دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

كۆچكردن بۆ مەدینە، وێستگەیەكی گرنگی مێژووی ئیسلام (بەشی دووەم )

6/25/2025 9:59:35 PM   |   129 بینراو
پاش ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) لە ساڵی )610)ـی زایین لە لایەن خوای پەروەردگارەوە لە تەمەنی چل ساڵیدا بە دوایین پێغەمبەر بۆ مرۆڤایەتیی ناسێنرا، ڕاستەخۆ لای خزمان و دۆست و هاوەڵانی نزیكی بە فەرمانی خوا كەوتە بانگكردن، چونكە خوای گەورە نیگای بۆ ناردو پێی فەرموو: (وأنذر عشيرتك الأقربين) (الشعراء/214)، واتە: هۆزە نزیكەكانت ئاگادار دەرەوە. بەو جۆرە دەستی کردە بانگەوازکردن و ئاگادارکردنەوەیان لەو پەیامەی کە پەیتا پەیتا بە شێوەی بەش بەش بۆی دەھاتە خوارەوە.

بەو جۆرە سێ ساڵ بە نهێنیی جووڵایەوە، زیاتر هاوەڵ و خزمانی نزیكی خۆی و ئەوانەی دەدواند كە تا ڕادەیەك متمانەی پێیان هەبوو. لە ساڵی چوارەمدا كەم كەم بە جووڵانەوەكەی زانرا، چونكە جێدەستی دەركەوت و بە گۆڕانی هەڵس و كەوتی موسڵمانبووەكاندا، سەرانی قورەیش دڵنیابوونەوە لە پلانەكەی. خوای گەورەش بەم ئایەتە كۆتایی قۆناغی نهێنیی بانگەوازی ڕاگەیاند: (فاصدع بما تؤمر وأعرض عن المشركين) (الحجر/ 94)، واتە: ئەو فەرمانەی بەسەردا دەدرێت ڕاگەیەنەو بە دەنگی ئاشكرا بیڵێ، گوێ مەدە بە موشریكەكانیش و پشتیان تێكە.

بەم هەنگاوە نوێیە ئەشكەنجەو ئازار زیادی كرد، پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) لە سەرەتاوە داوای صەبرو خۆڕاگریی لە هاوەڵانی كرد، خۆی و ژمارەیەکی کەم لە یارانی، ھەوڵێكی تاقەت پڕووكێنیان دا تا خەڵکی ڕێنموونیی بكەن، زۆرینەی هەژارو چەوساوەو ستەمدیتووەکان موسڵمان بوون و بڕوایان پێ ھێنا، بەڵام زۆربەی ملھوڕو بەرژەوەندپەرستەکان - سەرەڕای ئەوەی دڵنیابوون لە ڕاستگۆیی و ئەمانەتداریی ئەو سەروەرە - بەڵام لەبەر لەدەستچوونی ناوو ناوبانگ و پێگەو بەرژەوەندییە ماددییەکانیان، لەگەڵ ئەوەی بە ڕاستگۆو ئەمین و دڵسۆزشیان دەزانی، پەیڕەویان لێ نەکرد، بگرە ئەشكەنجەو ئازار دژی چەوساوەو بێ كەسەكان دەستی پێكرد، تا لە ساڵی پێنجەمدا توند بوویەوەو دەستی ستەم و زۆرداریی گەیشتە شەخسی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) خۆی و نزیكانی.

کۆچکردن بۆ حەبەشە:

پاش ناڕەحەتكردنی ژمارەیەكی زۆر لە یارو شوێنكەوتووانی و چەوسانەوەیان، پێغەمبەری سەركردە (درودی خوای لەسەر بێت) لە ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتیدا (615ز) داوای لێكردن كە هەر كەس ئەتوانێت كۆچ بكات بۆ وڵاتی حەبەشە. فەرمووی: "پادشایەكی لێیە، لە لایدا ستەم لە كەس ناكرێت" كە مەبەستی ئەصمەحەی كوڕی ئەبجەری نەجاشی بوو" كە دواتر موسڵمان بوو، بۆ وەفاتیشی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) نوێژی مردووی غائبی لەسەر كرد.

ئەو كۆچە یەكەم كۆچ بوو بۆ حەبەشە، كۆچكردووان (11) پیاوو چوار ئافرەت بوون، عوسمان كوڕی مەظعون ئەمیریان بوو. كۆچكردووان ــ بە پێی درویتترین ڕیوایەت ــ ئەمانە بوون:

1- عثمان بن عفان.

2- عبد الله بن عوف.

3- زبير بن العوام.

4- أبو حذيفة، بن عتبة بن ربيعة.

5- مصعب بن عمير.

6- أبو سلمة بن عبد الأسد بن هلال.

7- عامر بن ربيعة.

8- سهيل بن وهب بن بيضاء.

10ـ أبو سبرة، بن أبي رهم.

11ـ حاطب كوڕى عەمر.

12ــ روقیە، كچی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت)، كە هاوسەری عثمان كوڕی عەففان بوو.

13ــ سهلة كچی سوهەيلی كوڕی عەمر، هاوسەری أبو حذیفە.

14ــ أم سلمة، كچى أبو أمية بن المغيرة، هاوسەری أبو سلمة.

15ــ ليلى كچی أبوحثمة بن حذافة، هاوسەری عامر كوڕی ربيعة.

ئەم پۆلە هاوەڵەى پێغەمبەرى خوا (درودی خوای لەسەر بێت) لەوێ زۆر ئازاد و خۆشحاڵ بوون، پاش ماوەیەك هەواڵیان پێگەیشت كە زۆربەی دانیشتووانی شاری مەککە موسڵمان بوون، بۆیە بە دڵخۆشيی گەڕانەوە، بەڵام كە گەیشتنەوە نزیكی مەككە، دەرکەوت کە ھەواڵەکە نادروستە، بۆیە کە باسی دۆخی گونجاوی حەبەشەو بوونی ئازادیی و دادگەرییان بۆ موسڵمانانی مەككە کرد، ئەو صەحابانەو ژمارەیەکی تریش کە ژمارەیان گەیشتە (٨٣) پياوو (19) ئافرەت، بە فەرمانی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ جاری دووەم گەڕانەوە بۆ حەبەشە، ئەمجارەیان جەعفەر کوڕی ئەبوطالب بووە سەرکردەیان.



بابەتی زیاتر...

 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
            :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر