ڕێ و ڕەسمی پێشوازیمان لە پرۆفیسۆر د. عارف قەرەداغى.
7/30/2024 5:07:54 PM
|
327 بینراو
ئەمڕۆ (٣٠/٧/٢٠٢٤ز) لە فڕۆکەخانی سلێمانی، بە ئامادەبوونی دەیان زاناو مامۆستای زانکۆو قوتابیانی مامۆستا، لە مەراسیمێکی بەشکۆدا، پێشوازیمان کرد لە زاناو بانگخوازو مامۆستای گەورە، بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر عارف قەرەداغى، کە پاش (٣٢) ساڵ لە غوربەت و خزمەت بە قوتابییان و زانست، لە وڵاتی مالیزیاوە، گەڕایەوە کوردستان.
شایانی باسە بەڕێز مامۆستا عارف قەرەداغی لەدایکبووی ساڵی (١٩٤٤ز)و سێ دەیەیە لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام لە دەرەوەش لەبیری خزمەت بە قوتابیانی کوردستان و تەواوی زانستخوازانی بەردەستیدا بووە.
ناوبراو ستوونێکی بنەڕەتیی زانکۆی ئیسلامیی کوالالامپور بوو، ماوەی سی و دوو ساڵ خزمەتی زانستیی هەیە. مامۆستا بۆ قوتابییانی کورد جێ داڵدەو باوک و مامۆستاو پەروەرشیار بوو. لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی (٣٥٠) تێزی ماستەرو دکتۆرای کردووە و بەردەوام یارمەتیی قوتابییانی کوردی داوە.
بەندە دوو جار لە مالیزیا سەردانم کردووەو لە نزیکەوە چاوم بە خزمەتەکانی بە قوتابیان کەوتووە، هەموویان بە باوکە گەورەو پەروەرشیارو خەمدەرکەری خۆیانیان دەزانی.
حەفتەی پێشوو زانکۆی کوالالامپور ڕێ و ڕەسمێکی رێزلێنانیان بۆ کردو ماڵئاواییان لە خزمەتە زانستییەکانی کردو ئەمڕۆ بە شاری سلێمانی شادبوویەوە.
شایانی باسە لە ڕێ و ڕەسمی پێشوازیی ئەمڕۆدا بەڕێز د.هەڤاڵ پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەکی کورتدا بە ناوی هەموو ئامادەبووانەوە بەخێرهاتنەوەی مامۆستای کردو مامۆستاش سوپاسی ئامادەبووانی کرد.