دیاریی شەوى بیست و سێى مانگى ڕەمەزان (خەڵوەت لەگەڵ خۆشەویست)
3/23/2025 5:51:08 PM
|
33 بینراو
1ــ یەکێک لە دابی صالحین خەڵوەتە لەگەڵ خواى بەدیهینەر، ڕەنگە هەزاران موریدی ڕێگای عەشقی ئیلاهی، لە خەڵوەتگەی تەنهاییدا، مەدالیای ویصالی ڕاستەقینەو گەیشتنیان وەرگرتبێت. مەحوی شاعری حەكیم جوان وەصفی گلاراوی خۆری كردووە، كە وتوویەتی: خۆر حەقیەتی شەوو ڕۆژ بێتاقەتی دەكات، چونكە وادەی گەیشتن و (وصال)ی پێغەمبەری خۆشەویست (صلى الله عليه وسلم) بە زاتی خوا لە شەودا بوو، ئەو فەزڵ و گەورەییە بە نسیبی شەو بوو، ڕۆژ لێی مەحروم بوو!:
حەقییە ڕۆژو شەو کە بێتابی دەکا، وادەی ویصال
شەو بوو، بێبەش ما لە وەصڵی ئەو سەراپا جانە ڕۆژ
2ــ ئاخر كه دەیان جار لە قورئانی پیرۆزدا داوای (تفكر) و (تدبر) (تعقل) کراوەو ڕاشكاوانەش باسی (اعتكاف) هاتووە، خۆ بە بێ خەڵوەت و تاککەوتنەوە بە دروستيى ناکرێت. خۆ بیرکردنەوەو تێڕامان لە کۆڕو مەجلیس و جەماعەتداو بەدیار تەلەفزیۆن و مۆبایلەوە ناکرێت، پێویستی بە دوورکەونەوەیە لە جەنجاڵ و وەرگرتنی ڕوخسەتی دیداری دڵ و مێشکە، لەگەڵ خاوەنی حەقیقی، لەگەڵ خوای کردگار.
۳ــ بەڕێزان (ئیعتیکاف) پرۆسەیەکی ساڵانەیە بۆ ئەم مەبەستە، قورئان ئەسڵەکەی بۆ باسکردووین، (وٲنتم عاكفون في المساجد)، پێغەمبەری خواش (صلى الله عليه وسلم) شێوەو چۆنیەتییەکەی پیشان داوین، کە دەکرێت تەواوی دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان بێت، كە ئەوە سوننەتە گەورەو كامڵەكەیە، دەشکرێت شەوێک بێت، یان دوو شەو، يان سەعاتێک، یان زیاتر، یان کەمتر، بۆ ئەوانەی ناتوانن سوننەتە تەواوەكە جێبەجێ بكەن..
بە داخەوە ئەویش یەکێکە لە سوننەتە لەبیرکراوەکان.
٤ــ بۆیە لێرەوە بیری خۆم و خۆشەویستان دەخەمەوە كە هەلی ئەو چەند شەوەی ڕەمەزان بقۆزینەوە، بۆ تەرخانکردنی کاتانێکی دیاریکراو بۆ سازدانی خەڵوەتێکی ئیمانیی و بیرکردنەوە، بیرکردنەوە لە ڕابوردووی تەمەنمان، گوفتارو کردارەکانمان، ڕادەی بۆخوابوونمان، گوناهەكانمان، ئەندازەی دروستیی و نادروستیمان، ڕاستیی و ناڕاستیمان، ڕەنج و بەرهەمداریمان، بێبەرهەمیمان، هەروەها نیازو پلانمان بۆ داهاتوومان. پاشان موناجاتێکی عارفانئاسا لەگەڵ خاوەنمان بکەین و عەزممان جەزم کەین لەسەر خۆسازدانەوەیەکی نوێ بۆ ئەو ساتەی تەمەنمان کە ماوەو نازانین کەمە یان زۆر.