دياريي دوا شەوی مانگی ڕەمەزان (ڕەمەزان نەڕۆی، ساڵێک لە تەمەنى ئێمە ڕۆیی)
3/28/2025 2:31:13 PM
|
10 بینراو
ساڵانە لە دوا شەوەكانی مانگی ڕەمەزاندا عادەت وایە دەڵێین: مانگی ڕەمەزان تەواو بوو. لە ڕاستیدا سی شەو لە تەمەنی ئێمە تەواو بوو، ڕەمەزان ساڵانە لە جێى خۆیدا دەمێنێتەوە، ئەوە تەمەنی ئێمەیە كە ڕۆیشتووەو نایەتەوە. ئەوە سی ڕۆژ لە مێژووی تەمەنی ئێمەیە كە لێی كەم بووەتەوە. خۆش بە حاڵی ئەوانەی كە ئەم سی ڕۆژەیان كردە تفاق و زەخیرە بۆ سەنگینكردنی نامەی كردارە چاكەكانیان. ئەفسوس و داخی گران بۆ ئەوانەی نافەرمانیی خوایان كردو بەهرەیان لەم ڕەمەزانە نەبرد، كە داخ و ئەفسوسیش هیچ دادێكيان نادات و سوودی نیە.
داوای دڵسۆزانە ئاراستەی ئەو بەڕێزانەیە كە لەم مانگەدا بە نیعمەتی تۆبەو گەڕانەوەو پەشیمانبوونەوە بەهرەمەند بوون، كە لەسەر ئیمان و تەقوا پایەدار بن و جارێكی تر نەگەڕێنەوە سەر نافەرمانیی خوای گەورە، تا ڕەنج بە خەسار نەبن، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی قبوڵبوونی تۆبەو وەرگیرانی طاعەت و عيبادەتەكان، پایەداریی و مانەوەیە لەسەر ئەو حاڵەتەی مرۆڤ لە كاتی تۆبەكردندا لەسەری دڵگەرمە.
ئەو بەڕێزانەش كە ئەهلی ئیستیقامەت و پایەداریی بوون و توانییان بەم ڕەمەزانە گەشە بە پلەی تەقوایان بدەن و لە كاتەكانی تر زیاتر لە خوای گەورە نزیكتر بوونەوە، هەوڵ بدەن نەیەڵن گوژمی گەشەیان خاو ببێتەوەو بە هەمان حاڵەت بمێننەوە.
بە نیسبەت ئەو سی بابەتەشەوە كە بەندە لەم ڕەمەزانەدا شەوانە دامنان، ئەگەر دروست بووبن، فەزڵ و نیعمەتی خوان، ئەگەر هەڵەش بووبن لە كەم و كورتیی منەوە بوون، داواكارم هاوڕێیان لە نزاكانیاندا بێ بەشمان نەكەن و لە ناتەواوییەكانیشمان ببورن.
خوای بەخشندە پەرستشەكانی هەموو لا قبوڵ بكات و پایەدارمان بكات.
(اللهم إنك عفو تحب العفو فاعف عنا، واجعلنا من عتقاء شهر رمضان، يا رحيم، يا رحمان).