بەرگەکەی نووسیویانە (غەزەتە)- ئۆرگانی کۆمەڵەی ناوبراو بووە. پاش دامەزاندنی کۆمەڵە لە پایزی (١٩٠٨ز) (پیرەمێرد) بە خاوەن ئیمتیازو بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارەکە، ھەڵبژێررا. گۆڤارەکە (١٩) ژمارەی لێ دەرچوو، یەکەم ژمارەی لە (٢٢/١١/١٩٠٨ز)، دوا ژمارەی لە (١٧/١/ ١٩٠٩ز) دەرچووە. لەسەر بەرگەکەی نووسراوە: "ڕۆژنامەیەکی دینیی، زانستیی، سیاسی، ئەدەبیی و کۆمەڵایەتییە". کەسایەتییە کوردەکانی وەکو: سەعید نورسی، خەلیل خەیالی، پیرەمێرد، ئیسماعیل حەقی..ھتد، بابەت و وتاریان تێدا نووسیوە.
   بەڵگەی ئەندامبونی پیرەمێرد لەو ڕێکخراوەدا ئەوەیە کە خۆی دەکاتە یەکێک لە خاوەنانی ڕێکخراوەکەو سەبارەت بە ئامانجی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە، دەقاو دەق دەڵێت:
   "جەمعیەتی ئێمە -(تەعاون و تەرەققی کورد)- مەقێودمان ئەمەیە حوکمی قانونی ئەساسیی کە لەگەڵ شەریعەتدا ڕێکدەکەوێ، موحافەزە بکەین، ئەوەی لازمە بۆ تەرەققی قەومی نەجیبی کورد، ھەمووی ڕێکبخەین، مەعریفەیان، حاڵخۆشییان، ڕێکەوتنی ناوخۆیان، ئاشتبونەوەیان لەگەڵ ھاووەتەنانیان- بەخسوس لەگەڵ ئەرمەنییەکان- بێنینە جێ، لە ڕێی موحافەزەی دەوڵەت و میللەتی عوسمانیدا، بە عەزمێکی موحکەمی دینی، بە یەک وجودی میللی، ڕۆح ببەخشین !" 
     بۆ زیاتر دڵنیا بوون لەو قسانەی پیرەمێردی ڕەحمەتی- کە قسەی خۆی نین و ھەڵقوڵاوی ھەست و ھەڵوێستی ڕێکخراوەکەن- باشترە چەند دەقێکی تری پێڕەوی ڕێکخراوەکە بێنین کە ئاماژە بە ئامانجەکەکانی دەکات و باشترین بەڵگەن لەسەر وردیی تێگەیشتنی دامەزرێنەرانی ئەو ڕێکخراوە، کە تەمەنی بۆ زیاتر لە سەد ساڵ دەگەڕێتەوە. لە ماددەی یەکدا دەڵێت:
"- تێگەیاندنی دەستەیەک لەو کوردانەی کە ڕاستییەکان سەبارەت بە (دەستور) نازانن و ئاگایان لەوە نیە کە دەستور بە گوێرەی یاسا پایە بەرزەکانی ئیسلامەو خۆشیی و بەختیاریی خەڵک و ئاسایشی نیشتمان دەستەبەر دەکات.
- پاراستنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی پایەبەرزی عوسمانیی، لەگەڵ ئەوەدا کە ھەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی (مەشروتیەت) دەدات، ھەروەھا تێدەکۆشێت بۆ بەھێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندیی کوردەکان بە خەلیفەو سوڵتانەوە.
- پێکەوەژیانێکی باش لەگەڵ ئەرمەنیی و نەستوریی و گەلەکانی تری عوسمانیدا.
- چارەسەری ناکۆکیی نێوان خێڵەکان، بە مەبەستی پێشکەوتنی زیاتر.
- پێشخستنی ئاستی کەلتورو پەروەردەو پەرەپێدانی پیشەسازیی و بازرگانیی و کشت و کاڵ."
   لە مادەیەکی تردا بە جیاواز باس لە چاپ و بڵاوکردنەوەی سەرلەنوێی کتێبە کوردییەکان دەکات. لەبەیاننامەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکەشدا، ڕەسەنایەتی ئیسلامیی و نەتەوەیی بە باشیی دەردەکەوێت کە دەڵێت: "(کۆمەڵەی تەعاون و تەرەققی) بایەخ دەدات بە پتەوکردنی یەکێتی و یەکڕیزیی ئیرادەی نەتەوەیی و دینیی ئەو خەڵکەی کە ماڵی خۆیان فیدا دەکەن." 
