دەربارەی ئێمە      /      حول      /      دربارە ما      /      About Us     
عربي    |     فارسی         
×

سەرەتا      .      چالاکی      .      تەفسیر      .      فەرموودە      .      وتاروتوێژینەوە      .      چاوپێکەوتن      .      دەستنووس      .      ڤیدیۆ      .      گەلەری      .      کتێب و بڵاوکراوەکان      .      دەنگ      .      ئەرشیفی پەرلەمان     

چالاکی

كۆبوونەوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو

6/6/2024 3:00:50 PM   |   268 بینراو
بسم الله الرحمن الرحيم
بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

   ڕۆژی چوار شەممە بەرواری  ( 5/6/2024) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە هۆڵی مامۆستا (شەمال موفتی)بە سەرۆكایەتی بەڕێز د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئامادەبوونی بەڕێزان مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و د. محمد ئەحمەد سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری حیزب، گرێ دا.

سەرەتا بەڕێز مامۆستاصلاح الدين محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە وتارێكدا تیشكی خستە سەر بارودۆخە گشتیەكەو دیدو تێروانینی پێویستی لەو بارەیەوە خستە ڕوو..

 پاشان ئەندامانی سەركردایەتی لە چەند دانیشتنێكی یەك لە دوای یەكدا تەوەرەكانی كارنامەی كۆبوونەوەكەیان خستە بەرباس و تاوتوێكردن و گفتوگۆی تێرو تەسەلیان لە بارەوە ئەنجامدا، بە مەبەستی دەستنیشانكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتیە هەنووكەییەكان و گەیشتن بە بڕیارو راسپاردەی پێویست، بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم/ سەبارەت بە پرسی مووچەو كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا،  سەركردایەتی جەخت دەكاتەوە كە پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەستوبرد بكەن لە تەواوكردنی كێشەی بە بانكیكردن و بە ئەنجامگەیاندنی پێداویستيیەكانی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشانى هەرێمی كوردستان بە گشتی لە چوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدرالی داو داوایكرد كێشەو بەربەستەكانی بەردەم دابەشكردنی موچەی هێزە ئەمنیەكان چارەسەر بكەن.. لەو بارەیەوە سەركرادیەتی ڕۆڵی تیمی پارێزەران و فراكسیۆنی یەكگرتووی لە بەغدا بەرز نرخاند د، كە توانیان بە شێوەیەكی یاسایی و پڕۆفیشنالانە كەیسی مووچە لە دادگای باڵای فیدرالی لە بەرژەوەنديی مووچەخۆرانی هەرێم یەكلا بكەنەوە.

دووەم/ سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەی سەركردایەتی بە پێویستی دەزانێت هەرچی زووترە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت بەو شێوەیەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە، هەروەك پێویستە زەمینەسازی بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن و دوور لە دەستێوەردان و ساختەكاری بە سەرپەرشتی یۆنامی و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی ئەو بوارە.. هەر لەو بارەوە كۆبوونەوەی سەركرادیەتی جەختی كردەوە لە سەر ئامادەیی تەواوی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ بەشداریكردنی كارا لەو هەڵبژاردنەدا، لەو پێناوەدا داوا لە سەرجەم دەنگدەرانی گەلەكەمان دەكات كە بەوپەڕی متمانەوە بچنە سەر صندوقەكانی دەنگدان و گۆڕانكاری پێویست لە نەخشەی سیاسی هەرێمدا بكەن و ڕێگا خۆش بكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی لە سیستەمی حوكمڕانیدا بۆ كۆتایی هێنان بە گەندەڵی و ناعەدالی و سیاسەتە چەوتەكانی لایەنەكانی دەسەڵات.

سێیەم/ لە بارەی ڕووداوەكانی ناوچەكە بە گشتی و تاوانەكانی جینۆسایدو كۆمەڵكوژی و وێرانكاری ڕژێمی داگیركەری زایۆنی دژ بە خەڵكی غەززە.. كۆبوونەوەی سەركردایەتی جارێكی تر هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی دووپاتكردەوە بۆ هەموو ئەو نەهامەتی و مەرگەساتەی دووچاری خەڵكی بێ دیفاعی غەززە بۆتەوە، هاوكات نیگەرانی خۆی ڕادەگەیەنێت دژ بەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیيەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست تاوانەكانی جەنگ و جینۆسایدی كە بەرامبەر كەرتی غەززە دەكرێت و پشتیوانیكردنیان بۆ رژێمی داگیركەری مرۆڤكوژ ڕیسوا دەكات..
لەو میانەدا ڕۆڵی قارەمانانەو بەرخۆدانی هێزەكانی موقاوەمەی فەلەستینی بەرز نرخاندو داوایكرد هەرچی زووترە ئاگربەست بكرێت و كۆتایی بە كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی خەڵكی غەززە بهێنرێت.

لە دوایین تەوەری كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئۆرگانەكانی حیزب و رێكخراوە خێرخوازی و دەعەوی و پیشەیی و جەماوەرییەكانی یەكگرتوو كرد كە بەردەوامن لە پێشەشكردنی جوانترین نمونەی كارو چالاكی و خزمەتگوزاری بە چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان..

لە كۆتایی دا لە خوای گەورەو میهرەبان داواكارین حەج و عیبادەتی حاجیانی ماڵی خوا بە گشتی قبوڵ بكات، بە تایبەتی حاجیانی كوردستان بە سەلامەتی و تەندروستیەوە بگەڕێنەوە ناو كەس و كاری خۆیان..
خوای گەورە پشتیوان و ڕێنیشاندەری هەمولایەكمان بێت..
ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
 



بابەتی زیاتر...

 
تەلەفۆن
+964 770 152 0464
+964 750 112 4421
پۆستی ئەلکترۆنی
[email protected]
         :سۆشیال میدیای دکتۆر عومەر