كۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو.
7/1/2024 1:18:30 PM
|
236 بینراو
ئەمڕۆ یەك شەممە، (30/6/2024) ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرپەرشتی بەرێز مامۆستا صلاح الدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەرێز ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەر دۆخی گشتیی هەرێم و عێراق و ناوچەكەو جیهان و شیکارییەکی وردی بۆ گۆرانكارییەكان كرد .
ئەنجومەنی جێبەجێكردن پێشوازی كرد لە دیاریکردنی كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بەرواری (20/10/2024) و هەڵبژاردنی بە تاكە رێگا زانی بۆ شەرعیەت دانەوە بە دەزگا نیشتیمانییەکان و گۆڕانکاریی ئەرێنی.. هەر لەو بارەیەوە بەرپرسی لێژنەكانی هەڵبژاردن لە هەر چوار بازنەكانی (هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە) راپۆرتی كارو چالاكییەكانیان خوێندەوە. لەو بارەوە بڕیارو راسپاردەی پێویست وەرگیرا، به مەبەستی بەشدارییەكی گەرموگوڕی هەڵبژاردن و تۆماركردنی سەركەوتنێكی بەرچاو.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی جێبەجێكردن جەختی كردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، بە چاودێری و بەشداری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان .
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی جێبەجێكردن پرسی مووچەو خزمەتگوزاری هاوڵاتیانیان تاوتوێكرد و جەختیان كردەوە لەسەر دابینكردنی مووچەی هاوڵاتیانی كوردستان لە كاتی خۆیدا، ئەویش بە پابەندبوونی هەردوو لایەنی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نیشتمانیكردنی مووچەو مسۆگەركردن و یەكسانكردنی مووچەی فەرمانبەران بەتایبەت خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی .
له كۆتاییدا ئەنجومەنی جێبەجێكردن سوپاس و دەستخۆشی سەرجەم ئەنجومەنەكان و دامەزراوەو مەڵبەندو دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوە خێرخوازیی و دەعەویێەكانیان كرد كە لە ماوەی رابردوودا كارو چالاكیی گەورەو جوان و جیاوازیان ئەنجام داوە.
ئەنجومەنی جێبەجێکردن هیواخوازە جەماوەری هەرێمی کوردستان به گوڕو تینەوە بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و بە دەنگەکانیان تەمبێی گەندەڵکاران و پاوانخوازان و قۆرخکاران بکەن و کەشێکی نوێی سیاسی بۆ حوکمڕانیی لە هەرێمدا بێننە کایەوە.