     بە پێی زانیارییەکانی بەردەست، ئەم کۆمەڵەیە لەگەڵ ئەو ھەستە ئیسلامییە پاکە، کارتێکی بۆ ئەندامانی دروست دەکرد لە جێی پێناس، کە شێوەی ئاڵای کوردستانی لەسەر بوو بۆ ئەوەی ھۆگرییشیان بۆ نەتەوەو نیشتمانیان بپارێزێت. بەڵام بەداخەوە ھیچ ژێدەرو سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی ئەو سەردەمەمان دەست نەکەوت کە شێوەی ئەم ئاڵایەی ڕاستکردبێتەوە، ئایا ھەمان ئەو ئاڵایە بووە کە دواتر (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان) لە (١٩٢٠ز) بەکاریان ھێناو ئیحسان نوری پاشا (١٨٩٢- ١٩٧٦ز) لە (١٩٢٧ز) لە (ئاگری داخ)و شاخی (ئەرارات) دایچەقاند؟ یان ئەوە بووە کە شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە (١٩٢٢ز) ڕایگەیاند؟ یان شێوازێکی تری جیاواز لەم دوانەی ھەبووە.؟ 
   بەداخەوە ئەم ڕێکخراوە ڕەسەن و کارایە، لە ژێر گوشاری کۆمەڵەی تورکی توندڕەوی (ئیتتیحادو تەرەققی) عەلمانیی تورکیدا، پاش چوارساڵ لە ڕاگەیاندنی، لە چالاکیی قەدەغە کراو بڵاوکراوەکانیشی ڕاگیران و قوتابخانەکەشی داخرا. ھەندێک پێیان وایە ساڵی (١٩١٢ز) لە کار خراوە، ھەندێکیش ڕایان وایە زووتر لەوە قەدەغە کراوە. سەرچاوەی ئەم دووڕاییە لەوەوەیە کە کاربەدەستانی ڕێکخراوەکە ملیان نەداوە بە بڕیارەکەی دەسەڵات و درێژەیان بەچالاکیی ژێرزەمینیی داوە، بۆیە مێژوویەکی دیاریکراو بۆ داخستنی ڕەسمیی دیارنیە.  
   ڕۆڵی مامۆستا سەعیدی نورسی: 
   جێی باسە مامۆستای ناوداری باکوری کوردستان، سەعیدی نورسی- ناسراو بە (بدیع الزمان)- یەکێک لە نووسەرانی گۆڤاری (کورد)ی ئۆرگانەکەی ڕێکخراوی (تەعاون و تەرەققی کورد) بووەو لە دەرکردنی گۆڤارەکەدا ھاوڕێ و ھاوکاری پیرەمێردی شاعیر بووە. لە نمونەی ئەو وتارانەی نورسی لە ژمارە (١)ی ئەو گۆڤارەدا نووسیویەتی، وتارێکە بەناونیشانی (کردچە لسانمز)، واتە: (زمانی کوردیمان)، بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو کە ئەمە بەشێکییەتی بە شێوەی سۆرانی: "ئەی گەلی کوردان! لە ڕێککەوتندا ھێزو لە یەکگرتندا ژیان و لە برایەتیدا خۆشبەختیی و سەعادەت و لە بوونی حکومەتدا بێوەیی و سەلامەتیی ھەیە. دە با بە یەکگرتن پەیوەندیی خۆشەویستیمان پتەوتر بکەین، تاکو لە بەڵاو دەردەسەریی ڕزگارمان ببێت. باش گوێم بۆ شل کەن! ئێوە بزانن سێ گەوھەرمان ھەن، یەکەمیان: ئیسلام، کە خوێنی ھەزاران ھەزار شەھیدی بۆ ڕژاوە. دووەمیان: مرۆڤایەتی (ئینسانیەت)، کە پێویستە ئێمە ئەوپەڕی نمونەی ئینسانییەت بنوێنین بۆ جیھان. سێەمیان: میللەتی خۆمان، کە لەسەرمان پێویستە بە پارێزگاریمان لە میللەتی خۆمان، ڕۆحی مردووەکانمان لە گۆڕدا شاد بکەین." پاشان نورسی ئاماژە دەکات بە سێ دوژمنی سەرەکیی: ھەژاریی و نەخوێندەواریی و دوو بەرەکیی ناوخۆیی. بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو دوژمانەش ئاماژە دەکات بە: دادپەروەریی و یەکگرتن و خۆشەویستیی و پشت بەخۆبەستن.
   لە وتارێکی تریدا لە ژمارە (٢)ی ھەمان ڕۆژنامەدا، نورسی پرسیارێک دەوروژێنێت کە: کورد پێویستی بە چیە؟ لە وەڵامدا ئاماژە بەوە دەکات کە پاش (١٥) ساڵ لە ئاراستەکردنی ئەو پرسیارە، بەو دەرەنجامە گەیشتووە کە وەڵام تەنھا لە سێ چارەسەردا دەبینێت:
   یەکەمیان: یەکگرتنێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی. دووەمیان: بایەخدان بە زانیاری ھونەریی و ئەو زانستانەی دەبنە ھۆی پێشکەوتنی شارستانیی، لەگەڵ فێربوونی زانستە ئیسلامییەکان. سێیەمیان: پێکھێنانی سوپایەکی تایبەتی لە ناو کورداندا، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی لە ڕێی ئەو سوپایەوە بەدەست بھێنێت. ڕاشکاوانە دەڵێت: "لە پێناوی ئازادیی کوردستاندا پێویستمان بە دامەزراندنی سوپایەکی کوردیی گەورە ھەیە."
   وتارێکی تری لە ژمارە (٦)ی ھەمان ڕۆژنامەدا ھەیە لە ژێر سەردێڕی (وتووێژ، ئەنجامی قسەکانی پێشوو)، بە ئیمزای (مەلا سەعیدی کوردی)، تیایدا باسی لایەنە چاک و خراپەکانی شارستانێتی خۆرئاوا دەکات و جەخت لە پێویستی پێشکەوتنی ماددی و شارستانیی دەکاتەوە، ھاوشان لەگەڵ پاراستنی بیروباوەڕو بەھا ئاینییەکان. ھەروەھا پێداگریی دەکات لەسەر سێ چەک و ناوی ناون شمشێری ئەڵماسی: ١- خۆشەویستیی نەتەوەو میللەت ٢-یەکگرتنەوە ٣-پەروەردەو فێرکردن. ھەروەھا داوا دەکات خراپەو ملھوڕییەکانی حکومەت پەیوەست نەکرێن بە دین و شەریعەتەوە. لەگەڵ ئەمانە جەختدەکاتەوە لەسەر نیازمەندیی بە لایەنە باشەکانی شارستانێتی ئەوروپا، ئاماژەش بە پێویستیی چاکسازیی دەستوریی دەکات و پێی وایە دەتوانرێ بەزێوەری شەریعەتی ئیسلام، ناتەواویی و کەم و کورتییەکانی شارستانێتیی ئەوروپا چاک بکرێن. پاش ئەمانە دەڵێت: "گرنگترین شت لەم سەردەمەی ئێستادا بریتییە لە پێشکەوتنی ماددی، بۆ ئەمەش پێویستە خەبات بکرێت بەرامبەر دوژمنانی پێشکەوتن، کە بریتین لە: نەداریی و نەزانیی و دووبەرەکیی.
    شایانی باسە لەم دواییانەدا بەڵگەنامەیەکی نوێ لە تورکیا بڵاو کرایەوە، کە ئەوە دەسەلمێنێت سەعید نورسی لە ساڵی (١٩٠٩ز) دا، بۆ خۆی سەردانی بەشی چاپەمەنییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیای کردووە، بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە کورد، بەناوی: (مەعریفەت و ئیتتیحادی ئەکراد)، بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبیی. سەیر ئەوەیە کە سەد ساڵە لە ھیچ سەرچاوەیەکی تایبەت بە سەعید نورسیدا ئەم ھەواڵە باس نەکراوە. لەمەشەوە - وەک بەڕێز فاروق ڕەسول دەڵێت- ".. دەردەکەوێ کە پشکنینی ناوەندە بەڵگەنامەییەکانی تورکیا دەگونجێ لە ئایندەدا شتی تری وا کە تا ئێستا پەردەیان لەسەر لانەدراوەو تۆزی مێژووی سەد ساڵەیان لێ نیشتووە، دەربخات."          
   دواجار کاتێک تاقمی (ئیتتیحادی)یە توندڕەوەکان (کۆمەڵەی تەعاون و تەرەققی کورد)یان داخستو گۆڤاری (کورد)یان پێچایەوە، مامۆستا نورسی و پیرەمێردی شاعیر، پێکەوە دەستگیركران و پێکەوەش ئازاد کران. ئەم بابەتەش بۆ خۆی بەسەرھاتێکی مێژووییە، کە ئێرە جێی باسکرنی نیە.
ژێدەرەکان:
١- مێژووی ئەدەبی کوردیدا، عەلادین سەجادی بەغدا، (١٩٥٢ز).
٢- جەمعییەتی تەعاون و تەرەققی کورد، مالمیسانژ.
٣- کوردو باکوری کوردستان.. ڕەسول ھاوار، چاپخانەی خاک ، (٢٠٠٠ز).
٤- گۆڤاری ڕۆژنامەنوس، ژمارە: (٩)، ھاوینی (٢٠٠٣ز).
٥- کێشەی کورد. بلە.ج. شێرکۆ.
٦- مێژووی کوردو ئەرمەن، شەھبازیانز.
٧- گۆڤاری ژین، بنکەی ژین، سلێمانی، ژمارە (٢)، ئەیلولی (٢٠١٠ز)، وتاری: نورسی، نووسینی: فاروق ڕەسول یەحیا.



بابەتی زیاتر...

12
 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
         :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر