دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

دیاریی شەوی شازدەهەمی مانگی ڕەمەزان (پێشنیار بۆ کۆکردنەوەو بەخشینی سەرفیترە)

3/16/2025 1:35:29 AM   |   84 بینراو
1ـ چاکتر وایە هەر بنەماڵەیەک صندوقێک دابنێن بۆ کۆکردنەوەی سەرفیترەی هەموو خێزانەکانیان، تاکو بڕێکی گونجاوی لێ پێکبێت و هەمووی بەسەریەکەوە ببەخشرێ و کەلێنی نەداریی ماڵە هەژارێک پڕ بکاتەوە. چونکە بەخشینی پیتکە پیتکەو هەرکەس بۆ خۆی بە جیا، جێیەکی ئەوتۆ ناگرێت.
2ـ دەرکردنى زەکاتى سەرفیترە لە خۆرئاوابوونى دوا شەوى ڕەمەزانەوە دەست پێدەکات، تاکو نوێژى جەژن، فتواش دراوە کە یەک دوو ڕۆژ پێش جەژنیش بدرێت، تاکو جێیەک بگرێت بۆ نیازمەندان و کەمدەستان.
3ـ سەبارەت بە بڕی (سەرفیترە)ش: باشتر وایە كە سێ ئاست دیاری كەین: بۆ كەسانی دەستكورت و مامناوەندو دەوڵەمەند. واتە: بڕی بەخشینی هەر سێ ئاستەكە جیاواز بێت، چونکە حیکمەتى تێدا نیە کە کەسێکى زۆر دەوڵەمەند هەمان ئەو بڕە وەک سەرفیترە ببەخشێت کە کەسێکى هەژار دەیبەخشێت.
4ـ خوای گەورە بۆ بەخشينى كەفارەتی سوێند فەرموویەتی: (.. من أوسط ما تطعمون أهلیكم)، ئەكرێ ئەمە بكەینە پێوەرو هەر كەس موعەددەلێكی ئەوەی بۆ ژەمێكی خۆی تێی ئەچێ، ئەوە بكاتە پێوەر بۆ يەك سەرى خێزان، واتە: نە ئەو ڕؤژەی كە شتی زۆر سادە دەخوات، نە ئەو ڕۆژەش كە شتی زۆر چاك و گرانبەها دەخوات. موعەددەلی ئەو بڕەی بۆ ژەمی تاكێكی خێزانی صەرفی دەكات. بە بۆچوونی بەندە بڕی ئەو سێ ئاستە لە پێنج هەزارەوە دەست پێ بكات، تاكو حەوت هەزار بۆ ئەمساڵی (2025).
   پوختەی ئەحكامی تایبەت بە زەكاتی (سەرفیترە)
   دووبارە بابەتی سەرفیترە وروژێنراو کرایەوە بە کێشەی ناو موسڵمانان، گوایە بە پارە ناکرێ و ئەبێ هەر قووت بێت.
بەڕێزان براتان لەم بابەتەدا ئەم خاڵە بنەڕەتییانە عەرز دەکەم:
1ــ ئەم بابەتە خیلافییەو بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر نیە، پێشەوا شافعی و قەولێکی پێشەوا ئەحمەدو قەولێکی پێشەوا مالک، لەگەڵ ئەوەن هەر ئەبێت قووت بدرێت۰ بەڵام لە بەرامبەرەوە پێشەوا ئەبوحەنیفەو قەولێکی ئەحمەدو راجحی قەولی مالک و پێشەوا بوخاری و خەلیفە عمر عبد العزیزو حەسەنی بەصری و سوفيانى ثه ورى و ئەبو ثه ورو زۆرێکی تر لەگەڵ ئەوەن کە گۆڕینی قووتیش بە پارە، یان شتی تر جائیزە. (ابن تیمیە)ش وتوویەتی: لە كاتی پێویستیی، یان نیازمەندیدا، بە پارەش دەبێت۰
   بەوجۆرە لە درێژایی مێژوودا چەندین فوقەهای گەورەی سەلەف، فتوایان داوە کە سەرفیترە بە بەهاش ئەکرێ، واتە بە بڕی پارە لەجێی قووت، كەواتە مەجالی تێدایەو هەر لە کۆنەوە هەردوو ڕاو بۆچوونەكە هەن.
2ــ جارانى تريش وتوومانە: هەر بابەتێک خیلافیی بوو، ئیتر قسەی هیچ لايەک مولزیم نیەو هەق نیە ناوی شەریعەتی لێ بنرێت و خەڵکیی پێ ئیلزام بکرێ و ڕای دووەم و بەرامبەر بە نادروست و ناشەرعیی دابنرێت۰
3ــ هەموو حوکمێک حیکمەتێکی هەیە، بە پێی ئایەت و فەرموودەکانی تايبةت به زەکات و صەدەقە، حیکمەتی سەرفیترە كەفارەتی وردە گوناهە بۆ ڕۆژووەوان و دەستگرۆییەکیشە بۆ هەژاران، تا ڕۆژی جەژن وەجاخیان گەرم بێ و منداڵیان بێ نان  و بەرگ نەبن و بە خـۆشیی لەگەڵ موسڵمانان جەژن بکەنەوە.
   دیارە ئەو حیکمەتەش بە هەردوو ڕێگەکە تەحقیق ئەبێت، هەم بە بەخشینی قووت، هەم بە بەخشینی پارە، بە پێی حاڵی کەسەکانیش ئەگۆڕێ، بۆ نموونە: کەسێک قووتی جەژن لە ماڵیدا هەبوو، بەڵام باوکەکە پارەی كڕینی جل و بەرگێکی بۆ منداڵێكی یان هاوسەری نەبوو، ئەگەر بە فەردە گەنم و برینجیش بەریتە ماڵی، هەر ئەیکاتەوە بە پارە، چونكە پارەی پێویستە!
4ــ جا ئەگەر بايەخ و گرنگیی بۆ ئەو حیکمەتە دابنێین، ئەبێت لە بەخشينى سەرفیترەدا ڕەچاوی دوو خاڵ بکەین:
یەکەم/ بەرژەوەندیی هەژاران لەچیدایە، ئەوە بکەینە پێوەر چونكه دەقێكی یەكلاكەرەوەی لەسەر نیە۰
دووەم/ لادانى حەرەج لەسەر خەڵکیی و کارئاسانیی بۆ موسڵمانانیش پێوەرێکی ترەو ئەبێ حیسابی بۆ بکرێ، بە تایبەتی لە شتی خیلافیدا، هەمووشمان ئەزانین کە بە مەرجگرتنی قووت لەم سەردەمەدا جۆرێک لە تەسککردنەوەو حەرەجی بۆ زۆرێک موسڵمانان تێدایە.
5ــ لە کوردستاندا لێژنەی فتوا هەیەو هەموو ساڵێک - بە پشت بەستن بە فتوای صەحابەو تابعین و زانایانی پێشین - فتوایان داوە کە سەرفیترە بە پارەش دەدرێت۰ ئەو بەرێزانە كەسانى زاناو خوێندەواریان تێدایە، هەق وایە ڕێز لە فتواکەیان بگیرێ، كه فتواکەشیان فتوای چەندین صەحابەو تابعی و زانای بەڕێزی مەزهەبە گەورەكانە، کە لە پێشدا ناوى هەندێکیانمان برد.
6ــ دەركردنی زەكاتی سەرفیترە بۆ هەر سەرێكی موسڵمانی زیندوو، نێر، یان مێ، گەورە، یان بچوك واجیبە، لەسەر كەسی موعیل، ئەگەر شتێكی زیاتر لە پێویستیی خۆراكی خۆی و خێزانەكەی هەبوو.
7ـ سەبارەت بە كاتی بەخشینی سەرفیترەش ڕای جۆراوجۆر هەیە، سوننەتەكەی پێش نوێژی جەژنە، بەڵام لە ڕۆژانی كۆتایی مانگی ڕەمەزانیش دەبێت، بە تایبەتی ڕۆژێك یان دوو ڕؤژ پێش جەژن، بۆ ئەوەی جێیەك بگرێت بۆڕۆژی جەژن.
8 ــ سەبارەت بە موستەحەققەكانیش كە سەرفیترەیان پێ ببەخشرێت، هەمان ئەو هەشت گروپەن كە زەكاتی ئاساییان پێ دەشێت، بە تایبەتی و بە پلەی یەكەم هەژارانی نیازمەند، بە تایبەتی تر كەسانی زۆر نزیكی كەسە زەكات بەخشەكە.
9ـ سەبارەت بە چۆنییەتى بەخشینى سەرفیترەش، لە شەوى پازدەى ڕەمەزاندا پێشنیارێکمان دا، کە کورتەکەى ئەمە بوو:    "چاکتر وایە هەر بنەماڵەیەک صندوقێک دابنێن بۆ کۆکردنەوەی سەرفیترەی هەموو خێزانەکانیان، تاکو بڕێکی گونجاوی لێ پێکبێت و هەمووی بەسەریەکەوە ببەخشرێ و کەلێنی نەداریی ماڵە هەژارێک پڕ بکاتەوە. چونکە بەخشینی پیتکە پیتکەو هەرکەس بۆ خۆی بە جیا، جێیەکی ئەوتۆ ناگرێت".



بابەتی زیاتر...

 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
            :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر