یه‌كێك له‌و پره‌نسیپه گرنگانه‌ى كه قورئانى پیرۆز جه‌ختى لەسەر كردووه‌ته‌وه، بابه‌تى یه‌كتر قبوڵكردن‌و به‌كارنه‌هێنانى زمانى زبره.
ئه‌م پره‌نسیپه وه‌نه‌بێت تایبه‌ت بێت به بازنه‌یه‌كى دیاریكراو، بۆ نموونه بازنه‌ى موسڵمانان له ناو خۆیاندا، به‌ڵكو له چه‌ندین ئایه‌تدا دووپاتى كردووه‌ته‌وه كه له‌گه‌ڵ نه‌یارانیش- كه خاڵى هاوبه‌ش لەگه‌ڵیاندا زۆر كەمه - ده‌بێت ئه‌و ڕێبازه په‌یڕه‌و بكرێت، چ جاى له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه ده‌یان خاڵى هاوبه‌ش، تاك‌و ده‌ستەو تاقمەكانی كۆ ده‌كاته‌وه، له زمان‌و ئاین و خاك و به‌رژه‌ندیی‌و چاره‌نووس‌و.. هتد.
من لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌و ئاراسته قورئانییانه بیرى دۆستان دەخەمه‌وه:
یه‌كه‌م: قه‌ده‌غه‌كردنى جوێندان به بته‌كان. خواى گه‌وره ده‌فه‌رموێ: [ولا تَسُبُّوا الَّذينَ يدْعُونَ مِن دُونِ اللَّهِ فَيسُبُّوا اللَّهَ عَدْوًا بِغَير عِلْمٍ..] الأنفال/ 108، واته: جوێن مه‌ده‌ن به‌وانه‌ى موشریكەكان جگە له خوا هاواریان لێ ده‌كه‌ن (واته به بته‌كان)، تا ئه‌وانیش له‌گۆتره‌و نائاگایانه جوێن نه‌دەنە به خوا.
ئه‌م ئایه‌ته ئه‌وپه‌ڕى سنورى قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌ى دیاریكردووه، واته بتەكان، تا بگاته خودى كه‌سه‌كان، یان ئایینه‌كان، یان بیر‌و بۆ چوونه‌كان.
دووه‌م: قورئان به پێغه‌مبه‌رى ئیسلام ده‌فه‌رموێ: [فَبِمَا رَحْمَه مِّنَ اللَّهِ لِنتَ لهُمْ ولوْ كُنتَ فَظا غَلِيظ الْقَلْبِ لانفَضوا مِنْ حَوْلِكَ] آل عمران/ 159، واته: به هۆى سۆز‌و میهره‌بانییه‌ك كه خوا پێى به‌خشیویت (لەگەڵ نه‌یارانت) نه‌رم‌و نیانى، خۆ ئه‌گه‌ر گرژ‌و زمانزبرو دڵڕه‌ق بوویتایه، لێت ده‌ته‌كینه‌وه.
سێیه‌م: ڕێسایه‌كى گرنگى قورئانیمان هه‌یه كه داوامان لێ ده‌كات له‌گه‌ڵ نه‌یاران‌و دوژمنانیش دادگه‌رو هه‌قبێژ بین. ده‌فه‌رموێ: (ولا يجرمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ علَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا هُو أَقْرَبُ لِلتَّقْوى) المائده/8، واته: بوغز‌و دوژمنایه‌تیی له‌گه‌ڵ كه‌سانێك هانتان نه‌دات كه له دادگه‌ریى لابده‌ن، دادگه‌ریى بكه‌ن، چونكه ئه‌وه نزیكتره له ته‌قواو له‌خواترسانه‌وه.
هه‌ر له ئاقارى ئه‌م ڕێسایه‌دا فه‌رمانى پێكردووین كه ترازووى توندوتۆڵ‌و مه‌حكه‌م به‌كاربێنین، واته هه‌ڵسه‌نگادنمان مونصیفانه بێت، سته‌م نەکەین، ناهه‌ق نه‌ڵێین، ده‌فه‌رموێ: [وزِنُوا بِالْقِسْطاسِ الْمُسْتَقِيمِ] یان ده‌فه‌رموێ: [أَلا تَطغَوْا فِي الْمِيزَانِ] الرحمن/8، هەروەها ده‌فه‌رموێ: [وإِذا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا ولو كَانَ ذا قُرْبَى] الأنعام/152. یان ده‌فه‌رموێ: [وقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا] الأحزاب/70. [وقولوا للناس حسنا] البقرە/83.. چه‌ندین ئایه‌تى تریش كه هه‌موو فه‌رمان ده‌كه‌ن به هه‌قبێژى، دادگه‌ریى، ئیصفاف، دەمپاکیی، جوانوتن، ڕێكوتن و ڕاستگۆیی و هتد.
چواره‌م: له قورئانى پیرۆزدا بۆ حیوار‌و گفتوگۆ‌و دایه‌لۆك، چه‌ندین ئاداب و ڕێ و شوێنى دیاریكردوو‌ن، له‌وانه:
1- گوێگرتن له به‌رامبه‌ر - ئه‌گه‌ر دوژمن‌و نه‌یاریش بێت- به ته‌واویى. خواى گه‌وره له ده‌یان ئایه‌تدا وته‌كانى شه‌یتانى نەفرینلێکراوى گێڕاوەتەوه، یان قسه‌و سووكایه‌تیى‌و بێ ئه‌ده‌بییه‌كانى نه‌یارانى پێغه‌مبه‌رانى گێڕاوه‌ته‌وه، وه‌ك فیرعه‌ون‌و هامان‌و نه‌مرودو ته‌واوى ملهوڕانى دوژمنیان.
