دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

وتاروتوێژینەوە

زنجیرەی مێژووی ڕێکخراوە کوردییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست ئەڵقەی (٤) جڤاتا ھێڤی تەلەبەیێ کوردان، (١٩١٠ز) جەمعییەتی ھێڤی قوتابیانی کورد

8/20/2023 10:50:20 PM   |   428 بینراو
زنجیرەی مێژووی ڕێکخراوە کوردییەکانی 
نیوەی یەکەمی سەدەی بیست 
ئەڵقەی (٤)
جڤاتا ھێڤی تەلەبەیێ کوردان، (١٩١٠ز) 
جەمعییەتی ھێڤی قوتابیانی کورد
   ن: د. عومەرعەبدولعەزیز
   بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکان، ساڵی (١٩١٠ز) ڕێکخراوی خوێندکاریی (جڤاتا ھێڤی تەلەبەیێ کوردان) بۆ بڵاوکردنەوەی زانستء زانیارییء پشتیوانیی قوتابیانی کورد، لە شاری ئەستەمبوڵ دامەزراو ژمارەیەک لە قوتابیانی عەللامە سەعید نورسی ڕۆڵی سەرەکییان ھەبوو لە دامەزراندنیدا، لەوانە: بە پلەی یەکەم خەلیل خەیالی، ھەروەھا حەمزە موکسی، محەممەد میھری (ھەورامانی)، کۆڕی مەلا مەحمودی عەللامە مەلا عبد اللە ی دشەیی، ئەحمەد ڕامیز، ئەمانە لەگەڵ کەسانێکی تری وەکو قەدری جەمیل پاشا، فوئاد تەمۆ، شوکری سەگبان، بەردەوام لە ھەوڵدا بوون بۆ ھاندانی قوتابیانی کورد، بە تایبەتی خەلیل خەیالی بەگ، خوێندکارانی ھانداوە بۆ ئەوەی (ھێڤی) دابمەزرێنن... ئەم کەسانە ڕۆژانێکی زۆر بۆ نووسینی پێڕەوی کۆمەڵەکە لە مزگەوتی مەکتەبدا کۆدەبوونەوە، ساڵی (١٩١٢ز) بەشێوەی ڕەسمیی مۆڵەتیان لە حکومەت وەرگرتء دامەزراندنی (ھێڤی)یان ڕادەگەیەنن. جێی باسکردنە کە لە ژمارە (٤)و(٥)ی  گۆڤاری (ھەتاوی کورد)ی ساڵی (١٩١٤ز)و ژمارە (٢١)ی (ژین)ی ھەمان ساڵدا، ناوی کۆمەڵەکە بە ناوی (ھێڤی فەقیھێ کوردان) ھاتووە.
     پێویستە لێرەدا ڕۆڵی دڵسۆزانەی (خەلیل خەیالی) بنرخێنین، لە خزمەتکردنی قوتابیء خوێندکارانی کورددا. خەلیل - کە قوتابییەکی پەروەردەبووی مامۆستا سەعید نورسی بووە- بە چەندین وتاری حەماسیء گەرم، ھانی لاوانی دەدا کە بخوێنن. ھەروەک لە چەندین وتاریدا کە پێش نزیکەی سەد ساڵ نووسیونیء بڵاوکراونەتەوە، ڕەخنە لە زاناو مەلاو خوێندەوارانی کورد دەگرێت، کە بە عەرەبی و فارسیء تورکی دەنووسنء خۆیان فێری زمانی کوردیی ناکەن، بۆیە لەم لایەنەوە چەند پەرەگرافێکی دەگوێزینەوە کە زۆر بە بایەخە. لە وتارێکیدا کە ساڵی (١٩١٣ز) بڵاوی کردووەتەوە، لە دە خاڵدا پێداویستییە زانستییء ڕوناکبیرییەکانی کورد ڕیزبەندیی دەکات، کە لەم تەوەرانەدا کۆ دەبنەوە:
- سیستمێک بۆ پیتی کوردییء ئەلفء بێ.
- فەرھەنگێک بۆ فێربوونی زمانی کوردییء نووسینء خوێندنی ڕێزمانی کوردیی.
- مێژووی باوباپیرانء ژیاننامەی ناودارانء شاعیرانی کورد.
- کتێبێک کە یاساو ڕێساکانی دینی ئیسلامی تێدا بنووسرێت.
- نووسینی ناوی خێڵە کوردەکانء گرتنی ئاماری ژمارەی نفوسەکانیانء نووسینی نەریتء ڕەفتاری کوردو ناوچەکانیان.
- کتێبێک بۆ زانستیی بیرکاریی..
   لە کۆتایی ئەو وتارەیدا، خەلیل ڕوو بە خوێندەوارو مەلایانی کورد نووسیویەتی: "پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە ھەرچی کتێبی کوردیتان ھەیە بینێرنء بەیتء بالۆرە بێژەکانیش ھەموو چیرۆکء قسەکانیان بنووسنەوەو بیاننێرنء مەلاو فەقێکانیش درێغی لە ئاشکراکردنی ئەو شتانەی کە دەیانزانن نەکەن... برایینە! تکاتان لێ دەکەم کە سەبارەت بە خزمەتکردنی کوردایەتییء موسڵمانێتیی کەمتەرخەم نەبن، دەتوانن ھەموو شتەکانتان بۆ (جڤاتا ھێڤی) بنێرن." 
   جێی سەرنجە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی (ھێڤی)دا- کە ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیریی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی بوو- کوردانی خەمخۆرو ڕوناکبیری زۆربەی بەشەکانی کوردستان، بەشدار بوون، بۆ نمونە: لە باشوری کوردستانەوە ناوی عەبدولعەزیزی بابانیء عەبدولکەریمی سلێمانەیی، لە خۆرھەڵاتیشەوە ناوی محممەدی میھریی ھەورامی، مستەفا شەوقی مەھابادی، ھاتووە، جگە لە بەشدارانی باکوری کوردستان، کە پاش ماوەیەک بە ێەدان کەس پەیوەندییان پێوە کردووە.  ڕێکخراوەکە سەرەتا ناوی (جڤاتا ھێڤی فەقیھێ کوردان) بوو، دواتر پێیان وتووە: (جڤاتا ھێڤی قوتابییانین کورد).
   لەم ڕێکخراوە مێژووییەدا ڕۆڵی کەسایەتییە ئیسلامییەکان سەرەکییء بنەڕەتیی بووە، چونکە (خەلیل خەیالی)- قوتابی سەعید نورسی-جگە لەوە کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بوو، ژمێریارو سەرپەرشتیاری ڕێکخراوەکەش بوو، ھەر بۆ خۆیشی بنەماکانی ڕێکخراوەکەو پێڕەوەکەی نووسی، کە لە بەشێک لە مادەکانیدا ھاتووە:
" ا- بە یەکدیناساندنی قوتابیانی کوردو دروستبوونی پەیوەندیی برایانە لە نێوانیاندا.
ب - ھەوڵدان بۆ چاککردنی زمانء ئەدەبیاتی کورد. 
ج - تێکۆشان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییء کۆمەڵایەتیی کوردان"
   شایانی باسە سەعیدی نورسی لە کتێبێکیدا ستایشێکی زۆری ئەم قوتابییەی خۆی دەکات، کە ڕەسوڵ ھاوار لێی نەقڵ دەکات، نورسی دەڵێت: "خەلیل خەیالی ئەو کەسەیە بناغەی پیتەکانی ئەبجەدی کوردیی داھێناو بناغەی زمانی کوردیی دانا. ئەو کوردە نیشتیمانپەروەرە وەک ئەستێرەیەکی گەشەداری ئاسمانی کوردستان وایە. خەلیل داھێنەری بناغەی چۆنیەتی گۆڕینی زمانەکەمانە." مەبەستی سەعید نورسی لەو بەرھەمە، ئەو کتێبەی خەلیل خەیالییە کە لەسەر شێوەنووسینی کوردیی بەناوی (ئەلفبای کرمانجی) لە ساڵی (١٩٠٧ز) نوسیویەتیء لە ئەستەمبوڵ چاپکراوە، کە بە یەکەمینء دەسپێکی دەستپێشخەریی ڕوناکبیرێکی کورد دادەنرێت لە نووسینی ئەو بابەتەدا.
   لە کۆتاییدا مامۆستا نورسی دەڵێت: "داوا لە ھاووڵاتیان دەکەم ڕێبازی ئەو بگرنە بەرو بیرو بۆچونەکانی بکەن بەبناغەی سەرەتای وانەکانمان." 
   پاش ئەو نەقڵە لە نورسی، ڕەسوڵ ھاوار دەڵێت: "ئای چەند گرنگەو جێی دڵخۆشکردنە! لەناو کوردا مامۆستایەکی بەرزی ئەو سەردەمەی وەکو بدیع الزمان، ئا بەو جۆرە ڕێزی لە قوتابییەکی خۆی گرتووەو بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵکو داوای لە ھاووڵاتیانی کوردیش کردووە کە پێڕەوێتی ئەو بکەن، کە لام وایە لە ناو کوردا کەمجار مامۆستای وا بەرزو پاک ھەڵدەکەوێ بەرامبەر بە قوتابییەکی خۆی." 
   جگە لە خەلیل خەیالی، کەسانێکی تری وەک: قەدری جەمیل پاشا (زنار سلوپی)، ئەکرەم بەگی جەمیل پاشا، مەمدوحی سەلیم بەگ، فوئاد تەمۆ، لە دامەزراندنی کۆمەڵەی (ھیڤی)دا بەشدار بوون.
   لە ڕووی پەیوەندییەکانەوە: کۆمەڵە پەیوەندییەکی بەتینی لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییە عەرەبییەکاندا ھەبووە، کە سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییان دەکرد لە ویلایەتە عەرەبییەکاندا. 
   لە ڕووی چالاکیی ڕۆژنامەگەریشەوە: لە حوزەیرانی (١٩١١ز) گۆڤاری (ڕۆژی کورد)یان وەک ئۆرگانی (ھێڤی) بڵاو کردەوە، کە لەسەری نوسرابوو: "ئاینی، سیاسی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی یە" عەبدولکەریم کوڕی حاجی عەوڵا (عبد اللە)ی حەمە شارباژێڕیی (١٨٨٠-١٩٢٩ز)، خاوەنی ئیمتیازو بەڕێوەبەری نووسینی بووە، وەک لەسەر بەرگەکانی دیارە. ئەم عەبدولکەریمە لە یەکەم ژمارەیدا وتارێک بە شێوەزاری سۆرانی بڵاو دەکاتەوەو تیایدا دڵسۆزیی خۆی بۆ ئاینء نەتەوەکەی دووپات دەکاتەوەو باسی پێویستی خوێندەوارییء زۆر بابەتی دی دەکاتء لە بەشێکیدا دەقاودەق دەڵێت: "حەیفە برای دینیمان نەزانن مەعنای حکومەت چیە؟ مەجلیسی مەبعوسان (ئەنجومەنی نوێنەران) وەزیفەی چیە؟ دەوڵەت چیە؟ فائیدەی تەئریخء جوگرافیا چیە؟ بۆچی دەبێت ئینسان لە عیلمی حقوقء ئیقتیێاد شارەزا بێتء سەمەری چیە؟ قانون چیە؟ بە عەمەلی چی دێت؟ عیلمی زەراعەت بۆچی چاکە؟ ئەمانە یەک یەک خەزنەیە، کیمیایە.. ئیمڕۆ پیاوێک کە موتتەلیع بێت بەسەر ئەمانە، تەئمینی ئیدارەی خۆی دەکا، فیکری ئیسلام مونەووەر دەبێت... موتەمەددین دەبێت ... تەوسیعی دینی ئیسلام دەکا، ئیرشادی جاھیلێ دەکا، لەناو تاریکی جەھلدا کەسء برای دینی دەر دەکا." 
   لە بەیاننامەی سەرکردایەتی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە ئۆرگانی ڕەسمیی (واتە گۆڤاری ھەتاوی کورد)دا بڵاو کراوەتەوە، ھۆکارو پاڵنەری دامەزراندنی کۆمەڵەکە بەم جۆرە باسکراوە: "دینە ئاشکراو ڕوونەکەمان فەرمانی ئەوە دەدات بە موسوڵمانان کە بەدوای فێربوونء پێشکەوتندا بڕۆین. جەنابی حەق لە قورئانی پیرۆزدا فێربوونی زانست دەکاتە فەرزێکی ئاینیی بەسەر موسوڵماناندا. ئێمە ئەگەر بمانەوێ ملکەچی خودای گەورە بین ناچارین فێری زانستء ھونەر ببینء خۆمان پێشبخەین.. جەنابی حەق ھەموو جۆرە زیرەکییء تێگەیشتووییء لێھاتووییەکی بە کورد بەخشیوە، بۆیە دەتوانین لە ماوەیەکی کورتدا خۆمان پێشبخەین... پێویستە ھەموو گەورەو بچووک، دەوڵەمەندو ھەژارێکی کورد، بزانێت کە قەرزاری ئاینء نەتەوەکەیەتیء ھەوڵی بەجێھێنانی ئەرکەکانی خۆی بدات... باشترینء بەسوودترین ڕێگای کارکردن یەکگرتنە. ھەموو ئەو نەتەوانەی کە تازە ووشیاربوونەتەوە، سەرەتا کۆمەڵەو ڕێکخراویان دامەزراند، دوای ئەوەش گەیشتنە ئامانجەکانی خۆیان.."
   پاشان ھۆکارە پاڵنەرەکانی دامەزراندنی ڕێکخراوی (ھێڤی)و بەشێک لە ئامانجەکانی، بەمجۆرە دەخاتە ڕوو: "ئێمەی گەنجانی کورد لە ئەستەمبوڵدا، ھەوڵی فێربونی زانستء ھونەر دەدەین. بۆ بەجێھێنانی ئەرکە ئاینیء نەتەوەییەکانمان، جڤاتی (ھێڤی)مان دامەزراند ... بە کورتیی ئامانجی کۆمەڵەکەمان خزمەتکردنی دینء دەوڵەتء کوردایەتییە، کە ستونێکی پتەوی ئیسلامەتییە."
   ڕەنگە ئەم ھیممەتء غیرەتء جوامێرییە وای کردبێت کە کەسێک بەناوی (کوردێ بتلیسی) دەرھەق بە ڕێکخراوی (ھێڤی)و سەرکردەکانی بڵێت: "(ھێڤی) بناغەی دەزگا نەتەوەییەکانە، سەرکردەکانی (ھێڤی)ش موجاھیدن."
   لە بەیاننامەیەکی تری (ھێڤی)دا ڕوو بە سەرکردەو زانایانی کورد، لاوانی بنیاتنەری (ھێڤی) وتوویانە: "ئەمڕۆ ھیچ ئەرکێکی زانایانء گەورەکانی کورد بە ئەندازەی ئەرکە دینییء نەتەوەییەکانیان گرنگ نیە، چارەنوسی پێکھاتەیەکی گەورەی دنیای ئیسلام لە دەستی ئێوەدایە.. پێشخستنی ڕۆشنگەریی لەنێو ئەم پێکھاتەیەدا زیاتر لە ھەموو کەسێک ئەرکی ئێوەیە... ئافەرێنەری گەردوون دەفەرموێت: (ئایا زانایانء نەزانان وەک یەک وان؟).. جەنابی حەق بەرپرسیارییء گوناحی کردەوەی ھەرکەس دەخاتە ئەستۆی خۆی، لەبەرئەوەش پێویستە ھەرکەس ئەرکی دینیء نەتەوەیی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات."
   لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا وتوویانە: "ئەی گەورە بەڕێزەکانمان! کام لەئێوە دەتوانێت لە ئاست ئەم ئامانجانەو نیازپاکیی لاوانء پێداویستییەکانی نەتەوەدا کەمتەرخەمء بێھەست بێت؟! لەبەر ئەمە وەکو دوا قسە دەڵێین: ئەگەر دەتانەوێ ئەرکەکانی خۆتان لە بەرامبەر ژیانی کوردایەتییء تیشکە پرشنگدارەکەی جێبەجێ بکەن، ئەوا مەیدانێکی فراوانی خزمەتتان لەبەردەمدایەو جەمعییەتی (ھێڤی)ش بۆ ئەوە دامەزراوە. ئیتر پێویستە ئاگادار بن لەوەی کە ڕزگاریی کوردو ئیسلامەتیی پەیوەندیی بە تێگەیشتنی دینییء نیشتیمانپەروەریی ئێوەوە ھەیە."
   ھەروەھا ئیسماعیل حەقی بابان زادە (١٨٧٦-١٩١٣ز)، یەکێک لە نووسەرە بەرچاوەکانی (ڕۆژی کورد) لە وتارێکیدا، کە بە تورکی لە ژێر سەردێڕی (ئیسلامەتییء کوردایەتیی) نووسیویەتی، لە ژمارە(٢)ی گۆڤاری ناوبراودا دەڵێت: "بە پێی مێژووی کۆنء نوێ، نەتەوەی کورد یەکێک لە گرنگترین گۆشە پێکھێنەرەکانی خێزانە گەورەکەی ئیسلام بووە، لە ڕاستیدا کورد بۆ ئیسلامەتیی، ناودارترین سەرکردەو میرو زاناو شاعیری پێگەیاندووە، واتە ھەم دەستء مێشکی، ھەم شیرو قەڵەمی، بۆ بەرزیی ئیسلام تەرخان کردووە، بەڵام لەو سەدانەی دواییدا لەلایەن نەتەوەکانی ترەوە لەبیر کران، خزمەتی کورد بۆ ئیسلام تاقانەیەو لە دیندارییء پابەندییان بەم ئاینەوە بێھاوتان، ئەو دڵسۆزییء خواپەرستییء تەقوایەی ئەوان بۆ ئیسلام کردوویانە، پێویستە بە ئەندازەی ئەو ڕەنجء ھەوڵەیان، پارێزگاریی لێوە بکرێت."
   لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دەڵێت: "لەم سەردەمەدا خزمەتی ھەر ئاینێک بە شێوە کۆنەکان ناکرێ، بەھێزبوونی ھەر میللەتێکیش کە بەشێک بێت لە ئیسلام، بەھێزبوونی ئیسلامەتییە."
   پاشان لەسەر ئەو بنەمایە ئاماژە دەکات بە گرنگیی زمانء جەخت دەکاتەوە کە دەبێت گرنگیی بە زمانء فەرھەنگء کلتوری کوردیی بدرێت، چونکە بە بایەخدان بە زمانی نەتەوە جیاجیاکان، ھەم نەتەوەکان سوودمەند دەبن، ھەم ئوممەتە گەورەکەی ئیسلام قازانج دەکات. دەڵێت: "نووسین بە زمانی ھەر نەتەوەیەک ھێمای نەتەوایەتییە، ھەر نەتەوەیەکیش زمانی خۆی بەکارنەھێنێ، بیری ئاینیشی ناکرێتەوە."
   لە کۆتا بڕگەدا دەڵێت: "بەرنامەو پرۆگرام بەمجۆرەیە: یەکەم ئیسلام، پاشان کورد. بەمجۆرە دەبێت ئیسلامەتیی خزمەتی کوردبوون بکات، ھەستی ئاینیش لەناو کوردا بەھێز دەبێتء خزمەتی ئیسلامەتییء کوردایەتی دەکات."
   ناوبراو (ئیسماعیل حەقی بابان زادە) لە وتارێکی تریدا بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو گومانانەی کە ھەندێک لە ڕەگەزپەرستە تورکەکان دژی کورد دەیانوروژاند -کە گوایە ئەگەر کورد داوای مافی خۆی بکات ئەوە ڕەگەزپەرستیی کردووە- دەڵێت: "شانازیی بەکوردبوونی خۆمەوە دەکەم. ئەم گەلە بەر لەھەموو شتێک گەلێکی موسوڵمانە، پاکە، پایەدارترینء گرنگترین دەستەی دونیای ئیسلامەتییء عوسمانیشە.. لە پلەی سێیەمیشدا کوردە، بەو پێیە وەکو بەشێکی سەرەکیی دونیای پڕشکۆو بێداریی ئیسلامەتییء پێکھاتەیەکی گرنگی دەستەی پڕ ھەیبەتی عوسمانیی کەڵکێکی زۆری ھەیە... لەو کاتەوە کە کورد لەناو بازنەی ڕزگاریی ئیسلامیدا جێگەی خۆی گرتووە، یانی لە قۆناغە سەرەتاکانی ئیسلامەوە تا ئێستا، ھیچ کاتێک بەرامبەر بەم دینە پیرۆزە، ڕانەپەڕیوەو دژایەتی نەکردووەو نایکات."
   بەمجۆرە ھەر موزایەدەکردنێکیان لە موسڵمانێتیدا بەسەر کورداو ھەر خۆبردنەپێشێکیان لەسەر حیسابی کورد، ڕەد کردۆتەوە.
   ئەمە نمونەیەکە لە وتارەکانی (ڕۆژی کورد)و بیروبۆچونی بەڕێوەبەرو نووسەرانی، کە بەداخەوە نووسەرانء دامەزراوەو دەزگا ڕوناکبیرییەکانمان بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەداون. دواتر کە تورکەکان گۆڤارەکەیان داخست، لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا ناوی (ڕۆژی کورد)یان گۆڕی بۆ (ھەتاوی کورد)، پاشان کردیان بە (ژین) کە خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەکەی عەبدولکریم ڕۆستەمی سلێمانەیی بوو. شایانی باسە (ژین) لە ساڵانی (١٩١٨-١٩١٩ز)، لە شاری ئەستەمبوڵ درێژەی ھەبوو، بە زمانی کوردییء تورکیی شیعرو بابەتی بڵاودەکردەوە، (٢٥) ژمارەی لێ دەرچوو. سەرەتا ئەشرەف حەمزە، پاشان مەمدوح سەلیم  بەرپرسی بوون.
سەرچاوەکان:
١- جڤاتا ھێڤی تەلەبەیێ کوردان، مالمیسانژ، وەرگێڕانی: زریان ڕۆژھەڵاتی، بنکەی ژین.
٢- ڕۆژی کورد، ئامادەکردنی عبد اللە زەنگەنە، بنکەی ژین، سلێمانی.
٣- جەمعییەتی تەعالیی کوردستان، ئیسماعیل گوێڵداش، وەرگێڕانی زریان ڕۆژھەڵاتی.
٤ - في سبیل کردستان، نزار سلوبی.
٥- شۆڕشەکانی کورد، جەلیلی جەلیل، وەرگێڕانی: بەھادین جەلال.
٦- ژمارەکانی (٤) و (٥) ی گۆڤاری (ھەتاوی کورد).
٧- مێژووی کوردو باکوری کوردستان، محەممەد ڕەسوڵ ھاوار.
٨- ئیکی مکتب شھادەتنامەسی، (تورکی)، سەعید نورسی. 



بابەتی زیاتر...

12
 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
         :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر