دیاریی شەوی بیست و چواریی مانگی ڕەمەزان (بەرنامەى "١٠" شەوەى کۆتایی ڕەمەزان لە بیرەوەریی ڕۆژە زێڕینەکانى بانگەواز)
3/23/2025 5:57:59 PM
|
48 بینراو
ساڵى (١٩٨١ز) كە لە دەستی ڕژێمی بەعس دەرباز بووین، لە شارى (پاوە)ى ڕۆژهەڵاتی هەورامان گیرساینەوە. لە مزگەوتى گەورەى شار ــ کە بە مزگەوتى جامع ناسراوە ـ بەرنامەیەکى هەمەڕەنگمان دانا بۆ (١٠) شەوەى کۆتایی ڕەمەزان، ئەو کارە ساڵانى دوایی بووە نەریتێک و لە زۆربەى مزگەوتەکان ئەنجام دەدرا. ئەمەى خوارەوە پوختەى بەرنامەکەیە کە لەو شەوانەى ڕەمەزانى ساڵى (1981ز) دامان نا: (بە هیواى سوود لێوەرگرتن و لەبیرنەچوونەوەى ئەو ڕۆژگارە موبارەکانە دایدەنێم):
1ــ پاش تەراویح، پشوویەکى نیو سەعاتیمان ڕادەگەیاند، پاشان تەفسیرى بڕگەیەکى هەڵبژاردە لە قورئانى پیرۆز دەکرا، (١٠) خولەک. دە بڕگەمان دیاری کردبوو بۆ دە شەوەکە.
2ــ ڕاڤەى فەرموودەیەک. بۆ ئەوەش (دە) فەرموودەمان هەڵبژاردبوو، بۆ دە شەوەکە. (٥ خولەک).
3ــ پوختەیەک لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خواو بانگەوازى ئیسلامیی و زانا ناودارەكان، ئەگەر شەوەکە هاوکات بوایە لەگەڵ ڕووداوێک، تیشکمان دەخستە سەر ڕووداوەکە.. بۆ نموونە: بەدر، ئازادکردنى مەککە، شەوى قەدر.. هتد. (١٥ خولەك).
4ــ ڕوونکردنەوەى حوکمێکى شەرعیی تایبەت بە ڕەمەزان و ڕۆژووگرتن. (١٠ خولەک).
5ــ پشوویەکى نیو سەعاتی و دابەشکردنى خورماو ئاو، یان شیرینیی.
6ــ نیو سەعات پرسیارو وەڵام لە نێوان ئامادەبووان و سەرپەرشتیارى شەوبێداریی.
7ــ بڕگەى میوانى شەو. هەر شەوە مامۆستایەک لە گەڕەکێکی ترەوە دەهات، بابەتێکى پێشکەش دەکرد، (١٥ خولەک).
8ــ بڕگەى خوێندنەوەى شیعرى عیرفانیی شاعیرانی کلاسیک. (١٥خولەک).
9ــ بڕگەى تەواشیح و قەصیدە خوێندنەوە، بە ئاوازەوە. لەم بڕگەیەدا بەڕێزان مامۆستا (عبد الرحمن یەعقوبی) و کاک (حەسەن عەلى) بە دەنگە خۆشەکەیان ماندوویی ئامادەبووانیان دەحەساندەوە. (٢٠ خولەک).
10ــ بڕگەى (یادى خواو بیرکردنەوەو تێڕامان) بە تەنهاو هەر کەس بۆ خۆى، (تذكر)و (تفكر)و (تدبر) (نيو سەعات).
11ــ بڕگەى قورئانخوێندن، هەر کەس بۆ خۆی. (نیو سەعات).
12ــ بڕگەى نوێژو تەواوکردنى شەونوێژو ویترەکان. (نیو سەعات).
ئەم بڕگانە لەو ساڵانەدا چوار سەعاتێکیان پێ دەچوو، تا تەواو ئەبووین نزیکى پارشێو ئەبووەوە. دونیایەک لە صەفاو خۆشیی، وەک قوتابی پۆل، ژمارەیەکی جێگیر ئامادە دەبوون، کەس وەنەوزێکى نەئەدا، زیندووییەکى کەموێنە. بەرنامەکە بۆ خۆى خولێکى پێگەیاندن و پرۆگرامێكی مەعریفى پڕ لە زانیاریی بوو، جگە لە کەشە عیرفانییەکەی.
ئەمە تێگەیشتنى ئەو کاتەى ئێمە بوو لە چەمکى (قیام اللیل)، شەوهەستان، یان شەوبێداریی. دەمانوت نە لە قورئانداو نە لە سوننەتدا ئاماژە بەوە نەکراوە تەواوى کاتى شەوبێداریی بە نوێژ ببرێتە سەر، بەڵکو خواى گەورە لە قورئانى پیرۆزدا باسی (قیام اللیل)ى کردووە، نەک تەنها (صلاة اللیل)، پێغەمبەری خواش (صلى الله عليه وسلم)- بە پێی فەرموودەی صەحیح كە خاتوو عائیشە دەیگێڕێتەوە - لە ڕەمەزان و غەیری ڕەمەزاندا لە (11) ڕكات زیاتری نەكردووە. كەواتە سوپاسێكی زۆری خوا ئەكەین كە لەو كاتەوە – واتە پێش زیاتر لە (40) ساڵ– ئێمە شەوهەستانێكی سوننەتیمان ئەنجام داوەو لە پاڵ نوێژو زیكرو فیكراد سوودمان بە موسڵمانانیش گەیاندووە. الحمد لله الذي بنعمته تتم الصالحات.