2- وه‌ڵامى نه‌رم‌و ناسك‌و به‌ئه‌ده‌بانه: له ته‌واوى قورئاندا له گفتوگۆی نێوان پێغه‌مبه‌ران‌و نه‌یارانیاندا، زمانى زبر‌و جوێندان‌و سووكایه‌تى نابینى، بۆیه كاتێك خوا فه‌رمان ده‌دات به موسا‌و هارون كه بچنه لاى فیرعەونى سەرکەش و یاخى، پێیان دەفەرموێ: به نه‌رمیى قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن [فَقُولا لهُ قَوْلاً لَّينًا..] تەنانه‌ت ده‌فه‌رموێ: به‌م جۆره له‌گه‌ڵیان بدوێ، بڵێ: [ لا تُسْأَلُونَ عَمَّا أَجْرَمْنَا ولا نُسْأَلُ عَمَّا تَعْمَلُونَ] سبأ/25، واته: ئێوه لێتان ناپرسرێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى ئێمه كردوومانن، له ئێمه‌ش ناپرسرێته‌وه لەسه‌ر ئه‌و كارانه‌ى ئێوه كردووتانن.! واته كارى ئه‌وان به ئەرێنى‌و (كار) ناو ده‌بات، بەڵام كارى موسڵمانان به (جورم)و تاوان ناو دەبات! واته به گریمانه‌ى زمانى نه‌یاره‌كان قسه ده‌كات.
3- به گشتیى له كارى بانگه‌وازدا فه‌رمان كراوه به به‌كارهێنانى حیكمه‌ت‌و كاربه‌جێى‌و ئامۆژگاریى جوان‌و موجاده‌له به باشترین شێوه، ده‌فه‌رموێ: [ادْعُ إِلى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَة والْمَوْعِظة الْحَسَنَة وجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ] النحل/125.
ئه‌مانه ئاڕاسته بنه‌ڕه‌تییه قورئانییه‌كانن له زه‌مینه‌ى قسه‌كردن لەگه‌ڵ به‌رامبه‌ردا، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌یرێكى ژیاننامه‌و گوفتارو كردارى پێغه‌مبه‌رى خواش بكه‌ین، هه‌مووى جێبه‌جێكردنى ئه‌م ئاراستانه بووه‌و قسه‌ى، كردارى، مامه‌ڵه‌ى و هه‌ڵسه‌نگاندنى، هه‌مووى به‌و جۆره بوون، كه له‌به‌ر شۆره‌تیان به پێویست نابینم كاتى خوێنه‌رانى پێوه‌بگرم.
4ــ به كورتى مرۆڤه‌كان ده‌بێت هه‌موو ڕێز له یه‌كتر بگرن، ململانێ له نێوان هزرو بیر‌و ڕه‌فتاردایه، نه‌ك له نێوان خودى كه‌سه‌كاندا، كارى خراپ هه‌ر كه‌س بیكات هه‌ر خراپه، با كه‌سه‌كه به گشتیش چاك‌و باش بێت، كارى چاكیش هه‌ركه‌س بیكات هه‌ر چاكه، با كەسه‌كه به گشتیش خراپ بێت، بۆیە بۆ هەڵسەنگاندن و ڕاستكردنەوەو فەرمان بە چاكەو قەدەغەی خراپە، پەنا دەبرێتە بەر خودی كار‌و ئاكارەكان، نەك شكاندنی كەسایەتییەكان.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه پێغه‌مبه‌رى خوا به پادشاى حه‌به‌شه‌ى فه‌رموو: (دادگه‌ره، له وڵاتى ئه‌ودا سته‌م له كه‌س ناكرێت)، یان له هه‌ندێک ڕیوایه‌تدا هاتووه كه به كه‌سێكى بتپه‌رستى فه‌رمووـ پێش موسڵمانبوونى ـ (إن فیك خصلتین یحبهما الله ورسوله: الحلم، والأناة) .
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بوو كه پێغەمبەر خوا كاتێك بیویستایه ئامۆژگاری كەسێك یان كه‌سانێك بكات، ناوى نه‌ده‌بردن، به‌ڵكو ئاماژه‌ى بۆ دەكردن‌و ده‌یفه‌رموو: (ما بال أقوام یفعلون كذا وكذا)؟ بۆیه له فەرموده‌یه‌كى گشتیدا ده‌فه‌رموێ: (لیس المؤمن بالطعان، ولا اللعان، ولا الفاحش، ولا البذيء) ، واته: بڕوادار تانه‌وته‌شه‌ردەرو نه‌فرینكه‌ر‌و زمانپیس‌و جوێنده‌ر نیه.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئاراسته‌یه‌ك بێت به گشتیى بۆ هه‌موو كه‌سێك، ئه‌وه‌ئاراسته‌یه‌كى تایبه‌ته بۆ مرۆڤه مولته‌زیم‌و پابه‌نده‌كان، ئه‌وانه‌ى كه بڕوایان به پابه‌ندیی به قورئانى پیرۆز‌و ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌ره‌وه هەیه ، بە تایبەتی تر ئەوانەی كە پەروەرشیارو ئامۆژگارو بانگخوازن..
ئه‌م بابه‌ته‌م له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى برایه‌كى به‌ڕێزى دۆستم نووسى، كه ئاماژەى به‌وه كرد ماوه‌یه‌كه زمانێكى زبر‌و ناشیرین له سۆشیال میدیا بەرامبه‌ر كه‌سێك، یان كه‌سانێك، یان به گشتى بەرامبه‌ر كه‌سایه‌تیى‌و لایه‌نانێك به‌كارده‌هێنرێت.
اللهم قد بلغنا، اللهم فاشهد.