دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

كۆچكردن بۆ مەدینە، وێستگەیەكی گرنگی مێژووی ئیسلام (بەشی چوارەم)

6/28/2025 9:05:10 PM   |   103 بینراو
(خەوبینینی پێغەمبەر، هوزەكان و وەرگرتنی پەیمان، كۆچ، پلانی ورد و داڕێژراو، هەوڵەكانی قوڕەیش)

خەوبینینی پێغەمبەری خوا درودی خوای لەسەر بێت :

پێغەمبەری خوا ھێندە لە بیر و داڵغەی کۆچکردندا بوو، تا خوای گەورە خستییە خەوی کە کۆچ دەکەن بۆ شوێنێک کە دارخورمای زۆرە.

سەرەتا خۆی گومانی بۆ ناوچەی (یەمامە) دەچوو لە وڵاتی (نەجد)، یان ناوچەی ھەجەر لە وڵاتی (بەحرەین) لە ڕۆژهەڵاتی دورگەی عەرەبی، پاشان خەیاڵی چوو بەرەو شاری (یەثرب) كە دواتر ناو نرا مەدینە.

لە ڕیوایەتدا هاتووە: ئەبو موسای ئەشعەری لە پێغەمبەری خواوە دەگێڕێتەوە، كە فەرموویەتی: (رَأَيْتُ فِي الْمَنَامِ أَنِّي أهَاجِرُ مِنْ مَكَّةَ إِلَى أَرْضٍ بِهَا نَخْلٌ فَذَهَبَ وَهَلِي [أي ظني] إِلَى أَنَّهَا الْيَمَامَةُ أَوْ هَجَرُ فَإِذَا هِيَ الْمَدِينَةُ يَثْرِبُ).

ھۆزەکان و وەرگرتنی پەیمان:

ھەنگاوی کردەیی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ سازکردنی زەمینەی کۆچکردن و دۆزینەوەی پێگەی جەماوەریی نوێ، بەردەوام بوو، كاتی حەجی ساڵانی (610-613ز)ی قۆستەوە، کاتێک کە ھۆزە دوورەکان دەھاتن بۆ مەراسیمی حەج.

ئەوە بوو ساڵێک پێش کۆچکردنی خۆی، لە ناوچەی (مینا) لە کاتی حەجکردندا لەگەڵ چەند حاجییەکی (یەثرب) لە خەرزەجییەکان قسەی کرد و بانگی کردن بۆ ئیسلام، لەو بانگکردنەدا شەش کەس موسڵمان بوون، ئەمانە لە ساڵی داھاتوودا بوونە دوازدە کەس و ھاتنەوە بۆ حەج و ھەموویان موسڵمان بوون و پەیمانی پشتیوانییان دا بە پێغەمبەری خوا درودی خوای لەسەر بێت، ئەویش موصعەبی کوڕی عومەیری لەگەڵ ناردن تا ئاینیان فێر بکات و ڕێنمووییان بكات. ئەمە پرۆسەیە ناونرا (بەیعەتی یەکەمی عەقەبە)، كە (عەقەبە ناوی شوێنەکەیە لە نزیک مینا).

بۆ ساڵی دواتر (٧١) پیاوو دوو ئافرەت لە کاتی حەجدا موسڵمان بوون و بەڵێنیان دا بە پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) کە گوێڕایەڵی بن و پشتیوانیی لێ بکەن، ئەوەش ناونرا: (بەیعەتی دووەمی عەقەبە).

کاتێک سەرانی قورەیش ھەواڵی ئەم ھەنگاوانەیان بیست، شاندێکیان ناردە شاری مەدینە بۆ گلەیی لە دانیشتووانەكەی، بەڵام لەوێ ھەواڵەکە بڵاو نەبووبووەوە، بۆیە گەڕانەوە بۆ مەککە، بەڵام لە ناو شاری مەککە ئازار و چەوساندنەوە چەند قات زیادی کرد، وەک تۆڵە سەندنەوەیەک لەو كار و ھەنگاوەی پێغەمبەر و موسڵمانان.

کۆچی پێغەمبەرو (صدیق)ی ھاوڕێی:

بەھەرحاڵ، پاش ئەوەی یەک یەک و دوو دوو ھاوەڵانی مەککە کۆچیان کرد بۆ مەدینە، وادەی کۆچی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) نزیک بووەوە، چونکە خۆی وەک سەرکردەیەکی خەمخۆر خۆی ھێشتەوە، تا تەواوی یارانی کۆچیان کرد.

پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) سیناریۆی کۆچکردنی شاردەوە و بەھیچ کەسی نەگوت، تەنانەت عائیشەی ھاوسەری بێ ئاگا بوو، جگە لە ئەبوبەکر و عەلی ئامۆزای، کە بۆ مەبەستی چاوبەستی دوژمنان و گێڕانەوەی ئەمانەتەکانی بێ بڕوایانی قورەیش ـــــ كە بە سپاردە لای ئەو دایاننابوو ـــــ ھێشتبوویەوە، چونکە تا ئەو ساتە وەختەش کە پیلانی کوشتنی پێغەمبەریان داڕشتبوو، سپاردە و ئەمانەتە بەنرخەکانی خۆیان لە ماڵی ئەو دادەنا، وەک ئەمین و دەستپاکترین كەسی شاری مەککە، بە عەلی ئامۆزای گوت: کە لەسەر جێگاکەی ئەو ڕابکشێت.

دوایی عائیشە و ئەسما چوونە ماڵی ئەبوبەکری باوکیان، پێغەمبەریش (درودی خوای لەسەر بێت) لەگەڵ ئەبوبەکری ھاوەڵی دەرچوو، کە لە شار دەرچوو، ئاوڕێکی بەرەو مەککە دایەوە و فەرمووی: سوێند بە خوا تۆ خۆشەویسترینی سەر زەویت لای من، ئەگەر خەڵکەکەت دەریان نەکردمایە، دەرنەدەچووم.

ئەو ڕۆژە کە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) و ئەبوبەكری یاوەری دەرچوون ڕۆژی (٢٧)ـــی صەفەری ساڵی (١٣)ـــی پێغەمبەرایەتی بوو، بەرامبەر (13/9/622ز) لە تەمەنی (٥٣) ساڵیدا، پاش (٩) ڕۆژ پیادەڕەویی و ماندووبوون، ڕۆژی (٨)ـــی (ربیع الأول)ــــی ساڵی (١٤)ـــی پێغەمبەرایەتی، بەرامبەر (٢٢/9/٦٢٢ز) گەیشتنە ناوچەی (قوبا)ـــی نزیک شاری یەثريب، یارانی كۆچەر و یاریدەران لە پێشوازیدا بوون و چاوو دڵیان گەشایەوە.

بە گەیشتنی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ ئەو شارە، (یەثريب) بوو بە (المدینة المنورة)، سەرەتاکانی دامەزراندنی دەوڵەت دەستی پێکرد و توانا و لێھاتنی یارانی کەوتنە گەڕ و (مەحوی) گوتەنی: ھەموو ھیلالە یەک شەوەکان بوونە بەدری کامل.

پلانی ورد و داڕێژراو:

لە داڕشتنی سیناریۆی کۆچکردندا پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) بە هاوكارایی هاوەڵانی وردترین پلانی داڕێژا:

* لە ئاخر ساتەوەخدا داوای لە عائیشە و ئەسمای خوشکی کرد کە خۆراک سازبکەن و ناونیشانی ئەشکەوتی (ثور)ـــی دانێ، کە خۆراکیان بۆ بەرنە ئەوێ.

* پێشەوا عەلی ڕاسپارد کە لە جێگەکەیدا بێت، تا ماوەیەک قورەیشەکان بخڵافێن بەوەوە، بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ ئەبوبەكر لە ناو شار دوورکەونەوە.

* کە کەوتنە ڕێ، لە جێی ئەوەی بەرەو باکوور بچن - واتە ڕوو بە شاری مەدینە - بە پێچەوانەوە، بەرەو باشوور - واتە بەرەو ڕێگەی وڵاتی یەمەن- چوون، بۆ سەرتێكدان لە قورەیشییەكان.

پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) کە کەوتە ڕێ، دوعا و نزایەکی بەکوڵی کرد، کە لە چڵەپۆپەی بڕواداریدایە، فەرمووی: (سوپاس بۆ ئەو خوایەی کە منی بەدیھێنا، پاش ئەوەی کە ھیچ نەبووم. خوایە! لەسەر ناڕەحەتیی دونیا و لەمپەرەکانی زەمانە و موصیبەتەکانی شەوان و ڕۆژان پشتیوانم بە، خوایە! لەم سەفەرەمدا ھاوڕێیەتیم بکە، لە ناو خێزانەکەشمدا جێگرەوەم بە، بەرەکەت و پیت بخەرە ئەوەی پێت بەخشیوم، خوایە! تەنھا کز و ملکەچی لای خۆتم کە، بۆ کارە باشەکانم ھێزم پێ ببەخشە، خوایە! خۆتم لەلا خۆشەویست بکە، مەمدەرە دەستی خەڵکی، خوایە! پەنا ئەگرم بە تۆ لە لەدەستچوونی نیعمەتت، لە تۆڵەی لەناکاوت، لە گۆڕانی عافیەت و بەخشندەییت، لە ھەموو ناڕەزایەتییەکت).

* پێشتر شوانێکیان بە ناوی (عامر کوڕی فەھیرە) ڕاسپاردبوو کە بەیانیان و ئێواران مێگەلەکەی بێنێت بە بەردەم ئەشکەوتەکەدا، تا شوێن پێی ئەسما -کە ڕۆژی دووجار خۆراکی بۆ ئەبردن - بسڕڕێتەوە، چونكە شوێنەکە لماویی بوو، جێگە پێکانی دەرئەچوو.

* ھەروەھا چاوساغێکیان بە کرێ گرتبوو بە ناوی (عبداللە) کوڕی (ئوڕەیقط) کە شارەزای ڕێگا قاچاخەکان بوو، تا پێشیان بکەوێ و ون نەبن، چونکە ئەو ڕێیەی کە گرتبوویانە بەر، نە خودی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) شارەزای بوو، نە ئەبوبەکری ھاوڕێی، بۆ یەکەمجار بوو بەو ڕێیەدا بچن، بە مەرجێك كابرا بێ باوەڕێش بوو، بەڵام لێی دڵنیابوون.

ھەواڵەکانی قورەیش:

کاتێک لەسەر تایمی دیاریکراوی خۆیان قورەیشەکان ھەڵیان کوتایە سەر ماڵی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت)، ماوەیەک ڕاوەستان و چاوەڕێیان کرد بێتە دەرەوە، زۆریان پێ چوو، نەیانبینی. (لە ھەندێک ڕیوایەتدا ھاتووە کە بە بەردەمیاندا تێپەڕیون و نەیانبیون)، بۆیە پاش ماوەیەک وەستان، ھەڵیانکوتایە سەر ژووری نوستنەکەی و دایانخوڕی، کاتێکیان زانی عەلی ئامۆزایەتی، خۆیان تووڕە کرد و ھەڕەشەیان لێ کرد، وتی: نازانم بەرەو کوێ چوون.

پاش ئەوە یەکسەر کۆبوونەوەیەکی تریان کرد و بڕیاریان دا ھەر کەس بە زیندوویی یان مردوویی محەممەد و ئەبوبەکر بدۆزێتەوە، لە قورەیشەوە سەد وشتری پێ خەڵات دەکرێت.

لە سەرێکی ترەوە ئەبوجەھل ھەڵیکوتایە سەر ماڵی ئەبوبەکر و لە ئەسما تووڕە بوو، وتی: باوکت و محەممەد لەکوێن؟ ئەسما ھیچی نەدرکاند، ئەبوجەھل زللـەیەکی لێدا، گوارەی گوێی پەڕی.

لە سەرێکی ترەوە ھەواڵی خەڵاتەکە گەیشت بە کەسێک بە ناوی (سوڕاقە) کوڕی (مالک)، ئەویش بە دزی قورەیشەوە کەوتە کەشماڵی شاخ و سارا و دۆڵەكانی نزیکی مەککە، تا لە شوێنێکدا پێغەمبەر و ئەبوبەکری بینی، کە نزیک کەوتەوە پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) ئاوڕێکی بەلایدا دایەوە و دوعایەكی كرد، دوای ئەوە سوڕاقە ھەرچی تاوی ئەدایە ئەسپەکەی، نەیدەتوانی ھەنگاو بنێ و چۆکی دادەدا، سەرەنجام شتێك كەوتە دڵی كە ئەم پێغەمبەرە سەردەكەوێت، بۆیە وازی لە بیرۆكەی كوشتنیان هێنا و خواخوای بوو ڕزگاری بێت، وتی: محەممەد! زانیم دوعاتان لێ كردم، ئێستە دوعام بۆ بكەن، بەڵێن بێت بە هەر كەسێك گەیشتم، ڕێیان لێ بگۆڕم، ئەمانەتنامەیەكم بۆ بنووسە، پێغەمبەریش (درودی خوای لەسەر بێت) دوعای بۆ كرد و ئەسپەكەی هەستایەوە، بە عامر كوڕی فەهیرەی چاوساغیانی گوت – كە كەسێكی خوێندەوار بوو - ئەمانەتنامەیەكی بۆ بنووسە. ئەویش لەسەر پارچە چەرمێك بەڵێنی ئەمانەتنامەی پێغەمبەری بۆ نووسی.

سوراقە گەڕایەوە بۆ مەككە، ڕاستی شوێن و ناوچەكەی نەوت، بەڵام دیمەنەکەی بۆ گێڕانەوە، ئەبوجەھل گوێی لێ بوو، بە دوو پارچە شیعر ڕووی کردە پیاوماقوڵانی ھۆزی (بەنی مودلیج) - کە ھۆزەکەی سوراقە بوو - وتی: بەنی مودلیج! من ئەترسم سەفیھ و بێ عەقڵەکەتان - سوراقە - ببێتە پشتیوانی محەممەد و یەکێتی ئێوە تێکبدات و شکۆتان نەھێڵێت.

سوراقەش بە چوار شیعر وەڵامی ئەبوجەھلی دایەوەو وتی:

ئەبوحەکەم! (نازناوی ئەبوجەھل بوو) سوێند بە خوا! ئەگەر چاوت لە ئەسپەکەی من دەبوو، کە چۆن سمەکانی بە زەویدا ڕۆ دەچوون، ئەو کاتە ئەتزانی و ھیچ گومانێکت نەئەبوو، کە محەممەد پێغەمبەرە و بەڵگەی خواییە و کێ دەتوانێ بەرەنگاریی ببێتەوە؟ من پێت ئەڵێم: واز لەم خەڵکە بێنە و ھانیان مەدە دژی محەممەد، من لەبەرچاومە کە چۆن مەشخەڵەکانی کاری محەممەد ھەڵدەکرێن و تەواوی خەڵکی ئاشت دەبنەوە لەگەڵی.



بابەتی زیاتر...

 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
            :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر