دياریی شەوی هەژدەیی مانگی ڕەمەزان (دەربارەى سروشتى ململانێ لە دیدى قورئانییەوه)
3/18/2025 2:03:11 PM
|
38 بینراو
١ــ قورئانی پیرۆز لە جێى (صراع) وشەى (تنافس)ى بەکارهێناوە. (تنافس) هەستێکى فیطرییە، مرۆڤ هان دەدات بۆ پێشکەوتن لە کارێکدا. لە بابى (تفاعل)یشە، واتە دوو تەرەف پێکەوە شانشانێن دەکەن، پێشبڕکێ دەکەن، هەرکەس بە هیممەتى خۆی، نەک لەسەر حیسابى یەکتر! (وفي ذلك فلْيتنافسِ المتنافِسون).
٢ــ زۆر هەڵەیە کە بۆ ماناى (ململانێ)، وشەى (صراع)ى عەرەبی دانراوە. (صراع) لە قورئاندا بە ماناى بە زەویدادان و خستنى بەرامبەر بەکارهاتووە: (فتَرى القومَ فیها صَرعى..)، کە بۆ (ململانێ) واتایەکى سلبی دەدات، واتە: لەناوبردنى بەرامبەر، لە جێى مونافەسەو ململانێی ئیجابى.
٣ــ وەزنى (تنافس)یش کە لە بابى (تفاعل)ە، وردو پڕواتا ترە ــ کە قورئان بە مەبەست بەکارى هێناوە ــ تا (منافسە)، کە بابى (مفاعلە)یە. (تنافس) واتە دوو لایەن پێکەوە هاوکات شانشانێن بکەن بۆ پێشکەوتن! بەڵام (منافسە) واتە یەکێک دەسپێشخەر بێت بۆ ململانێکە!
٤ــ بۆیە دەستەواژەى (مونافەسەى شەریفانە)و (ناشەریفانە) هەڵەیە، هەموو مونافەسەیەک شەریفانەیە، هەرچەند لەو وشەيەش گونجاو تر (تنافس)ە.
٥ــ لە ئاقارى باسى ململانێدا قورئان وشەى (استباق)یش بەکارهێناوە، (..ولکن لیبلوکم فیما آتاکم، فاستبقوا الخیرات)، بە واتاى: هەوڵدان بۆ پێشکەوتن لە کارە خێرەکاندا، کە حیکمەتى جیاوازیی مرۆڤەکانەو ژیان و دونیا هۆڵى ئەو تاقیکردنەوە گەورەیەیە.
٦ــ بنەماى دروستبوونى (تنافس) جیاوازیی لێهاتن و توانایی و بەهرە خودادادییەکانە لە مرۆڤەکاندا، کە جیاوازیی تەنەووعى و تەکامولییە، نەک دژیەکیی و تەضاد: (قُلْ كل يَعملُ على شاكِلتِهِ).
٧ــ ئامانج لە دروستکردنى رۆحى تەنافوس لە مرۆڤەکاندا، هێنانە بەرهەمى بەهرەو نیعمەتە خواییەکانە، لە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى زەویدا: (..واستعمرکم فیها). هەروەک ئامانج لە جیاوازیی گەل و هۆزەکان یەکترناسینە: (وجعلناکم شعوبا وقبائل لتعارفوا)، یەکترناسینیش هەنگاوە بۆ ئاڵ و گۆڕى ئەزموون و پڕکردنەوەى نیازمەندیی یەکترو دەرکەوتنى تایبەتمەندییەکان.
٨ــ قورئان باوەڕى بە قۆرخکاریی نیە، پەیامى قورئان تەواوکارە، بۆیە (١٢) جار وشەى (مصدق)ى بۆ قورئان بەکارهێناوە، یانى: پشتڕاستکەرەوەى پەیامەکانى پێشووە. واتە: باسکردنە لە دۆزینەوەى خاڵى هابەش لەگەڵ بەرامبەرەکان: (مصدقا لما معکم)! (ئەم خاڵە وانەیەکى گرنگە بۆ شێوازى خیطابى بانگخوازان.)
٩ــ دایەلۆکى ئیجابیى و (حوار) ڕێگایەکى ترە بۆ گەشەى ململانێ و تەنافوس. ئەویش بە ڕێزگرتنى بەرامبەر ئەبێت لە کاتى (خطاب)دا. لەم دوو ئایەتە ورد ببنەوە کە بە دواى یەکدا هاتوون: (وإِنّا أو إِياكم لَعَلى هُدىً أو في ضَلالٍ مُبين)! (قل لا تُسْأَلونَ عَمّا أَجْرَمْنا، ولا نُسْأَل عما تَعْمَلُون)، دوو ئايەت كە بە داخەوە زۆربەى بانگخوازان لە خيطاب و وتاریاندا پەیڕەوییان لێ ناکەن.
بە هیوای تێگەیشتی زیاتر لە قورئانی پیرۆز، لە مانگى قورئاندا.