دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

هەوڵە چاکسازییەکانی "ئۆپۆزسیۆنی بەرپرسیار"و دەسپێشخەرییەكەی مامۆستا صلاح الدین

6/29/2026 12:10:22 PM   |   626 بینراو
   عمر عبد العزیز
   چاکسازيی (إصلاح) یەکێکە لەو ئامانجانەی کە هەموو كۆمەڵگەیەك بۆ سەقامگیریی و گەشەسەندن و پێشکەوتن پشتی پێدەبەستن. لە کوردستانیشدا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە چاکسازیی تاك و کۆمەڵگەو دامەزراوەکانی خستووەتە ناو ئامانجە سەرەکییەکانی خۆیەوە.
   یەکگرتوو لە ڕوانگەیەکی ئیسلامیی میانەڕەوانەوە، تێڕوانینی خۆی بۆ چاکسازیی پێشکەشکردووە. ئەم تێڕوانینە پشت بە گرنگیی بەهاکانی دادپەروەریی و ئازادیی و بەرپرسیارێتی دەبەستێت. بۆ نموونە لە بواری فیکریی و فەرهەنگیدا، لەسەر ئاستی تاكی هاوڵاتی هەوڵی داوە هۆشیاریی ئیسلامیی و بەها ئەخلاقییەكان بڵاو بکاتەوەو گرنگیی بە پەروەردەی نەوەکان بدات، بۆ ئەوەی تاکی کوردستانیی بتوانێت بە هۆشیاریی و بەرپرسیارییەوە بەشداریی لە بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکەی بکات.   
   لە بواری کۆمەڵایەتیدا، یەکگرتوو بە درێژایی سی دەیەی ڕابردوو لە ڕێگەی دامەزراوەو ڕێكخراوەکانییەوە هەوڵی یارمەتیدانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی داوە. پشتیوانیی لە پرۆسەی خوێندن و سێكتەری پەروەردەو توێژی قوتابیان و لاوان كردووە، هەروەها گرنگیدانی بە خێزان و پەروەردەی خێزانی و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەكان و بەرەنگاربوونەوەی دیاردە نەشیاوەكانی وەك ماددە هۆشبەرەکان و هاوشێوەكانی و توندوتیژیی خێزانیی و لادانی ئەخلاقیی و جیابوونەوەی خێزانیی و.. هتد بەشێک بوون لەو هەوڵانەی کە كاری لەسەر کردوون و لەو ڕووەوە جێ پەنجەی لەسەر كۆمەڵگە دیارە.
   لە بواری سیاسییەوە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەردەوام داوای چاکسازیی دامەزراوەکانی حکومەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەمووانداو پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی کردووەو دژایەتی ناعەدالەتیی و گەندەڵیی و قۆرخكاریی و نایەكسانیی كردووە. هەروەها گرنگیی بە دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانیی باش داوەو بانگەشەی بۆ حوكمی ڕەشید كردووە.. بۆیە كارەكتەرەكانی لە هەر جێیەك بووبن جێ پەنجەیان دیارەو یارو نەیار شایەتییان بۆ دەدەن.
   ئاشکرایە یەكگرتووش وەك هەر هێزێکی سیاسی و هەر جووڵانەوەیەكی كۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگاریی جۆراوجۆر بووتەوە، بۆیە هەڵسەنگاندنی ئەنجام و كاریگەریی كارەکانی بەستراوە بە دیدگای جیاوازەوە. بەڵام ئەوەی جێگای ڕێزەو تا ڕادەیەك كۆدەنگیی لەسەرە ئەوەیە کە چاکسازیی و گەشەپێدانی کۆمەڵگە هەمیشە لە دێباجەی پەیامی یەكگرتوودا بووەو لە گوتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا شوێن و پێگەی خۆی هەبووەو هەمیشە هەوڵی داوە بە شێوەیەکی ئاشتییانەو مەدەنی بەشداریی لە دروستکردنی کوردستانێکی باشتردا بکات.
   مامۆستا صەلاحەدین محەممەد بەهائەددین، بە حوکمی پێگەی سیاسیی خۆی و (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان)- کە وەک هێزێکی مەدەنیی و ئیسلامیی چاكەخوازو ئاشتی دۆست و میانڕەو ناسراوە- زۆرجار هەوڵی داوە ڕۆڵی ناوەندگیریی و ئاشتەوایی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی کوردستان- بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا بگێڕێت. ئەوەش لە سۆنگەی هەستکردن بە مەترسییە دەرەکیی و ناوخۆییەکانەوە لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێم.. ئەو بەردەوام هۆشداریی داوە کە هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدایە (لە ڕووی ئەمنیی و ئابووریی و فشارە هەرێمایەتییەکانەوە)، دیارە ناکۆکییەکانی نێوان حزبە حوكمڕانەكان ئەم مەترسییانە زیاتر دەکەن. بۆیە دەستپێشخەرییەکانی لەسەر بنەمای "پاراستنی قەوارەی هەرێم" بوون و ڕەنگە بۆ هەندێك قوتابی پۆلە سەرەتاییەكانی سیاسەت هەرس نەكرێن. بەڵام لە ئاست سەفارەت و كونسوڵخانەو نوێنەرایەتییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و دەستەبژێرانی كوردستاندا، بە ڕەسمیی سوپاسنامەو دەسخۆشیی پێگەیەنراوە .
   بە پێی كارنامەو كۆنووسی دیدارەكان مامۆستا صەلاحەدین و شاندی یاوەری لە قیادەی یەكگرتوو لە زنجیرە دیدارەکانیاندا لەگەڵ هێزە سیاسییەکان هەوڵیانداوە پەیامی هێورکردنەوە بگەیەنن و هانی سەرکردەکانیان داوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆو جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەبێت لە پێشینەی ئەجێنداكانی هەموو لایەنەكان بێت.
   بۆیە شایانیەتی كە ئەو هەوڵەی یەكگرتوو بە "پرۆژەی نیشتمانیی بۆ چاکسازیی" ناوزەد بكرێ و کۆدەنگی لەسەر بێت. 
   خاڵی بەهێزی پەیامی مامۆستا صەلاحەددین و شاندی یاوەری، لەو هەوڵانەیاندا پارێزگاریی بووە لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنبوونی یەكگرتوو كە دەكرێت بە "ئۆپۆزسیۆنی بەرپرسیار" بناسرێت، واتە بەردەوام بەشێك بووە لە شەقام و نوێنەرایەتی جەماوەری ناڕازی كردووە" هاوكات نەشبووەتە بەشێک لە ململانێ توندەکان و نەچووەتە پاڵ لایەنێك دژی ئەوی تر، ئەمەش وایکردووە لایەنەکانی دەسەڵات تا ڕادەیەک ئامادەییان هەبێت گوێ لە پێشنیارەکانی بگرن بۆ ئاشتەوایی و متمانەیان بە پرۆژەكانیان هەبێت.

   لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە دووپات بكەینەوە كە چاکسازیی پرۆسەیەکی درێژخایەنەو پێویستی بە نەفەسی درێژو هاودەنگیی و هاوکاریی هەموو لایەك هەیە، هەرچەندە جیاوازیی دیدو بۆچوون هەبێت، بەڵام هاودەنگیی لەسەر بەهاکانی دادپەروەری، پاکیی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، دەتوانێت ببێتە هەوێنی نزیكبوونەوەو بناغەی هەر چاکسازییەکی سەرکەوتوو لە کوردستاندا.
28-6-2026 سلێمانی
 



بابەتی زیاتر...

 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
            :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر