دیاریی شەوى حەڤدەى مانگی ڕەمەزان (ڕەمەزان مانگی كاری گەورەو چالاكییە، نەك تەمەڵی)
3/16/2025 7:11:09 PM
|
50 بینراو
لای زۆربەی موسڵمانان ڕەمەزان بووەته مانگی تەمەڵیی و خەوتنی زۆرو بێتاقەتی، لە کاتێکدا ڕەمەزان لە واقیعدا مانگى شکاندنى عادەتەکان وکەمخەویی و کەمخۆرییە، خولێکی چڕو پڕی مەشقی جۆراوجۆرو ڕووداوی گەورەو دەسکەوتی نەوعییە:
۱- لە ڕەمەزاندا پەیامی هیدایەتی خوا، (قورئان) دەستی بە دابەزین کرد.
۲- لە ڕەمەزاندا سەرکەوتنی (بەدر)ی گەورە لەسەر دەستی موسڵمانان ڕووی دا، کە قورئانی پیرۆز باسی دەکات.
۳- لە ڕەمەزاندا کەناڵی (خەندەق) بە دەوری مەدینەدا هەڵکەنرا، كه قورئان باسی دەکات.
٤- لە ڕەمەزاندا شاری مەککە لە ستەم و بتپەرستیی پاککرایەوە، کە قورئا ن باسی دەکات.
5ــ لە رەمەزاندا وڵاتی ئەندەلوس فەتح کرا۰
٦- لە ڕەمەزاندا لەسەر دەستی صەلاحەدینی ئەیوبی و سوپاکەی شاری پیرۆزی قودس ئازاد کرا.
7ــ لە ڕەمەزاندا سەرکەوتنی گەورەی (عەین جالوت) لەسەر دەستی سیف الدين قطزو سوپاکەی تۆمار کرا۰
۸ ـ لە ڕەمەزاندا (قسطنطینیه)ی پایتەختی رۆم لەسەر دەستی موحەممەد فاتیح، لە ستەمی بێزەنتییەکان ئازاد کرا۰
9- لە ڕەمەزاندا دەیان شوێنى وەک دورگەى قوبروص و عاموریەو بۆسنەو هەرسک و نەوبەو بلاط الشهداء و مەنصوره..هتد، ئازاد كران.
9ــ لەڕەمەزاندا سەدان کتێبی گەورەو سەرچاوەی مەزنی تەفسیرو فەرموودەو فیقهی ئیسلامیی، له لایەن زانا گەورەکانەوە تەئلیف کران.
کەواتە ڕەمەزان مانگی هیممەتی زیاترو دەسکەوت و داهێنان و بەرهەمی نەوعییە، بۆیە با بە هەموومانەوە لە تەمەڵیی بتۆرێین و گوژمی زیاتر بدەینە خۆمان و هەر کەسمان لە بواری لێزانی خۆماندا بە داهێنان و دەسکەوتەوە ماڵئاوایی لەم ڕەمەزانە بکەین۰ ئەوەش بەشێکی ترە لە واتاو بەرهەمی (لعلکم تتقون) و (لعلکم تشکرون)، کە قورئانی پیرۆز بە بەرهەمی ڕۆژووی داناون۰
خوا یارمەتیدەری هەموومان بێت.