ديارى شەوى بیست و دووی ی مانگی ڕەمەزان (ئايا شه‌وى قه‌در يه‌ك جار بووه‌و دووباره نابێته‌وه؟)
3/22/2025 4:55:14 AM
|
161 بینراو
تا ئەو شوێنەی من بزانم له زانايانى پێشين كه‌س نه‌يوتووه كه ئه‌و شەوه يه‌كجار بووه‌و ئه‌و خێر‌و گه‌وره‌يى و پاداشته دووباره نابێتەوه. له هاوچه‌رخه‌كانيش ته‌نها له زاناى ڕۆژهەڵاتى کوردستان مامۆستا (ناصر سوبحانى) بيستراوه، كه پێى وايه شه‌وى قه‌در شه‌وێكى زۆر گه‌وره‌ى بێ هاوتايه، شه‌وى دابه‌زينى هيدايه‌تي خواييه بۆ مرۆڤايه‌تيى، بۆيه – لە لاى ئەوەوە - ناگونجێت ئه‌و شه‌وه گه‌وره‌يه به هه‌مان گه‌وره‌ييه‌وه دووباره ببێتەوه‌و شه‌وى قه‌درى هه‌ر ساڵێك به قه‌ده‌ر هه‌زار مانگ گه‌وره بێت و پاداشت و خێرى ئه‌و شه‌وه‌ش حيسابى هه‌زار مانگى بۆ بكرێت.
بۆيه ئەو پێى وايه ئه‌و فه‌رموودانه‌ى باس له گه‌وره‌يى ئه‌و شەوه دەکەن، بۆ بيره‌وه‌ريى و يادكرنه‌وه‌ى ئه‌و ڕووداوه گەورەیەيه، هەر وه‌ك بۆنەکانى يادى مه‌وليدو يادى ميعراج و يادى كۆچكردن و یادى فەتجى مەککەو.. هتد، نه‌ك كتومت دووباره ببێته‌وه.
به‌ڕێزيان ئه‌م بۆچوونه‌ى هه‌يه‌و پێیشی وایە پێش ئەو، تەنها شەهید (سيد قطب) هەمان بۆچوونی هەبووە، به‌ڵام بەندە سه‌يرى تەفسیری (في ظلال القرآ‌ن)ی سەیدم كرد، نه له ته‌فسيرى سورەتى قه‌در، نه له تەفسيرى سورەتى (الدخان)، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ڕايه‌ى ده‌رنه‌بڕيوه، به‌ڵام له ته‌فسيره‌كه‌یدا بۆ سوره‌تى (قه‌در) باس له گه‌وره‌يی و شكۆى ئه‌و شه‌وه گه‌وره‌یه ئه‌كات و خۆى لائه‌دات له باسى دووباره‌بوونه‌وه‌ى، یان نەبوونەوەى، كه ڕه‌نگه مامۆستا ناصر له‌وه‌وە ئه‌و خوێندنه‌وه‌يه‌ى بۆ بۆچوونى سه‌يد كردبێت.
ساڵانێك لەمەو پێش هاوڕێيانێكى زۆر ڕەمەزانان پرسيارى ڕاى خۆميان ده‌رباره‌ى ئه‌و بۆچوونه‌ى مامۆستا ناصر ئەكرد؟ وه‌ڵامم تا ئه‌م ساته ئەمەیە:
به‌نده ئه‌و ڕايه‌ى مامۆستا ناصر به نامۆ ده‌زانم و پێم وايه لەگەڵ واتاى ئايه‌ته‌كانى سوره‌تى قه‌دريش نايه‌ته‌وه، كه يه‌ك وشەى (كان)ى تێدا نيه، تا بوترێ باسى ڕابردووه، بگره به صيغەى ڕسته‌ى ئيسميی: (ليلة القدر خير من ألف شهر) و (سلام هي حتى مطلع الفجر)و صيغه‌ى موضاريعى (تتنزل الملائكة والروح فيها) هاتووه، كه هه‌ر دوو صيغه‌كه به‌رده‌واميی و ئيستمراريه‌ت ده‌گه‌يه‌نن. (ڕاسته ئه‌مه‌ش وه‌ڵامى هه‌يه‌و ده‌وترێ كه بۆ ئەوەیە خوێنه‌رى قورئان بكه‌وێته‌وه ناو ڕووداوه‌كه‌و ئه‌م شێوازه له زۆر جێى تر‌ى قورئاندا دووباره بووه‌ته‌وه)، به‌ڵام جگه له‌وه، بوونى چه‌ند ڕيوايه‌تێكى صه‌حيح ئه‌و واتايه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه، بۆ نموونه: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆى فەرموويەتى: (تحروا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان) ، ئه‌م ڕيوايه‌ته‌و هەندێكى تر‌و ڕاى زۆرينه‌ى فوقه‌هايانى صه‌حابه‌و تابعين، ئه‌و بۆچوونه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه كه گه‌وره‌يی ئه‌و شه‌وه وه‌كو خێر‌و به‌ره‌كه‌ت و خه‌ڵات و بەخششێكى تایبەتى خوای میهرەبان به ئوممه‌تى ئيسلام به‌خشراوه.
ئه‌مه دوا بۆچوونمه‌و بابه‌ته‌كه‌ش ته‌حقيقى زياتر هه‌ڵده‌گرێت.
بەڵام له كۆتاييدا تێبينييه به‌رده‌وامه‌كه‌ى خۆم دووباره دەكەمەوه كه چه‌ند جارى تر بير‌ى موسڵمانانم هێناوەتەوە:
یەکڕیزیی موسڵمانان و ڕێزگرتن له يه‌كتريى و پاراستنى حورمه‌ت و ئاسایشی مزگەوت و تێكنەدانی برایەتی ئیمانیی و نەشێواندنى كه‌شى عيباده‌ته‌كان، واجیبەو لەپێشترە، ئەم کارانە ئەوپەڕی ئەوەیە سوننەت بن، لە هیچ حاڵەتێکدا ڕەواو ڕاست نیە بۆ سوننەتێک، واجبێک پێشێل بکەین، بۆیە لەسەر کردن و نەکردنی سوننه‌تێك، يان ده‌رخستنى بۆچوونێكى جياواز، کەس لۆمەی کەس نەکات و دەرگای غەیبەت و قسەو قسەڵوک نەکرێتەوە، به تايبه‌تى له هه‌ر بابه‌تێكدا به‌ڵگه‌ى (قطعي الدلالة)و يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى له‌سه‌ر نه‌بێت و به‌و هۆيه‌وه ڕاى جۆراوجۆرى زانايانى له‌سه‌ر دروست بووبيت.
خوای گەورە نوێژ‌و ڕۆژوو و شەوبێداریی و پەرستش و ئيعتيكافی موسڵمانان وەربگرێت. (ربنا ... وَلا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلا لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ).