دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

دیاریی شەوی نۆزدەهەمی مانگی ڕەمەزان (مانگى ڕەمەزان و ساڵى نوێ . هەلى بەخۆداچوونەوەو گۆڕانكاریین)

3/19/2025 4:57:35 AM   |   62 بینراو
   یەكێك لەو وانەو پەندانەى كه له ئاڵوگۆڕى كات و سات و شەوو ڕۆژو مانگەكاندا دەبێت سوودیان لێ وەربگیرێت، گۆڕانكارییه، گۆڕانكاریى به هەموو مانا بەرفراوانەكەى.. 
   مرۆڤ دەبێت له دیارده پڕ له ئاڵوگۆڕەكانى گەردووندا عیبرەتى تازەكاریى و جوانكاریى و بەخۆداچوونەوە وەربگرێت. نوێبوونەوەى ساڵ، واته كەوتنه قۆناغێكی نوێ. هاتن و بەڕێكردنی مانگ و وەرزە تازەكان، واته بەپیرەوەچوونى داواو خواستى تازه، واته وەلانانى ئەو خاڵ و حاڵەته نالەبارو سەلبییانەى تەمەنى ڕابردوویان بێ ڕەونەق كردووه، واته قەرەبووى دواكەوتن.
   هەق وایه هەموومان له وێستگەى تێڕامانى ساڵى پارو ڕووداوەكانى ناوخۆو دەرەوەدا زۆر بمێنینەوەو لەبەر ڕۆشنایى دوا گۆڕانكارییە ناوچەیى و جیهانییەكاندا، جێ پێ و جێ ئەنگوستى خۆمان بدۆزینەوەو ڕادەى كاریگەرێتیى و پەیوەندیى ڕووداوەكان لەسەر خۆمان و دەوروبەرمان ببینین. 
 *مرۆڤى بڕوادار ئامانجدارو پەیامداره، كە پەیامداریش بوو، ئەكتیف و خەمخۆرو بە بەرهەمه، بە دواى قۆستنەوەى هەل و دەرفەتەكانەوەیه، كارى زۆرو كاتى كەمه، بۆیە كات بەفیڕۆ نادات، لەكاتى هەر كارێكدا لەبیرى كارى ساتەوەختى دواى ئەودایه.
* بڕوادار وا تێگەیشتووە له قورئانى پیرۆز: [فإذا فرغت فانصب]: هەر كات لێبوویتەوە هەستەرەوه، یانى چی؟ یانى: مەسرەوه، مەوەسته، لەهەر كارێك بوویتەوه، هەستەرەوە بۆ كارێكى تر! بۆیە عەلى كوڕى ئەبوتالیب (خوا لێى ڕازى بێت)  وتوویەتى: "من استوى یوماه فهو مغبون... ومن لم یكن على الزیادة فهو فی النقصان، ومن كان فی النقصان، فالموت خیر له": هەركەس دوو ڕۆژى وەك یەك بن، دۆڕاوو زیانمەنده. هەر كەس لە زیادبووندا نەبێت، لەكەمبووندایه. هەركەسیش لەكەمبووندا بێت، مردن بۆی باشتره، چونكە خۆى بەرەو نەمان و مردن گلۆر بووەتەوه. ئەمە ماناى ئایەتى [لمن شاء منكم أن یتقدم أو یتأخر]ە، نەیفەرمووه: (لمن شاء منكم أن یتقدم أو یتوقف)، یان پێشكەوتن، یان دوا كەوتن، لەو بەینەدا وەستان نیه، چونكە هەر وەستانێك یانى دواكەوتن، دواكەوتن لە جووڵەى هەموو گەردوون، هەموو بوونەوەر له بەرەوپێشچووندایه، تەنها مرۆڤى وەستاو دواكەوتووه.. بۆیە بڕوادار دەبێت بەدەم داواى خواوەبچێت: [وسارعوا إلى مغفرة من ربكم]، چونكە خێرا نەچێت، دوا كەوتووه، [فاستبقوا الخیرات]، چونكە ئەوەى مونافەسەى پێشكەوتن بكات، زۆرترى دەست دەكەوێت و زووتریش دەگات.
   ئاخر بڕوادارى پەیامدار دەبێت (طموح) بێت، نابێ بڵێت: خۆ هەر دەگەم، پەلەم چییه؟ ئەى بۆ زوو نەگات؟ ئەى بۆ نەچێتە ڕیزى (سابقون)؟ ئاخر ئەبێت بزانێت كە هەموو نەسلێك (سابقون)ى خۆى هەیه، بۆچى بچێتە ڕیزەكانى دواتر؟ مەگەر نازانێت: سابقون نزیككراوەكانى لاى خوان؟ (والسابقون السابقون، أولئك المقربون). دەى چۆن نزیک بە دوور دەگۆڕێتەوە؟!
   براو خوشكە بەڕێزەكان!   
   ڕەمەزان هەلى ئەم جۆرە بیركردنەوانەیه، بۆیە هەلى قەرەبووكردنەوەیشه. با هەنگاو بنێین، تاكو خوا هاوكارمان بێت.    
 



بابەتی زیاتر...

 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
            :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر