كۆچكردن بۆ مەدینە، وێستگەیەكی گرنگی مێژووی ئیسلام (بەشی سێیەم)
6/28/2025 8:54:43 PM
|
90 بینراو
كۆچ بۆ تائیف، پلانی ستراتیژی نوێ، بیرۆكەی پێكهێنانی كۆمەڵگە و دەوڵەت)
دەرچوون بۆ شاری طائف و گەڕانەوەی:
لەو سۆنگەیەوە کە پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) وا لە ئاینی ئیسلام تێگەیشتبوو، کە پێویستی بە بوونی کۆمەڵگە و پێکھێنانی دەوڵەت ھەیە، پاش بەردەوامبوون لە گەیاندنی بانگەواز و ماندووبوونێكی زۆر لەگەڵ خزم و هاوماڵانی شاری مەككە و تەواوكردنی حوججەت لەسەریان بە درێژایی ساڵانێكی پڕ ڕەنج، کەوتە بیری گواستنەوەی پەیامەکەی بۆ دەرەوەی مەککە و پەیداكردنی پێگەیەكی نوێ، ئەوە بوو ساڵی (620ز) خۆی و زەیدی هاوەڵی بەرەو شاری طائف ڕۆیشت، بەڵام دانیشتووانی شارەکە پێشوازییان لێ نەکرد، بەڵكو زۆر بێ نەزاكەتانە و نامرۆڤانە ڕووبەڕووی بوونەوە. بە ناچاریی بە پەنابەریی گەڕایەوە بۆ نزیكی شاری مەككە و كەسێكی ناردە لای كەسایەتی ناسراوی مەككە (مطعم)ـی كوڕى (عدى) و داوای پەنای لێكرد، ئەويش هەواڵی بۆ نارد كە بێخەم بێ و بێتە ناوشار و لە نزیك كەعبە چاوەڕێی دەكات. (مطعم) شمشێری لە خۆی بەست و هەندێك لە كوڕان و خزمانیشی چەكدار كرد و لە نزیك كۆڕی زلهێزانی قورەیشدا ــ كە لە كەنار كەعبەدا بوون ــ بە دەنگى بەرز وتی: ئاگادار بن! من پەنای محەممەدم داوە .. پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) و زەیدی هاوەڵیشی لە كاتی دیاریكراودا چوون بەرەو كەعبە، پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) دوو ڕكات نوێژی بەرامبەر كەعبە كرد و كوڕانی (مطعم) بە شمشێرەوە پێش و پاشیان لێ گرت و بەڕێزەوە گەیاندیانەوە ماڵی خۆی.
دوای ئەم ڕووداوە پڕ لە ناسۆرە، بۆ دڵدانەوەی پێغەمبەری خوا و ساڕێژكردنی برینەكانی، خەڵاتی شەوڕەویی و میعراجی پێبەخشرا، وەك لە سەرەتای سورەتی (الإسراء) و بەشێكی سورەتی (النجم)ـدا ئاماژەی پێكراوە، جگە لەوەی دەیان فەرموودەی (صەحیح)یشی لەسەر هاتووە.
پلانی ستراتیژیی نوێ:
پاش ئەو ڕووداوە پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) كەوتە بیری گەیاندنی ئیسلام بە ماڵ بە ماڵی خەڵكی مەككە و نوێنەرانی هۆز و تیرەكانی دەوروبەری مەككە و مەدینە، بە تایبەتی لە كاتی وەرزی حەجی ساڵانەدا، چونكە عەرەب لە پێش ئیسلامیشدا عادەتیان وابوو ساڵانە دەهاتن بۆ حەج.
پێشەوا ئەحمەد لە زاری جابر کوڕی (عبداللە)وە دەگێڕێتەوە دەڵێت: "پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) بە شوێن خەڵکەوە بوو، دەچووە ماڵەکانیان، دەچووە بازاڕی عوکاز و میجەننە كە (دوو بازاڕی گەورەی مەککە بوون)، لە بۆنە و کاتی حەجدا دەچووە (مینا)ـی جێی کۆبوونەوەی حاجییان و دەیفەرموو: کێ پەنام ئەدات، کێ پشتم دەگرێت؟، تاکو پەیامی پەروەردگارم بگەیەنم، ھەر کەس ئەمە بکات بەھەشتی بۆ دانراوە. (دۆخەکە لە ئاستێکدا بوو) کە کەسێک لە یەمەن و میصرەوە لە ماڵ دەربچووایە، کەس و کاری پێیان دەگوت: وریای ئەو کابرا گەنجەی قورەیش بە، لە خشتەت نەبات! تەنانەت زۆر جار كە بە ناو خەڵکیدا دەچوو، ملهوڕانی قورەیش پەنجەیان بۆ ڕادەکێشا و بە خراپ ناویان دەبرد، تاکو خوا ئێمەی لە شاری (یەثرب)ـەوە ناردو پەنامان دا.
بیرۆكەی پێكهێنانی كۆمەڵگە و دەوڵەت:
پاش ئەم ڕووداوانە، پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) کەوتە بیری زەمینەسازیی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک و ڕزگار کردنی پەیڕەوانی لەو ستەم و چەوسانەوەیەی ڕووی تێ کردبوون. بۆیە لە ساڵانی (١٠) و (١١) و (١٢)ی پێغەمبەرایەتیدا (621ـــ 623ز)، کەم کەم کەسانێکی نارد بۆ مەدینە و داوای لێ كردن لەوێ دەست بكەن بە گەیاندنی بانگەوازی ئیسلامیی بە كۆمەڵگەی مەدینە.
کۆنفرانسی پیلانگێڕیی (دار الندوە)ی قورەیش:
لە ڕۆژێکی ساڵی (١٣)ــی پێغەمبەرایەتیدا (623ز) سەرانی قورەیش کۆبوونەوەیەکی داخراو و نھێنیی گرنگیان لە شاری مەککە ئەنجامدا، تاوتوێی سیناریۆ و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی پێغەمبەریان كرد (درودی خوای لەسەر بێت)، قسەی زۆریان کرد لە نێوان زیندانی کردن و کوشتن و دەربەدەرکردنیدا، تا دواجار بڕیاریان دا بە گەلەکۆمە بدەن بەسەر ماڵیداو بیکوژن، تا خوێنی لە ناو ھۆزەکاندا دابەش ببێ و بەسەر کەسێک یان ھۆزێکی دیاریکراودا ساغ نەبێتەوە.
جێی ئاماژەیە كە خوای گەورە بە ڕوونیی لە قورئانی پیرۆزدا وردەکارییەکانی ئەم بەسەرھاتە دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: (وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ) الأنفال/30، واتە: یادی ئەو کاتە بکەرەوە، کاتێک ئەوانەی ڕاستییان داپۆشی و کافربوون، دژ بە تۆ فرت و فێڵیان کرد، ویستیان زیندانت بکەن، یان بتکوژن، یان دەربەدەرت بکەن، فرت و فێڵ ئەکەن، خواش پلان دادەنێت، ھەر ئەویش باشترین زاتێکە کە پلان دادەنێت.
كەواتە دوژمنایەتیی گەیشتە قایمایی، هەموو ڕێگاكانیش گیرانە بەر، كاتی پڵانی نوێ سەری هەڵدا..