ساڵانە لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان و نزیکبوونەوەی جەژن، هەندێک دیاردەی نەشیاوو ناپەسەند سەرهەڵئەدەن، کە لەگەڵ ئاکاری ڕۆژووەوان و دوو حیکمەتی (تەقوا) و (شوکر) یەک ناگرنەوە، کە وەک قورئان دیاریی کردوون، بڕیارە بەرهەمی ڕۆژوو (لعلکم تتقون)و بەرهەمی مانگی ڕەمەزان (لعلکم تشکرون) بن.
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو دیاردانە، كە لەگەڵ ئاکارى ڕۆژووەوان ڕێک نایەنەوە:
۱ــ دیاردەی خستنەبازاڕی بابەتی ئێکسپایەرو ماوەبەسەرچوو، بە نرخى هەرزان، گوایە بۆ دەسکورت و هەژاران.
2ــ گرانکردنی هەندێک بابەتی تایبەت بە جەژن، بە ناوی ئەوەی مارکەن و بە بەڵگەهێنانەوەی هەرزانیی بابەتە هەڕاجکراوەکانی خاڵی یەکەم، گوایە بۆ دەوڵەمەندو دەستڕۆیشتووان.
3ــ دیاردەی زۆرچوونە بازڕو جەنجاڵیی دروستکردن لە سەنتەری شارو سوودوەرنەگرتن لە مۆڵ و مارکێتەکانی سەر شەستمەریی و سەدمەتریی و شەقامى بازنەیی و کەمەربەندیی شارەکان، یان مینى مارکێتى گەڕەکەکان، کە هەمان کاڵایان لەلا دەستدەکەوێت، لەگەڵ زۆر مانەوەو گەڕان و سووڕانەوەی زیاد، بە شێوەیەک کە زۆرێک لە ئافرەتان نوێژی نیوەڕۆ یان عەسریان دەفەوتێت.
4ــ دیاردەی هەڵپەو پەلاماردان و شانشانێن و تێکەڵبوونی زیاد لە سنووری ژن و پیاو، لە دیمەنێکدا کە کەمترین وێنەی فەلسەفەو حیکمەتی ڕۆژووگرتن و جەژن و خۆشیی تێدا نابینرێت.
5ــ دیاردەی ئیسراف و زیادەڕەویی، بگرە تەبذیرو ماڵ بەفیڕۆدان، لە کڕینی جل و بەرگ و دروستکردنی خۆراکی جەژندا، كە بە پێی بەڵگەنامەی ساڵانی ڕابردوو، هەزاران تەن خۆراک لە ڕۆژانی جەژندا دەڕژێنرێت، كە نە لەگەڵ (تەقوا)و خۆپارێزیی، نە لەگەڵ (شوکر)و سوپاسگوزاریی خاوەنی نیعمەت نایەتەوە، بە تایبەتی بۆ ئەمساڵی بێ مووچەیی و كەمتفاقیی.
6ــ شێواندنی مانا جوانەکانی جەژن، وەک: دەربڕینی خۆشیی و شادیی، بەسەرکردنەوەی خزم و دۆستان، ئاشتکردنەوەی تۆراوان، گەردنئازادیی کردن لە یەکتر، گەورەڕاگرتنی خوا بە (اللە ٲكبر)کردن و سوپاسگوزاریی لەسەر هیدایەتەکانی ڕەمەزان: (ولتکبروا اللە علی ما هداکم ولعلکم تشکرون)، گۆڕینی ئەمانە بۆ: بەزاندنی سنووری شەرع، وەک: کات بەفیڕۆدان و دوورکەوتنەوە لە مزگەوت و جەماعەت و تێکەڵبوونی ناڕەوای نامەحرەمان و ڕیعایەتنەکردن و نەپرسینەوە لە حاڵی دراوسێ و خزمانی نەدارو.. هتد.
7ــ دياردەی ساردبوونەوە لە چوونە مزگەوت و چوونەوە سەر دۆخی پێش ڕەمەزان و لابردنی لەچک لە لایەن هەندێک لە ئافرەتانەوە.
8ــ نەبوونی بەرنامەو پلانی تایبەت لە لایەن بانگخوازان و مامۆستایانی مزگەوتەکانەوە، بۆ گرتنەخۆو هەوڵنەدان بۆ پایەدارهێشتنەوەی تازە موهتەدییانی مانگی ڕەمەزان و مزگەوتەکان.
9ـ تایبەتکردنى چوونە سەرقەبران لە ڕۆژانى جەژنداو نۆچەژن گرتن و تازەکردنەوەى پرسە، کە ئەمانە هەموو کارى حەرام و نادروستن.
ئەمانە نموونەی گرنگترین خاڵە سلبییەکانی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانى جەژنی هەموو ساڵێکن، دەبێت كار لەسەر پێچەوانەكانيان بكرێت. هیوادارم پاش ئەم بیرخستنەوەیە پێمانەوە دیاربێت کە گۆڕانکاریمان بەسەر خۆماندا هێناوە.
خوێنەرانی بەڕێز! با من و تۆو ئێمەو ئێوە، لە خۆمانەوە دەستپێبکەین، کە ئەوەمان کرد دەبینە پێشەنگ و پانتاییەکی زۆری کۆمەڵگەکەمان پێوەی دیار دەبێت.
خوا يارمەتیدەری دڵسۆزان بێت و پەرستشەکانمان گیرا کات.