زنجیرەی مێژووی ڕێکخراوە کوردییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست ئەڵقەی (٥) جەمعییەتی تەعالی کوردستان، (١٩١٨ز)
8/20/2023 10:55:40 PM
|
569 بینراو
زنجیرەی مێژووی ڕێکخراوە کوردییەکانی
نیوەی یەکەمی سەدەی بیست
ئەڵقەی (٥)
جەمعییەتی تەعالی کوردستان، (١٩١٨ز)
ن: د. عومەر عەبدولعەزیز
جەمعییەتی تەعالی کوردستان ساڵی (١٩١٨ز) لەسەر دەستی حەمزە موکسیء خەلیل خەیالیء سەعید نورسیء ژمارەیەکی تر، دامەزرا. ناوی ئەم سێ کەسە وەک دامەزرێنەرەکانی سەرەتایی ڕێکخراوەکە ھاتووەو ئەوان یەکەم کارەکانی دامەزراندنی جەمعییەتی تەعالی کوردستانیان ڕاپەڕاندووە. دواتر چەندین کەسایەتییء زاناو ڕۆشنبیری کورد بوونەتە ئەندامی، لەوانە: ئەمین عالی بەدرخان، شێخ سەعیدی پیران، شەریف پاشای خەندان، تەوفیق وەھبی، ئیحسان نوری پاشا، پیرەمێردی شاعیرو ڕۆژنامەنووس، عەزیز یامولکی، ئەمین زەکی بەگ، عەبدولکەریمی حاجی عەوڵاء چەندینی تر. ھەروەھا کەسایەتی بە تواناو ھەڵکەوتووی کورد شێخ عبد القادر کوڕی شێخ عبید اللەی شەمزینی کرایە سەرۆکی، ئەم بەڕێزە لەو پێناوەشدا گیانی بەخت کردو ساڵی (١٩٢٥ز) لە شاری ئامەد لەسەر دەستی تاقمەکەی (ئەتاتورک) لە سێدارە دراو شەھید کرا.
محەممەد ئەمین بوز ئەرسەلانء زنار سلوپی، پێیان وایە (سەعید نورسیء حەمزە موکسی، بەڕێوەبەری گۆڤاری (ژین)و (خەلیل خەیالی)، ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە بوون. ئەوەش کە ڕاستیی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێ کە سەعید نورسی ئەندامی دامەزرێنەری ئەو ڕێکخراوە بووە، ئەوەیە کە سەعید نورسی ئەندامی ئەو شاندە بووە کە بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوەکە سەردانی کۆمیسیاریای ئەمریکایان کردووەو بە درێژیی باسی کوردستانیان کردووە. شاندەکە جگە لە سەعید نورسی، شێخ عبد القادری نەھریء ئەمین عالی بەدرخانء دکتۆر محمەممەد بەگی تێدا بووەو ھەندێک بابەتی گرنگیان بەگوێی ئەمریکییەکاندا داوە، کە جێی نرخاندنەو بەپێویستی دەبینین ئاماژەیەکی پێ بکەین، بە تایبەتی لەلایەن (سەعید نورسی) یەوە کە زۆر بوێرانەو ڕاشکاوانە وەڵامی ئەمریکییەکانی داوەتەوە.
لەو دیدارەدا وەفدە ناوبراوەکەی کورد نەخشەیەکیان لە بەردەم ئەمریکییەکاندا ڕاخستووەو جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت ڕێی کوردستان بۆ سەر دەریا بکرێتەوە!، کۆمیسیارە ئەمریکییەکەش جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بڕیار دراوە (دەوڵەتێکی ئەرمەنیی) لەسەر بەشێکی زۆری خاکی کوردستان دابمەزرێت، لەو کاتەدا (سەعید نورسی) بەتوندییء جۆرێک لە ھەڕەشە وەڵامی کابرای ئەمریکیی داوەتەوەو وتوویەتی:
"ئەگەر کوردستان کەناری دەریای ھەبوایەو پاپۆڕو کەشتییەکانی ئێوەش بیانتوانیایە نزیکی ئەو کەنارانە ببنەوە، ئەو کاتە دەتانتوانی ئەو بیرۆکەیە جێبەجێ بکەن، بەڵام کەشتییەکانی ئێوە ناگەنە شاخەکانی کوردستان، لەبەر ئەوە ناتوانن ئەو بڕیارەتان جێبەجێ بکەن."!
لە کۆتاییشدا وەفدی کوردیی داوایان کردووە کە ئەمریکا یارمەتیی کورد بدات بۆ دابینکردنی مافەکانی.
ئەم ڕێکخراوەش وەک زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی دیکەی ئەو سەردەمە، جەختی کردەوە لەسەر پێناسی ئیسلامیی نەتەوەی کورد، لەگەڵ گەشەپێدانی وەزعی کوردستان، بۆیە لە ماددەی (٤)ی پێڕەوی ناوخۆیدا ئەم دەقە ھاتووە:
"جەمعییەتی تەعالیی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی کوردستان لە ڕووی ماددیء مەعنەوییەوە پێش بکەوێت. ھەروەھا لە نێو کورددا لە ڕووی فیکرو باری دەرونییەوە چاودێریی گەشە کردنء پەروەردەی ئیسلامیی دەکات".
لە مادەی (٣٢)شدا دەڵێت: "جەمعییەتەکەمان لەسەر بنەمای یەکیەتییء گەشەکردنی نەتەوە دامەزراوەو ڕێز لە پەروەردەی ئیسلامییء شارستانییء نەتەوەیی کورد دەگرێت."
شایانی باسە لە ڕاپۆرتێکی بەڵگەنامە ئینگلیزەکاندا -کە سیخوڕێکی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ سەفارەتی ئەو وڵاتەی لە بەغدا نووسیوە- وێڕای ئەوەی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەندامێتی (پریا بەدرخانء عارف پاشای ماردینیء شەریف پاشا)ی سەرکردەی ناسراوی کورد لەو ڕێکخراوەدا، ئەم دەقەش ھاتووە: "کۆمەڵەی (تەعالی کوردستان) ڕێکخراوێکی ئیسلامییە. لە ھەموو ناوچەکانی تورکیاو سوریا بەشی ھەیە، لەناو ئاستە باڵاکانی سوپادا ئەندامێکی زۆری ھەیە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە کۆمەڵەی ناوبراو زۆر چالاک بووەو کەسانێکی وەک: شێخ عبد القادر کوڕی عبید اللە نەھریء مستەفا پاشای کوردیء مەلا سەعیدی کوردی (مەبەستی بدیع الزمان سەعیدی نورسی یە)و ئیبراھیم بەگی حیدەری، لە ئەندامانی بوون. (شەریف پاشای خەندان) یش بە ناوی کۆمەڵەی ناوبراوەوە- لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە-بەشداریی دەیان کۆنگرەی ئاشتی کردووە، بە تایبەتی کۆنگرەی بەناوبانگی باریس." مەبەستی جەنەراڵ شەریف پاشایە کە ساڵی (١٩١٩ز) بە نوێنەرایەتی کورد بەشداریی کۆنگرەی ناسراو بە (کۆنگرەی ئاشتی پاریس)ی کرد. ھەروەھا شێخی شەھید شێخ سەعیدی پیرانء نووسەری گەورە محەممەد ئەمین زەکی بەکء سەربازی دڵسۆزی گومناو خەلیل خەلیلی، ئەندامی ئەم ڕێکخراوە بوون.
ڕێکخراوی (تەعالی کوردستان) گۆڤارێکی بە ناوی (کوردستان) دەرکردووە، کە وا دیارە (٣٧) ژمارەی لێ دەرچووە، گۆڤارەکە لە چاپخانەی (نجم استقبال) چاپدەکراو محەممەدی میھریی ھەورامانی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەری بووە. ھەروەھا گۆڤاری (ژین)یش لە ساڵانی (١٩١٨و ١٩١٩ز) وەک ئۆرگانی ڕێکخراوەکە دەرچووە، گیانی ئاینپەروەرییء خەمخۆریی بۆ کوردستان لە زۆر وتارو بابەتی بڵاو کراوەی ئەم ڕۆژنامەیەدا، ڕەنگی داوەتەوە. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زۆربەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەو کاراکانی ئۆرگانەکەی، کەسایەتیی ھۆشیارو دڵسۆزی نەتەوەو ئاینپەروەر بوون.
بۆ نمونە کەسایەتییەکی وەک ئیبراھیم حەیدەری- کە لە ئەدەبیاتی تورکیادا بە (حەیدەری زادە ئیبراھیم ئەفەندی) ناسراوە- لە یەکەم ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیەدا دەڵێت: "خۆشەویستەکەی ناو ویژدانی کوردان، دینء ئیمانە، ھەموو کاتیش ئامادە بوون بۆ ئەوەی قسەکانی خودا بەرزو پیرۆز ڕابگرن." ئەمەش سەرسوڕھێنەر نیە، چونکە ناوبراو - کە وتمان ئەندامی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان بووە- سێ جار لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بۆتە (شیخ الإسلام)ی ھەموو وڵاتەکانی سەر بەو ئیمپراتۆریەتە. شایانی باسە ئەم کەسایەتییە ساڵی (١٩٣٠ز) بۆتە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی (یانەی سەرکەوتن) کە لە بەغدا دامەزراوە. ھەمان کات لە کابینەی حکومەتی عیراقدا بۆتە وەزیری ئەوقافء لە (١٩٣١ز) کۆچی دوایی کردووە.
ھەندێک پێیان وایە کە ئەو کۆمەڵە سیاسییەی ئەفسەرانی کورد، کە دواتر بە ناوی (جڤاتا خووەسەری کورد) دامەزراو ئامانجی سەربەخۆکردنی کوردستان بوو لە حکومەتی کەمالییەکانی تورکیا، درێژکراوەی (کۆمەڵەی تەعالی) یە، چونکە شێخ سەعیدی پیران ئەندامی بووەو ھەر ئەم ڕێکخراوەش بوو کە لە ساڵی (١٩٢٥ز) کۆنگرەیەکی گەورەی سازکردو بڕیاری ڕاپەڕینە سەراسەری یەکەی دا، کە شێخ سەعید ڕابەرایەتی کردو لەپێناویدا خۆیء (٤٨) سەرکردەی کورد لە (٢٩/٦/ ١٩٢٥ز) لەسەر دەستی کەمالییە توندڕەوە عەلمانییەکان، شەھید کران.
سەرچاوەکان:
١- ژمارە (٧)ی ژین، لە (٢/١/١٩١٩ز)، محەممەدئەمین بوز ئەرسەلان لە بڵاو کراوەکاانی دەنگ، سوید، (١٩٨٩ز).
٢- دۆزا کوردستان، زنار سلوپی، دەزگای ستێر، (١٩٦٩ز).
٣- جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، ئیسماعیل گوێڵداش، وەرگێڕانی زریان ڕۆژھەڵاتی، بنکەی ژین، سلێمانی.
٤- الجمعیات والمنظمات الکردیة، د.عبد الستار طاھر شریف.
٥- الکورد في الوثائق البریطانیة، د. عثمان علی.
٦- القضیة الکردیة، بلە. ج. شێرکۆ، بیروت، (١٩٨٦ز).
٧- الأسرة البدرخانیة، د. صلاح ھروری.