زنجیرەی مێژووی ڕێكخراوە كوردییەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیست ئەڵقەی (6)جەمعییەتی تەشكیلاتی ئیجتیماعییە
8/28/2023 9:35:18 PM
|
550 بینراو
ن: د. عومەر عەبدولعەزیز
لە كۆتاییەكانی ساڵی (1920ز)، پاش ئەوەی گوشاری دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی توركیا، لەسەر (كۆمەڵەی تەعالی كوردستان)و لقەكانی ئەو ڕێكخراوە لە شارە كوردییەكاندا زیادی كرد، لە سەرێكی تریشەوە ناكۆكیی كەوتە نێوان سەركردەكانی كۆمەڵەی ناوبراو، دەستەیەك جیابوونەوەو كۆمەڵەیەكیان دامەزراند بەناوی (كۆمەڵەی تەشكیلاتی ئیجتیماعییە)، كە داوای سەربەخۆیی كوردستانیان دەكرد، ژمارەیەك كەسایەتیی لە هەموو بەشەكانی كوردستانەوە بەشدار بوون، بە تایبەتی قوتابییە كوردەكانی ئەستەمبوڵو دانیشتوانی ئەوروپا، هەروەها ژمارەیەك لە ڕوناكبیرانی شاری سلێمانی، بۆ نمونە: جگە لە ئەمین عالی بەدرخانی بۆتانیو كەمال فەوزی بتلیسیو مەمدوح سەلیمی وانی، كەسانێكی وەك: فەرید بەگو حیكمەت بەگو فوئاد بەگو شوكری بەگ لە بابانەكانی سلێمانی، لە دامەزرێنەرانی ئەم ڕێكخراوە بوون.
بەپێی بەڵگەنامەكان ئەم ڕێكخراوە زۆر چالاكو بزواو بوون، هەمیشە ڕووداوو دەرفەتە سیاسییەكانیان قۆستۆتەوە بۆ خزمەتی نەتەوەو نیشتیمانەكەیان. بۆ نمونە كاتێك چواردە خاڵەكەی (وێڵسن)ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای ئەو سەردەمە بڵاو كرانەوە، ڕاستەوڕاست كۆمەڵە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (1920ز)، بە واژۆی ئەمین عالی بەدرخانی سەرۆكی كۆمەڵەو مەمدوح سەلیمی سكرتێری كۆمەڵە، نووسراوێكیان ئاراستەی سەرۆكی ئەمریكا كرد، كە تیایدا هاتووە:
".. نەتەوەی كورد ئەوە لە ئێوە چاوەڕوان دەكات، كە بڕیاری دروستی ئێوە ئەم نەتەوەیە لە تەوقی هەموو لایەنەكان ڕزگار بكات... هیواخوازین ویژدانتان ڕێبەری كارتان بێت، لەو كارە ناسكەدا كە مێژوو خستوویەتە سەرشانی ئێوە."
هەروەها لە كۆتایی ساڵی (1921ز) بە واژۆی ئەمین عالی بەدرخان یاداشتنامەیەكی چوار لاپەڕەییان ناردووە بۆ (لیود جۆرج) سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای ئەو كاتە، كە تایبەتە بە باسی دیاریكردنی سنورەكانی كوردستانەوە.
سەربوردێكی ئاڵای كوردستان
ماوەتەوە ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە دروستكردنی (ئاڵای كوردستان) بۆ یەكەمجار، لە داهێنانی كۆمەڵەی ناوبراو (تەشكیلاتی ئیجتیماعییە) بوو، كە ساڵی (1920ز) لە لایەن دەستەی كۆمەڵایەتی ڕێكخراوەكەوە پەسەند كرا. ئیحسان نوری پاشا (1893-1976ز) لە ڕاپەڕینی (ئاگری داغ)و سەر بەرزایی شاخی (ئارارات)، ساڵی (1927ز) ئەو ئاڵایەی بەكار هێنا، هەروەك خۆی لە بیرەوەرییەكانیدا باسی دەكات. دواتر لە گۆڤاری (هاوار) لە ساڵی (1932ز) بڵاو كرایەوەو جەلادەت عالی بەدرخان شێوەكەی باس كردووە. دوای ئەو قۆناغە كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان، (ژێ، كاف) لە مەهاباد، بۆ جارێكی تر بە كەمێك جیاوازییەوە بەكاریان هێنایەوەو قازی محەممەدی سەركۆماری كوردستانیش لە ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستاندا ڕەسمییەتی بەئاڵاكە دایەوە.
ئەم ڕێكخراوە دەیان هەڵوێستو چالاكیی لەم جۆرەیان هەبووە، گۆڤاری (ژین) كە دكتۆر عبد الله جەودەت لە چالاكترین كادێرەكانی بووە، بۆتە زمانحاڵیو دەیان چالاكییو وتاری گرنگی تێدا بڵاوكراوەتەوە.
سەرچاوەكان:
1- الأسرة البدرخانیة، د. صلاح هروری.
2- الجمعیات والمنظمات الكردیة، د.عبد الستار ظاهر شریف.
3- جەمعییەتی تەعالیی كوردستان، ئیسماعیل گوێڵداش.
4- جڤاتا هێڤی تەلەبەیێ كوردان، مالمیسانژ، وەرگێڕانی: زریان ڕۆژهەڵاتی، بنكەی ژین.