یه‌كێك له كاره نابەجێ و نادروسته‌كان، دیارده‌ى ڕه‌خنه‌گرتنى تایبەت و شەخصی‌و ناوبردنى تاكه‌كه‌سه، له په‌یچ‌و واڵه گشتییه‌كاندا، به‌م بۆنەیەوه ئه‌م چه‌ند خاڵه ئه‌خه‌مه به‌رده‌ستى هاوڕێیانی بەڕێز:
یه‌كه‌م/ ڕه‌خنه‌گرتن، ئامۆژگاریى، سه‌رنجدان و گله‌ییكردنى بەجێ، نه‌ك تەنها به‌ماف ده‌زانین، به‌ڵكو به ئه‌ركێكى ئیسلامیی ئه‌زانین. به‌ڵام ڕه‌خنه ده‌بێت بنیاتنه‌رو ئامانجدار بێت، ئامۆژگاریى ده‌بێت به ئادابى خۆى بێت، سه‌رنجدان‌و تێبینىدان ده‌بێت له كات‌و شوێنی خۆیدا بێت و لە شێوازى خۆى ده‌رنه‌چێت.
دووه‌م/ ئێمه ده‌بێت پابه‌ند بین به ئاداب‌و ئاكارانێك كه ئیسلام فێرى كردووین، ده‌بێت ڕه‌خنه‌و ئامۆژگاریى‌و تێبینیدان ئه‌م مه‌رجانه‌یان تێدابێت:
1ــ كه‌سى شاره‌زا له بابەت و بوارێك ڕه‌خنه بگرێت، كه تیایدا شاره‌زاتر بێت لە كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو.
2ــ ڕه‌خنه - ته‌نانه‌ت ئامۆژگاریش – ڕاستەوخۆ ده‌بێت ته‌نها به كه‌سى ڕەخنه‌لێگیراو بگه‌یه‌نرێت، نابێت له كۆڕى گشتیدا‌و بە بەرچاوی خەڵكییەوە بێت. پێشه‌وا شافیعى فه‌رموویه‌تى:
تَعَمَّدني بِنُصْحِكَ في انْفِرَادِي وجَنِّبني النصيحة في الجماعهْ
فَإِنَّ النُّصْحَ بَينَ النَّاسِ نَوْعٌ من التوبيخِ لا أرضى استماعه
وإنْ خَالفْتنِي وعَصَيتَ قَوْلِي فَلا تَجْزَعْ إذا لمْ تُعْطَ طاعَه
واته: له كاتى ته‌نهاییمدا ئامۆژگاریم بكه، لامده له ئامۆژگاریكردن له ناو خه‌ڵیكدا. چونكه ئامۆژگاریى له ناو کۆڕ‌و لە ناو خه‌ڵكیدا، جۆرێكه له سەرزه‌نشتكردن‌و نامه‌وێ گوێم لێ بێت. خۆ ئه‌گه‌ر به گوێم نه‌كه‌یت‌و قسه‌م بشكێنیت، ناڕه‌حه‌ت مه‌به ئه‌گه‌ر به‌گوێم نه‌كردیت !
3ــ كه‌سى ئامۆژگار ده‌بێت خۆى ئه‌و خه‌سڵه‌ته چاكەى تێدابێت كه به كەسی بەرامبەرى ده‌ڵێت، یان ئەو خەسڵەتە خراپەی تێدا نەبێت كە قەدەغەی دەكات، تا نه‌چێته خانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌لێكراوانى: [كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لا تَفْعَلُونَ].. لەم بارەیەوە (أبو أسود الدؤلی) جوانى وتووه كه ده‌ڵێت:
لا تَنْهَ عن خُلُقٍ وتأتِي مِثله ... عارٌ عليك إذا فَعَلْتَ عظيمُ
إِبدَأ بنفسك وانْهَها عن غيها ... فإذا انتهت عنه فأنت حكيمُ
4ــ ده‌بێت ئامۆژگار هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر ئامۆژگاريكراو نه‌گۆڕێت، ئه‌گه‌ر ئامۆژگارییه‌كه‌ى قبوڵ نه‌كرد. چونكه ئامۆژگاریی نیشانه‌ی دڵسۆزییه، نەک کینەو ناڕەحەتیى، بۆیە ده‌بێت تێیدا بێڵێته‌وه بۆ جارانى تر.
5ــ ده‌بێت شێوازى ڕه‌خنه، یان سه‌رنج، یان ئامۆژگاریى، به نه‌رمیى‌و لەسەرخۆ بێت، حیكمه‌تى تێدا بێت، دڵسۆزانه بێت، ده‌مارگیریی تێدا نه‌بێت، ئەگەر ئامانج ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌و ناته‌واوییه.
هه‌ر سه‌رنجبه‌خشین‌و ڕه‌خنه‌گرتن‌و ئامۆژگارییه‌ك ئه‌و تایبەتمەندییانەى تێدا نه‌بوو، ئه‌وا گومان ده‌كه‌وێته‌سه‌ر نیاز‌و مه‌به‌ستى ئامۆژگارو كاریگەریشى نابێت.
ڕه‌خنه‌گرتن‌و ئامۆژگاریكردن بۆ كه‌سێكى دیاریكراو، وه‌ك تیرئه‌ندازیى‌و نیشانه‌گرتنه‌وه وایه، ئه‌گه‌ر نیشانه‌شكێن ته‌ركیزى له‌سه‌ر نیشانه نه‌بێت‌و چاوى له‌ملاو له‌ولاو باره‌كه‌ڵڵاى بینه‌ران بێت، نیشانه ناپێكێت‌و تیرەكەى سه‌روخوار ده‌كات. بۆیه ڕه‌خنه‌گرو ئامۆژگاریش نابێت چاوى له ئافه‌رین‌و چه‌پڵه‌لێدانى ئه‌م‌وئه‌و بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى له پێكانى ئامانج دووریى ده‌خاته‌وه، له بۆچوونى ئیسلامیشدا پێىده‌گوترێ (ڕیابازیى)و مایه‌ى گوناهبارییه. ئامۆژگار ئه‌بێت ئامانجى دیارى بێت كه ڕاستكردنه‌وه‌یه‌كى هه‌ڵه‌و له هه‌ڵه‌لادانى كه‌سێكه.
6ــ نابێت ئامانج له ده‌ربڕینى ڕه‌خنه‌و سه‌رنج، ڕووشاندنى كه‌سییه‌تى‌و شكاندنى كه‌سى ڕه‌خنه‌لێگیراو بێت، ئه‌وه نه ئامانجى ڕه‌خنه‌گر دێنێته دى، نه هه‌ق‌و دادگه‌ریشى تێدایه، جۆرێكه له سته‌م‌و ته‌جاوزى مافى بەرامبه‌ره‌كان. ئێمە فەرمانمان پێكراوە هەموو هەڵسەنگاندنێكمان ڕاست و دروست و بە پێوەر بێت: (و زنوا بالقسطاس المستقیم)، یان (ألا تطغوا في الميزان * وأقیموا الوزن بالقسط ولا تخسروا الميزان).
7ــ له بازنه ئیسلامییه‌كه‌ى (ئاداب)و (سلوك)دا هه‌ندێك خاڵى تریش هەن كه ده‌بێت ڕه‌چاو بكرێن، وه‌ك: گه‌وره‌و بچوكیى، باوك‌و فه‌رزه‌ندیى، مامۆستا‌و قوتابییه‌تى.. هتد. دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه نیه‌كه ئه‌مانه ڕێگرن له‌نه‌صیحه‌ت، یان ڕه‌خنه، نه‌خێر، چونكه پێغه‌مبه‌رى خوا () فەرموویەتى: {ا‌لدین النصیحة} كه لێشیان پرسیوه: لِمَنْ يا رسول الله؟ فه‌رموویه‌تى: (لِلّه، ولِرسولِهِ، ولأئمة المسلمينَ وعامّتهم}، كه‌واته ئامۆژگاریى ئه‌ركى سەرشانى هه‌موو كه‌س‌و ئاستێكه، به‌رامبه‌ر هەموو كه‌س‌و ئاستێك، بەڵام به مه‌رجى له به‌رچاوگرتنى ئه‌و خاڵانه‌و له به‌رچاوگرتنى جیاوازیى له نێوان ئه‌هلى فه‌زڵ‌و ئه‌وه‌ى ناومان نا گه‌وره‌و بچوك، یان مامۆستا‌و قوتابى، كه زیاتر عورفى ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تىی، ته‌حه‌ككومى تێدا ده‌كات. بۆ نمونه: ئامۆژگاریى قوتابییه‌ك بۆ مامۆستاكه‌ى، زۆر جیاوازه له ئامۆژگاریى قوتابییه‌ك بۆ هاوڕێیه‌كى خۆى، یان منداڵێك بۆ باوكى، یان دایكى، بۆ براو خوشكێكى خۆى، هه‌روه‌ها له هه‌ر ناوه‌ندێكى تر‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه‌عورفى گشتيى دیارى ده‌كات.
سێیه‌م/ بینا له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه، كه‌واته له‌م سه‌رده‌مه‌دا واڵى گشتیى فەیسبوك، كه‌ناڵى گشتیى تێلگرام، سایتى گشتیى‌و تویته‌ر، یوتیوب، ئینستگرام‌و ته‌واوى ڕێگاكانى فه‌زاى مه‌جازیى‌و سۆشیال میدیا، جێى ڕەخنه‌گرتن‌و ئامۆژگاریكردن نین بۆ كه‌س و لایەنێكى دیاریكراو، هه‌روه‌ها ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆن‌و به‌رنامه گشتییه‌كان، مه‌گه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تى گشتیی.
كه‌واته تاكه ڕێگه‌ى دروست، كه‌ناڵى تایبه‌ته، به ته‌له‌فۆنى شەخصیى، یان كورته‌نامه‌ى ته‌له‌فۆنیی، يان نامه‌ى داخراو‌و گرتەى دەنگیی كه‌ناڵى ئەنته‌رنێتیى، یان ڕاسته‌وخۆو دیدارى تایبه‌ت.
خواى گەورە هاوكارمان بێت بۆ جێبەجێكردنى ئاراسته ئيسلامييەكان.